ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا قوتابخانەی بالێ و مۆسیقای سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٨دا بە بڕیاری وەزیری ئەوکاتەی پەروەردە "د. دڵشاد عەبدولڕەحمان" دامەزراوە و هەتا ئێستا ئەو قوتابخانەیە ٤ فێستیڤاڵی تایبەتی خۆی پێشکەش کردووە لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، هونەرمەند "ڕووبار ئەحمەد" وەک بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە هەر لە سەرەتاوە دەست بەکار بووە، بەڵام لە بەرواری ٢٥/١١/٢٠١٤ بە نووسراوی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بڕیاری داخستنی ئەم قوتابخانەیە دراو لەئەنجامدا نارەزاییەکی زۆری لەلای بەشێک لە ڕۆشنبیرانو هونەرمەندان دروستکرد. لەم گفتوگۆ کورتەدا هەوڵدەدەین لەگەڵ هونەرمەند "ڕووبار ئەحمەد" لەبارەی هۆکاری داخستنی قوتابخانەی بالێ و مۆسیقای سلێمانییەوە بدوێین، بەتایبەت دوای ئەوەی کە پەروەردەی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات کە بەنووسراو رووبار ئەحمەد خۆی داوایەکی لەو جۆرەی پێشکەش کردووە. بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدەن کە تۆ داوای داخستنی قوتابخانەی بالێ و مۆسیقای سلێمانیت کردووە، ئایا ئەمە ڕاستە؟ ڕووبار ئەحمەد: من بڵاوکراوەیەکی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەم بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا بڕیاری داخستنی قوتابخانەکەی تێدایە، بێگومان ئەوانیش لە بەرامبەردا وەڵامیان هەیە و نووسراوێکی منیان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا خۆم داوای داخستنی قوتابخانەکەم کردووە، بەڵێ ئەوە ڕاستە و من بۆخۆم داوام کردووە. هۆکاری ئەوە چییە، کە خۆت داوای داخستنی قوتابخانەکەت کردووە؟ ڕووبار ئەحمەد: من داوای نەقڵم کرد، بەڕاستی من ئیتر هیلاک بووم ٢٢ ساڵە خۆم بۆ ئەم بابەتە تەرخان کردووە، تا لە ٢٠٠٨ قوتابخانەکە کرایەوە، ئەوکاتە وەزیری پەروەردە "د.دڵشاد عەبدولڕەحمان" بوو، ئەوکاتە بیرۆکەکە وابوو ئەگەر یەک ژووریش بێت قوتابخانەکە بکەینەوە بۆ ماوەی یەک ساڵ، لەدوای ئەو بینای بۆدابین بکرێت، بەڵام بەداخەوە، ئێستا وا ئەچێت بۆ ٧ ساڵ تا ئێستایش لە ژوورێکداین، قوتابخانەیەکی گەورە ١٢ قۆناغەکەی تێدایە لە ١ی سەرەتایی هەتا ١٢ی ئامادەیی، هەموو بابەتەکان دەخوێنێت لەگەڵ بەشی هونەری بالێ و مۆسیقا. هەر قوتابییەکیش کە لە ١٢ی ئامادەیی دەردەچێت دەبێت لەگەڵ ئەو کۆنمرەیەی کە خۆی دەیهێنێت، دەبێت ئێمە بڕوانامەی دیبڵۆمیان بدەینێ، ئەمە لەناو سیستمی ناوخۆیی قوتابخانەکەدایە. وایشمان دانابوو کە ئەوانەی یەکەم دەبن لەلام بنێردرێنە دەرەوەی وڵات. بەڵام هەتا ئێستاش ئەم خاڵانە جێبەجێ نەکراوە. هەربۆنمونە من دەڵێم ئێستا خوێندکارمان نییە، هۆکاری ئەوەیە کە خوێندکار ماددەکانی دیکەی لە قوتابخانەیەکی دیکە دەخوێنێت. ئەو کێشانە بەزۆری پەیوەندی بە چییەوە هەیە؟ نەبوونی بینای تایبەت بە قوتابخانەی "بالێ و مۆسیقای سلێمانی" گەورەترین کێشەبووە بۆ ئێمە، بەوهۆیەوە قوتابییەکان وانە پەروەردەییەکان لەلای ئێمە وەرناگرن و چوون بۆ قوتابخانەیەکی دیکە ئەو وانانە بخوێنن، کەواتە ئەوان خوێندکاری من نین و من ناتوانم تەنانەت نمرەیشیان بدەمێ، ٧ساڵ فێرخواز لای من دەخوێنێت، ماسولکەی پێگەیشتووە، بەڵام موڵکی من نییە، ئێ مامۆستاش بەمە بێتاقەت دەبێت قوتابی پەروەردە دەکات و موڵکی خۆی نییە، ناتوانێت هەڵیبسەنگێنێت. دیسانەوە لەبەرئەوەی بینامان نییە، هەموو خەرجی قوتابخانەکە لەسەر شانی خۆمانە، کە ئەوەیش زۆر قورسە. هەرەوەها لە یەکەی سەرپەرشتیارییەوە کێشەمان زۆر بۆ دروستدەکرا، هەرڕۆژەی بە بیانویەک. باشە ئەم بیانوانەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەروەردە هۆکارەکەی چییە بەڕای ئێوە؟ من ئەم بابەتە بە هیچ شتێکی دیکەوە نابەستمەوە، ئەوەندە دەزانم کە پەیوەندی بە ناڕۆشنبیریی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەوە هەیە، ئێستا خۆی دەڵێت ئەوە کەی قوتابخانەیە خۆ یەک ژوورە، ئێ بێگومان قوتابخانە نییە لەبەر ئەوەی تۆ بینام نایەیتێ بۆیە. هەموو ئەمانەی کە باست کردن، هۆکاربوون بۆئەوەی کە بە نووسراو داوای داخستنی قوتابخانەکە بکەیت؟ من داوای نەقڵم کرد، وتم ڕەنگە من نەشیاو بم، مانگی نۆ من ئەم داواکارییەم پێشکەش کرد و ویستم بچمە ناو وەزارەتی ڕۆشنبیری بەو هیوایەی لەوێوە بتوانم کارێک بکەم، کە فەرمانی گواستنەوەم هات، پێم وترا کە پێویستە بە نوسراوێک داوای هەڵوەشاندنەوەی قوتابخانەکە بکەیت. لەکاتێکدا بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی دەیتوانی من بگوازێتەوە، بەڵام قوتابخانەکە دانەخات و کەسێکی دیکە بێنێت و بەردەوام بێت، منیش لە داهاتوودا ئەگەر گونجا لە وەزارەتی پەروەردە هەوڵی خۆم دەدەم بۆ دووبارە دروستکردنەوەی قوتابخانەیەکی تایبەت، بەڵام ئەمجارەیان لەسەر وەزارەتی ڕۆشنبیری. ڕووبار ئەحمەد (بەڕێوەبەری قوتابخانەی بالێ و مۆسیقای سلێمانی )