لەئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال
ڕۆژی یەکشەممە کۆمیتەی هەڵبژاردنی ئۆسکاری ئێران دواهەمین فیلمی مەجید مەجیدی هەڵبژارد، (Mohammad)، تاوەکو لە دواهەمین پێشبڕکێی خەڵاتەکانی ئۆسکاردا بۆ باشترین فیلمی بیانی کێبڕکێ بکات.
دەرهێنەری پاڵێوراوی ئۆسکار، مەجید مەجیدی، زیاتر لە حەوت ساڵ کاری کردووە بۆ بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە، دەربارەی ژیانی پەیامبەری ئیسلام موحەمەدە، کە دووەمین فیلمە لە مێژووی ئێراندا زۆرترین بودجەی بۆ تەرخان کرابێت. فیلمەکەی موستەفا عەقاد لە ساڵی ١٩٧٦ بە ناوی (نامە) یەکەمین فیلمە زۆرترین بڕی بودجەی بۆ تەرخانکراوە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.
"موحەمەد" گرانترین فیلمی ئێرانە، لە مانگی ئابی ئەمساڵدا لە فێستیڤاڵی مۆنتریاڵدا لە کەنەدا نمایشکرا، لەلایەن ڕەخنەگرانی ئێرانی و بیانیشەوە بەباشی باس دەکرێت.
فیلمەکە دەربارەی ژیانی پەیامبەری ئیسلامە لە کاتی لەدایکبوونیەوە تا ئەو کاتەی تەمەنی دەگاتە ١٢ ساڵان، بە یەکەمین گەشتی بۆ شام کۆتایی پێدێت، کاتێک قەشەی مەسیحیەکان پێشبینی ئەوەی لێدەکات لە پاشەڕۆژدا ببێتە پەیامبەر. ئەم فیلمە ١٧١ دەقیقەییە یەکەمین فیلمی سێینەیەکە دەربارەی ژیانی پەیامبەری ئیسلام (موحەمەد).
مەجیدی دەڵێت هیوادارم فیلمەکە ئەو تێڕوانینە هەڵەیە ڕاست بکاتەوە کە لە ڕۆژئاوا هەیە دەربارەی ئیسلام، هەروەها ئەو کەس و گروپە توندڕەوانەش کە بە ناوی ئیسلامەوە کاری توندوتیژی دەکەن.
مەجیدی لەساڵی ١٩٩٧ فیلمی (منداڵانی بەهەشت)ی دروستکرد، ساڵی ١٩٩٩ فیلمی (ڕەنگی بەهەشت)، ٢٠٠١ فیلمی (باران)، ٢٠٠٥ فیلمی (درەختی بی)، ساڵی ٢٠٠٨یش فیلمی (گۆرانی چۆلەکەکان)ی دروستکرد.
ئێران لەساڵی ٢٠١٢ خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی لە ئۆسکاردا بەدەستهێنا بۆ فیلمی (جیابوونەوە) لە دەرهێنانی (ئەسغەر فەرهادی).
سەرچاوە: FarsNews