فیلمێکی کوردی لە فێستیڤاڵی ڤێنیسیادا بەشداربوو

23/09/2015    14:20

فیلمێکی کوردی لە فێستیڤاڵی ڤێنیسیادا بەشداربوو 


Cînema

پشتیوان کەمال

فیلمێکی کوردی بە ناوی جیابوونەوە (هاڤیبوون) لە بەشی (فاینال کەت ڤێنیس) بەشداریکرد و توانی خەڵاتی (ماد سۆلوشن) بەدەستبهێنێت، کە ئەمیش بریتییە لە خەڵاتی مارکێتینگ و بڵاوکردنەوەی فیلمەکە لە جیهانی عەرەبیدا. چیرۆکی ئەم فیلمە دەربارەی ئەو ئاوارە ئێزیدیانەیە کە لە ناو کەمپدا دەژین. 

شەماڵ سەبڕی بەرهەمهێنەری ئەم فیلمە بە سولی ئۆنی ڕاگەیاند، "فیلمی (هاڤیبوون) لە بەشی (فایناڵ کەت ڤێنیسیا) هەڵبژێردرابوو، کە لەم بەشەدا، فێستیڤاڵی ڤێنیسیا ساڵانە ٦ پڕۆژە هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی لەڕێگەی فێستیڤاڵەوە یارمەتیان بدات تا ئەو ٦ فیلمە تەواو بکرێت، زۆرینەی ئەم فیلمانەی بۆ ئەم بەشە هەڵدەبژێردرێن پێویستیان بە (پۆست پڕۆدەکشنە) وەک چۆن فیلمەکەی ئێمەش تا ئێستا تەواو نەبووە و بە دوای سەرچاوەیەکی مادیدا دەگەڕێین تا تەواوی بکەین."

سەبارەت بەوەی ئەم فیلمە لە کاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی ڤێنیسیادا بۆ هیچ دەنگدانەوەیەکی نەبوو لە میدیای کوردیدا، سەبڕی دەڵێت، "ئێمە هەموومان سەرقاڵبووین بە فێستیڤاڵی دهۆکەوە،" هەروەها دەڵێت، "بەشداریکردنی ئێمە لە ڤێستیڤاڵی ڤێنیس یەکەم هەنگاوی من بوو تا فیلمەکە زیاتر لە جیهاندا بڵاوبکەینەوە. ئەم فیلمە یەکەمین کاری منە وەک بەرهەمهێنەر و لەبەرئەوەش دەمەوێت بە هۆشیاری و بێدەنگی فیلمەکە بەرەو گەورەترین ئاست ببەم."

سەبڕی بەردەوام دەبێت و دەڵێت، "من و دەرهێنەری فیلمەکە (هەکار عبدالقادر) باوەڕی تەواومان بە فیلمەکە هەیە تاوەکو ڤێستیڤاڵە باشەکانی جیهان ببینێت بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی لە فێستیڤاڵی ڤێنیسدا و تەواوکردنی فیلمەکە بەیارمەتی ئەو فێستیڤاڵە وا دەکات کە فیلمەکە بە لۆگۆی فێستیڤاڵی ڤێنیسیاوە بگاتە هەموو شوێنێکی جیهان پاش تەواوبوونی."

هەکار عبدالقادری دەرهێنەری فیلمەکە لە گفتوگۆیەکیدا کە لە وێبسایتی تایبەتی فێستیڤاڵی ڤێنیس بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، "فیلمی (هاڤیبوون) ساڵی ڕابردوو دەستمان بە کارکردن کرد تیایدا پاش ئەوەی داعش پەلاماری شەنگالیدا، لە کوردستانی عێراق. پاش پەلاماردانی داعش خەڵکێکی زۆری یەزیدی ڕوویان لە چیاکانی شەنگال کرد  بێ ئەوەی خواردن و ئاویان پێبێت. چیرۆکی فیلمەکە باس لە ژیانی سێ خێزان دەکات کە تیایدا سێ پیاو خێزانەکانیان بەجێ دەهێڵن تا بۆ خواردن بگەڕێن بەڵام لەکۆتاییدا لە خێزانەکانیان دوور دەکەونەوە. لە کۆتاییدا منداڵ و ژنی ئەم سێ پیاوە دەگەنە کەمپەکانی کوردستان و چاوەڕێی گەڕانەوەی مێردەکانیان دەکەن و هەوڵ دەدەن بە ژیانکردن لەو شوێنە نوێیەدا خۆیان بگونجێنن."

هەر لەو چاوپێکەوتنەدا شەماڵ سەبڕی بەرهەمهێنەری فیلمەکە باس لە گرانی دروستکردنی فیلم دەکات لە عێراقدا. ئەو دەڵێت بە گشتی دروستکردنی فیلم لە عێراق کارێکی گرانە چونکە هیچ دامەزراوەیەک و پیشەسازی فیلم لە کوردستان و عێراق بوونی نییە. هەروەها دەڵێت، "زۆرێک لە دروستکەرانی فیلم دەیانەوێت فیلم دروست بکەن چونکە کۆمەڵێکی زۆر چیرۆکی نەگێڕاوە هەیە لە کوردستاندا و دەیانەوێت ئەم چیرۆکانە بگێڕنەوە. ئەمە نە بازرگانییە و نە پیشەسازییە، تەنها دەیانەوێت چیرۆکەکان بگێڕنەوە لەڕێگەی فیلمەکانیانەوە بۆ هەموو جیهان."



 


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw