سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک چەند بینەری هەبووە؟

18/09/2015    23:59

سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک چەند بینەری هەبووە؟ 


Cînema

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک یەکێکە لە چالاکییە گرنگە کلتورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمساڵیش سێیەمین خولی فێستیڤاڵەکە وەک ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بۆ دەکەن بە سەرکەوتوویی کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا سولی ئۆن وێب بەشێوەیەکی بەرفراوان ڕووماڵی فێستیڤاڵەکەی کرد. یەکێک لەو بابەتانەی کە زۆر قسەی لەبارەوە دەکرێت بریتییە لە چەندییەتی ئامادەبوونی بینەر لە هۆلەکانی پێشاندانی فیلم لە رۆژی فێستیڤاڵدا.


ژمارەی بینەرانی فیلمەکانی سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەولەتیی فیلمی دهۆک


بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکەوە دەست سولی ئۆن وێب کەوتووە ژمارەی ئەو بلیتانەی کە بۆ بینینی فیلمەکان لەلایەن بینەرانەوە بڕدراوە لە ڕۆژانی فێستیڤاڵدا، بریتییە لە  پێنج هەزار و پێنج سەد و سی بلیت، ئەمە جگە لە هەردوو ڕۆژی کردنەوەو و کۆتایی هاتنی فێستیڤاڵ، کە نزیکەی دوو هەزار کەس ئامادەی مەراسیمی کردنەوە بوون و لە ڕۆژی کۆتایی فێستیڤاڵیشدا هەزار کەس ئامادەی مەراسیمی کۆتایی فێستیڤاڵ بوون. بەم پێیەش ژمارەی بینەران بە میوانانی فێستیڤاڵ و بینەرانی ئاساییەوە نزیکەی هەشت هەزار و پێنج سەد بینەرە بۆ سەرجەم فیلمەکانی فێستیڤاڵ.


فیلمە کوردییەکان زۆرترین بینەری هەبوو لە فێستیڤاڵ


سەرپەرشتیاری هۆڵەکانی سەینەماکسی مازی مۆڵ کە بەشێکی زۆر لە فیلمەکانی فێستیڤاڵەکەی تێدا نماییشرا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە فیلمە کوردییەکان زۆترین بینەریان هەبووە، لەوبارەیەوە فەرهاد سەعدوڵڵا عەمەر بە ڕۆژنامەی فێستیڤاڵی ڕاگەیاندووە: "لە چەند ڕۆژی فێستیڤالدا بلیتی چەند فیلمێکی کوردی بەر لە نماییشکردن بە دوو ڕۆژ نەدەمان. بۆنمونە فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"ی شەوکەت ئەمین کورکی کە سێ جار نماییش کراوە و لەو باوەڕەدام گەر چەندین جاری دیکەش نماییش بکرێت بەهەمان شێوە پێشوازی لێدەکرێت."


فیلمە بیانییەکان کەمترین بینەریان هەبوو

لەگەڵ بوونی ژمارەیەکی بەرچاو بینەر بۆ فیلمە کوردییەکان، بەڵام بینەری فیلمە بیانییەکان زۆر کەم بوون و ئەو هۆڵانەی کە فیلمی بیانی تێدا نماییش دەکرا ١٠ بۆ ١٥ بینەر ئامادەی بینینی فیلمەکە دەبوون، ئەمە لەکاتێکدایە کە فیلمە بیانییەکان فیلمی دەرهێنەری بەناوبانگن و بەشێکیان خەڵاتی نێودەوڵەتیشیان بردووەتەوە، سەبارەت بەم بابەتە لە گفتوگۆیەکی پێشتری سولی ئۆن وێبدا دەرهێنەری بەناوبانگی کورد هیشام زەمان دەربارەی ئەم بابەتە وتی: "شتێک کە من لە فێستیڤاڵ دەیبینم و هەستدەکەم پێویستە ئیشی لەسەر بکرێت، ئەوەیە؛ بینەری کورد تەماشای فیلمی کوردی دەکات، تەماشای فیلمی بیانی ناکات، فیلمە بیانییەکان لێرە کەمێک مەغدور دەبن، چۆن؟ دەچیتە سینەما بۆ فیلمێکی بیانی دەبینی ١٠-١٥ بینەری لێیە، ئەو فیلمە بیانیانەش کە بەشدارن زۆرینەیان دەرهێنەرەکەشی ئامادەبووە، ئەوە بۆ ئەو دەرهێنەرانە بەدڵنیایی شتێکی ناخۆشە کە فیلمەکەی پێشوازی لێ ناکرێت." ئەو سینەماکارەی کورد هیما بۆ ئەوە دەکات کە نابێت وەکو فیلمی بیانی لەو فیلمانە بڕوانرێت، دەبێت فیلمەکان ژێرنووسی کوردییان بۆ بکرێت و ڕیکلامی زیاتریشیان بۆ بکرێت لەلایەن فێستیڤاڵەوە.

هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw