ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا پاش نیوەڕۆی دوێنی ٢٠ی ٩ی ٢٠١٥ سێیەمین فێستیڤاڵی کلتوریی ئامێدی بە دروشمی "کلتور و پێکەوە ژیان لە ناوچەی بادینان" لە قەزای ئامێدی سازکرا. ئەم فێستیڤاڵە ساڵانەیە و بۆ ماوەی سێ ساڵە ڕێکدەخرێت، فێستیڤاڵی ئەمساڵ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری دهۆکەوە بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری ئامێدی و ڕێکخراوی یونیسێف سازکرا. کە تیایدا چەندین چالاکی جۆراوجۆری هونەری نماییش کران. دەربارەی ئەم فێستیڤاڵە ئەیوب ڕەمەزان بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری دهۆک ڕایگەیاند: "ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ ئەوەیە زیاتر ڕوناکی بخەینە سەر لایەنە تاریکەکان و ئەم فێستیڤاڵانە ببنە دەرگایەک بۆئەوەی ساڵانە خەڵک بتوانێت بەرهەمەکانی خۆی تێدا نماییش بکات، لەبەر ئەوە بڕیاردرا ئەم فێستیڤاڵە لە ئامێدی ئەنجام بدرێت." هەر لەو بارەیەوە حسەن عارف بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەریی دهۆک بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "چالاکییەکانی ئەم فێستیڤاڵە لە ژمارەیەک چالاکیی کلتوری پێکهاتبوون کە بریتیبوون لە (نماییشی شانۆیی، کەلەپوری کوردی، پێشانگای هونەری، گۆرانی و موزیک لەگەڵ هونەری منداڵان) هەروەها لەم فێستیڤاڵەدا هەموو قەزاکانی سەر بە پارێزگای دهۆک بە بەرهەمی جۆراوجۆر بەشدارییان کردبوو." \