ئا: ئاراس عەبدوڵڵا
وا بڕیارە ئێوارەی ڕۆژی ٣٠/١١/٢٠١٤ کە دەکاتە ڕۆژی یەک شەممە کاتژمێر ٦ی ئێوارە لە هۆڵی "سەعد عەبدوڵڵا" لە شاری هەولێر، ئۆرکسترای کوردستان کۆنسێرتێکی موزیکی سازبکات.
کۆنسێرتەکە لەژێر ناونیشانی "بە موزیک پشتگیری لە پێشمەرگە دەکەین"دایە و ژمارەیەک موزیکی کوردی و جیهانی تێدا پێشکەش دەکرێت.
سەبارەت بەو بەرهەمانەی لەم کۆنسێرتەدا پێشکەشی دەکەن "هەڤاڵ حەممەد" سەرۆکی ئۆرکیسترای کوردستان بۆ سولی ئۆن دوا و وتی: کۆنسێرتەکە لە دوو بەش پێکهاتووە کە موزیکی کوردی و موزیکی موزیسیانە جیهانییەکان لەخۆ دەگرێت و سەرجەمیان بەشێوازی ئۆرکیسترایی ئامادەکراون.
چوار بەرهەمیان موزیکی کوردین کە بریتین لە "پاییز" کاری "سەید ئەحمەد ڕەواندزیی" و "دەسماڵ حەریری" کە "یادی هاشم" کاری بۆ کردووە هەروەها "هەی گوڵ" لەلایەن "فەرهەنگ غەفور"ـەوە ئامادە کراوە و "کوێستان"یش لەلایەن "سروود فوئاد"ـەوە ئامادەکراوە. جگە لە بەرهەمە کوردییەکانیش ٤ بەرهەمی دیکە پێشکەش بە ئامادەبووان دەکەین کە کاری موزیسیانە جیهانییەکان و ئێمە دووبارە پێشکەشی ئامادەبووانی دەکەین.
ئەوەشی وت: ئامانجی ئێمە لەم کۆنسێرتە ئەوەیە کە زیادتر خەڵکانی بیانی و قونسولخانەکانی وڵاتانی دەرەوە بانگهێشت بکەین و پێیان بڵێین لە وڵاتەکەمان ژیان بەردەوامە و موزیک هەیە و هونەر هەیە.
بەپێی وتەی سەرۆکی ئۆرکیسترای کوردستان، بڕیارە هەمان کۆنسێرت لە بەروای ٣/١٢/٢٠١٤ بە بانگهێشتنامەی بالوێزخانەی عیراق لە وڵاتی ڕۆمانیا پێشکەش بکرێت، جگە لەم بەرهەمانەش دوو گۆرانی کوردییش لەوێ پێشکەش دەکرێت.

