کەمپینی #تورەکەی_ژینگە - شۆڕشی سپی

19/09/2015    15:04

کەمپینی #تورەکەی_ژینگە - شۆڕشی سپی 


Jînge

سولی ئۆن وێب
سازدانی: ئاراس عەبدوڵڵا



#تورەکەی_ژینگە -شۆڕشی سپی هەڵمەتی بەكارهێنانی تورەكەی قوماشی دۆستی ژینگەیە لەدژی عەلاگەی نایلۆن، ئەم چالاکییە بەپێی پلانێكی درێژخایەن بەچەند قۆناغێك بەڕێوەدەچێت و سەرپەرشتی دەكرێت لەلایەن ڕێكخراوی سروشتی كوردستانەوە، قۆناغی یەكەم بریتییە لە: بڵاوكردنەوە و گەیاندنی پەیامی شۆڕشی سپی بە تاكەكانی كۆمەڵگە لەڕێگەی تۆڕە ئەلیكترۆنیەكان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن (بینراو، بیسترا، خوێندراو)، هەروەها بەشێوەی مەیدانیش لەلایەن تیمە خۆبەخشەكانی ڕێکخراوەکەوە سەردانی چەندین شار و شارۆچكە کراوە بەمەبەستی دابەشكردنی تورەكەی دۆستی ژینگە و گەیاندنی پەیامی ئەم کەمپینە. هاوكات سەرۆکی ڕێکخراوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لەڕێگەی پەیوەندییەكانی ڕێكخراوەكەمانەوە كارمان لەسەر هاندانی ژینگەپارێزان و ڕێكخراوەكانی ژینگە كردووە، كە كاربكەن بۆ سەرخشتنی قۆناغی یەكەمی شۆرشەكە، لەلایەن زۆر ڕێكخراو و كەسایەتییەوە بەدەمەوە هاتن هەبووە و دەبێت. سەروەر قەرەداخی سەرۆکی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان لەم گفتوگۆیەی سولی ئۆندا دەربارەی ئەم چالاکییە بۆ سولی ئۆن وێب دەدوێت.



بیرۆکەی دروستکردنی ئەم چالاکییە


سەروەر قەرەداخی: دۆستێكی ڕێكخراوەكەمان سەردانی كردنی, كۆمەڵێك شتی لە هۆڵنداوە بۆ هێنابووین لەناو تورەكەی خامدا, تورەكەكە سەرنجی ڕاكێشام, داوام لێ كرد پێمببەخشێت, پێی بەخشیم بۆ ماوەی زیاتر لەساڵێك ئەو تورەكەیەم بەكارهێنا, بەكارهێنانی ئەو تورەیەكە پرسیاری زۆری لای خەڵك جێهێشت, بیرم لەوە كردووە بتوانین كارێك بكەین بۆئەوەی خەڵكی هان بدەین بتوانێت بەكاری بێنێت, دواتر ئەوەبوو كەلەڕێگەی كورتە ڤیدیۆیەكەوە بۆیەكەمجار پەیامێكم بڵاوكردەوە, پلانێكی پێشوەختەشمان دانابوو بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتی بەكارهێنانی تورەكە لەكوردستان و ئەوەبوو دەستمان پێكرد.


ئامانجی کەمپینەکە

سەروەر قەرەداخی: خەڵكی كوردستان ڕۆژانە عەلاگە بەكاردێنن و دواتر فڕێی دەدەنە  ژینگەی ئاو و هەوا و و خاكەوە، بەم كارەش تەندروستی و ژینگەی هاوڵاتیان ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، بۆیە ئێمە ئامانجمانە ئەم مەترسیە نەهێڵین یان كەمی بكەینەوە، لەڕێگەی هاندانی هاوڵاتیانەوە بۆ بەكارهێنانی تورەكەی قوماشی دۆستی ژینگە، و لەڕێگەی حكومەت و كەرتی تایبەتەوە كاردەكەین بۆ دامەزراندنی بنكەی خەیاتی لەپارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا لەپێناو خستنەبازاڕی تورەكە، چونكە تائێستا هیچ شوێنیكی تایبەت بە دروستكردنی تورەكەمان نییە و خەڵكی دەبێت خۆی دروستی بكات.


تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گەێنەرێکی باشی ئەم کەمپەینەن

سەروەر قەرەداخی: هەرچەندە سودمان لە چەندین ڕێگەی تر وەرگرتووە، بەڵام سودێكی زۆر باشمان لە تۆڕە ئەلیكترۆنیەكان وەرگرتووە و پەیامی یەكەم و پەیامی بەردەوامی شۆڕشەكەشمان هەرلەم ڕێگەوەیە بەخەڵكی دەگەیەنین، بەڕێژەیەك بەشێك لەپەیامەكەمان گەیاندووە و كاری زیاتریش دەكەین بۆ گەیاندنی پەیامی شۆڕشی سپی.



دەتوانرێت تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ هۆشیاریی ژینگەیی بەکار بهێنرێت

سەرەوەر قەرەداخی:  ئەمرۆ لە كوردستان كەم خەڵك هەیە، لاپەڕەیەكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فیسبوك نەبێت، كەم خەڵك هەیە بۆ ڕاپەڕاندنی بەشێك لەكارەكانی پشت بە تۆڕی ئەلیكترۆنی نەبەستێت، بۆیە لەو باوەڕەدام لەم ڕێگانەوە پەیامەكان زۆر بەخێرای دەگەیەنرێت. بەڵام مەرج نییە كاریگەری هەبێت.


فیدباکی کەمپینەکە هەتا ئێستا

سەروەر قەرەداخی: هەرچەندە ئیمە خواستی زیاترمان هەیە بەڵام پێشوازییەكی زۆر باش پێشوازی لە پەیامی شۆڕشی سپی كراوە بۆ بەكارهێنانی تورەكەی قوماشی خامی دۆستی ژینگە لەدژی عەلاگەی نایلۆن، هاوكات خەڵكانێك ڕۆژانە وێنەی خۆیان بڵاودەكەنەوە كە تورەكەی دۆستی ژینگەیان لەدژی عەلاگە بەكارهێناوە، بەڵام ئەم پرۆسەیە درێژخایەنەو پێویستی بەكار و ماندوو بوونی زیاترە.


ئەم کەمپینە تا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاوی شار و شارۆچکەکانی کوردستانی گرتووەتەوە و تۆش دەتوانیت بە بەکار هێنانی تورکەی خامی دۆستی ژینگە بەشداری ئەم کەمپینە ژینگەییە بکەن، بۆ ناردنی وێنەکانتان کلیک لەسەر #تورەکەی_ژینگە بکەن.













هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw