سولی ئۆن وێب-ماڵی سینەما
ماڵی سینەما ڕایدەگەیەنێت دوای ئەوەی لە ڕێگەی بەشی پەخش و بڵاوکردنەوەی ماڵی سینەماوە کورتە فیلمی "ملوانکەی ستیل" لە نووسینی حەمە فەریق حەسەن و دەرهێنانی "زانیار عەزیزی" لە سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سەماوەی نێودەوڵەتی بەشداریکرد، توانی خەڵاتی دووەمین باشترین فیلمی فێستیڤاڵەکە لەلایەن لیژنەی دادوەرانەوە بەدەست بهێنێت.
چیرۆکی ئەم کورتە فیلمە باس لە مەردان دەکات، کە کوردە و خەڵکی خورماتووە، لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دا بەشداری دەکات. دوای تێکشانی ڕاپەڕین لەوێ، ناچار دەبێت بە خێزانەوە ڕووبکاتە ناوچەی پێنجوێن، لەوێ لە کێڵگەیەکی میندا دەست بە هەڵگرتنەوەی مین دەکات. هەروەها پەیکەری ئێسکی سەربازی ئێرانی، کە لە جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا کوژراون دەباتەوە بۆ ئێران، بەو ملوانکەیەوە کە لە ستیل دروستکراوە و ناو و ناونیشانی سەربازە بە مین کوژراوەکەی لەسەر هەڵکۆڵراوە. ئەو لە بەرانبەر ئێسکە پەیکەری هەر سەربازێکدا فەردەیەک ئارد وەردەگرێت و بەوە خۆی و منداڵەکانی بەخێودەکات، دواجار لەو دەمەدا کە ئێسکە پەیکەری سەربازێکی بەکۆڵەوەیە، مینێک لە بن پێیدا دەتەقێت و خۆشی دەبێت بە قوربانی.

