سەرکەوتنەکانی گەنجێکی کورد لە بواری مۆدێلدا

30/11/2014    18:02

سەرکەوتنەکانی گەنجێکی کورد لە بواری مۆدێلدا 


Dîzaîn

ئامادەکردنی: راز حسن

قژی درێژو شێواز و ستایلی جیاواز بۆکوڕان و لەبەرکردنی رەنگی جیاواز لە کۆندا و لە ئێستاشدا شتێکە جێگەی توانجی زۆرێک لە خەڵکی کوردستانە، ئەمانەش دەبنە هۆکار بۆ مۆدێلی سەرکەوتو کارۆخ یونس تا رووبکاتە دەرەوەی ووڵات و پەرە بە حەزو ئارەزووەکانی بدات.

 کارۆخ یونس خەڵکی هەولێرە و ماوەی هەشت ساڵە لە دەرەوەی کوردستان دەژی لە بەلجیکا. ئەو وەک مۆدێلێک کار دەکات بۆ ڕیکلام و نمایشی جل و بەرگ لەبارەی فاشنەوە. "خوێندنەکەم وحەزی منداڵیم بۆ ستایل و مۆدێل  زیاتر هۆکار بوون بۆ ئەوی دەست بەو کارە بکەم و دوو ساڵەبەردەوامم."

 ئەو لە چەندین پێشبڕکێدا بەژداری کردووە و سەرکەوتنی بە دەست هێناوە،  لە یەکەم پێشبڕکێیدا لە ئەستەمبوڵ توانیوییەتی پلەی حەوتەم بە دەست بێنێت لەسەر ئاستی جیهان. لە دووەم پێشبڕکێداو لە بولغاریا پلەی باشترینی دراوەتێ لە چۆنیەتی ڕۆشتنیدا هەروەها لە بەلجیکا باشترین فۆتۆمۆدێل بووە.

"خوێندنی (جێنەڕاڵ فاشن) پاشان کردنەوەی دوکانێک کە خۆم ستایلی جلەکانم دادەنا سەرەتایەک بوون بۆ کارەکانم"

کارەکانی کارۆخ لە شوێنە جیا جیاکانی دەرەوەی کوردستان بووە، تەنها کارێکی ڕیکلامی لەگەڵ کۆمپانیای (ئاسیا سێڵ)دا لە کوردستان بووە چونکە ئەو پێی وایە کوردستان دەبێت کار بکات بۆ ئەو.

زۆر پێوانەو شێوازی جیاواز هەیە وەک تایبەت مەندی کەسی مۆدێل لەوانە شێوەی ڕوخسار و پێوانەکانی لەش و شان. کارۆخ دەڵێت "نەبوونی ئەم کارانە لە وڵاتی ئێمەدا بۆشاییەکی گەورەی دروست نەکردووە، بەڵام هەبوونیان نیشانەیەکە بۆ پێشکەوتنی ووڵات، هەوڵدەدەم لە داهاتوودا شوێنێک بکەمەوە بۆ کاری مۆدێل لە کوردستان."

ئەو لە کۆتاییدا دڵخۆشی خۆی دەربڕی بۆکارەکەی و  ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکات کە حەز بە کاری مۆدێل دەکەن و پێیان دەڵێت کە دەست پێبکەن، کۆڵ نەدەن و شتی داهێنەرانە بکەن.













هه‌والی زیاتر

ستایلێکی جیاواز

Dîzaîn

20/04/2016

ستایلێکی جیاواز

zortirîn xwênraw