یەکەمین ماڵپەڕی کوردییە فیلم بە ژێرنووسی کوردی بڵاودەکاتەوە

23/09/2015    11:30

یەکەمین ماڵپەڕی کوردییە فیلم بە ژێرنووسی کوردی بڵاودەکاتەوە 


Cînema

ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا


ماڵپەڕی کوردسینەما یەکەمین ماڵپەڕی تایبەتە بە فیلمی سینەمایی کە ژێرنووسی کوردی بۆ فیلمەکان ئەنجامدەدات لە هەرێمی کوردستان، ئەم ماڵپەڕە لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە دەستی بەکارەکانی کردووە و وەک سەرپەرشتیاری ماڵپەڕەکەش ئاماژەی بۆ دەکات لەماوەیەکی کەمدا توانیویانە سەردانکەرێکی زۆر بۆخۆیان پەیدا بکەن. ئەم ماڵپەڕە توانیویەتی سوودێکی باش بە بینەرانی فیلم بگەیەنێت بەتایبەتی ئەوانەی کە تەنیا زمانی کوردی دەزانن، چونکە ستافی ماڵپەڕەکە بە خۆڕایی تا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو فیلمی سینەماییان کردووە بەژێرنووسی کوردی. جێی ئاماژە بۆکردنە ئەم ماڵپەڕە لەلایەن بڕیاڕ بورهان کە گەنجێکی شاری سلێمانییە دروستکراوە و ئێستا ستافی ماڵپەڕەکە لە کۆمەڵێک گەنجی شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان پێکدێت و سەرجەمیان خۆبەخشانە کارەکانیان ئەنجام دەدەن. 


بڕیار بورهان دامەزرێنەری ماڵپەڕی کوردسینەما بۆ سولی ئۆن وێب دەدوێت و ئاماژە بە چۆنییەتی بنیاتنانی ماڵپەڕەکە دەکات و دەڵێت: "بیرۆکەی  دانانی وێبسایتەکە لەوە هات کە لە ڕۆژانی ئێستاماندا خەڵکانێکی زۆر ئاشنای فلیمه‌ بیانیه‌کانین و به‌ تایبه‌تی ئه‌وانەی که‌ ژێر نووسی کوردی کراون لەڕێگای مۆبایلە هۆشمەندەکانەوە و کۆمپیوتەرەکانیانەوە سەیری فیلمەکان دەکەن، کاتێک ئێمە ئەم وێبسایتەمان  دانا ، هیچ سەرچاوەیەکی کوردی تایبەت بە فیلم لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت نەبوو سەرەتا بە دانانی فیلمەکانی هۆلیود دەستمان پێکرد کە بە کوردی چیرۆک و زانیاری فیلمەکانمان دەنووسی دواتر پەرەمان بە کارەکانماندا و هەستاین بە دانانی  ژێرنوسی کوردی  بۆ فیلمە سینەمایەکان  کە فیلمەکانمان  بەشێوەی تۆرێنت و ئۆنلاین بڵاو دەکەینەوە.

سەبارەت بە ئامانجی ئەوان لە ماڵپەڕەکەیان بەڕێوەبەری سەرەکیی کوردسینەما دەڵێت: "ئێمە لەسەرەتای دانانی کوردسینەما ئامانجمان خزمەتکردن بوو بە هەوادارانی فیلمە سینەمایەکان تاوەکو بینەری کورد بە زمانی  شیرینی کوردی، ئاگاداری نوێترتین هەواڵ و زانیاری فیلمەکان بێت و بینەری فیلمەکان بێت بە ژیرنوسی کوردی تاوەکو بەشێوەیەکی جوان لە ناوەڕۆکی فیلمەکان بگەن

وتیشی: "کارەکانمان بە شێوەی گروپ بەڕێوەدەچێت کە بەچەند هەنگاوێکدا دەڕوات سەرەتا فلیمەکە دەکەینە ژێرنووس و دواتر پێداچونەوەی بۆ دەکرێت و دەست دەکەین بە کارە تەکنیکیەکانی، دواتر ئەپلۆدی دەکەین کە ئەمە ماندوبونێکی زۆری ئەوێت بەڵام ئێمە ئامانجمان خزمەتکردنە بۆیە ماندونابین و بەردەوام دەبین، هەموو ئەوانەش ئیش بۆ کوردسینەما دەکەن خۆبەخشانە کار دەکەن. 

وەرزێر عەبدوڵڵا یەکێکە لە بینەرانی فیلمە سینەماییەکان و ڕۆژانە سەردانی مالپەڕی کوردسینەما دەکات، ئەو سەبارەت بە کورد سینەما دەڵێت: "سایتی کوردسینەما ئەوەندەی بزانم، یەکەم سایتی کوردییە کە گرنگی دەدات بە بڵاوکردنەوەی فیلم و زانیاری و هەروەها ژێرنووس و هەواڵی هونەرمەندەکان. من خۆم وەکو بینەرێکی بەردەوامی کوردسینەما، دەست خۆشیان لێ دەکەم،هیوام بەردەوامییانە. سوودێکی زۆرم لە کوردسینەما بینیوە، ئەوەی لەوێ دەستم کەوتوە، لە سایتەکانی تر نەبووە،هەڵبەتە کوردیش پێویستی بەکەسانی ئاوها هەیە، تا زیاتر هونەری سینەما ئاشنا بکەن بە تاکی کورد."

بەڕێوەبەری کورد سینەما ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەوان لە ئێستادا لەهەوڵی ئەوەدان چالاکییەکانیان زیاتر بکەن و هەوڵدەدەن زنجیرە بیانییەکانیش بکەن بە ژێرنووسی کوردی، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەگەر بێت و لەلایەن شوێنێکەوە سپۆنسەرمان بکرێت دەتوانین چالاکییەکانمان زیاتر بکەن.





هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw