(ژەمی ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژێک) لە قەڵادزێیە

30/09/2015    15:43

(ژەمی ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژێک) لە قەڵادزێیە 


Şano

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا


بڕیارە لە ڕۆژانی ١ و ٢ی ١٠ی ٢٠١٥  کاتژمێر ٤:٠٠ی ئێوارە  لە شارۆچکەی قەڵادزێ و لەنێو هۆڵی فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە شانۆیی "ژەمی ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژێک" نماییش بکرێت. شانۆنامەی ئەم کارە لەلایەن سەرکاو هادییەوە نووسراوە و سۆران خدر کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجام داوە. جێی ئاماژە بۆ کردنە ئەم کارە بەرهەمی تیپی نواندنی قەڵادزێیە و ماوەی دوو مانگ و نیوە سەرقاڵی پرۆڤەکردنن تیایدا.


دەربارەی چیرۆکی شانۆییەکە سۆران خدر دەرهێنەری شانۆییەکە بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "چیرۆکی شانۆکە باسی ژیانی کچێکی هەرزەکاری کورد دەکات بە ناوی "تەلار" کە بەهۆی لایەنی سۆزداریەوە توشی گرفتێکی گەورەی خێزانی دەبێتەوە و داهاتووی دەکەوێتە مەترسیەوە ناچار بە خۆسوتاندن دەبێت، چونکە لە خێزان و کۆمەڵگایەکی داخراو دواکەوتوو دەژین، تەلار کچێکی پاکە و لە پاکی خۆیەوە کەوتۆتە ئەم حاڵەتە، هاوکات کچێکی بوێر و ڕاستگۆیە و باوەڕی تەواوی بەخۆیەتی."


 وتیشی: "شەرەف چەقی بابەت و بیرۆکەی سەرەکی نمایشەکەمانە، لەگەڵ ئەوەشدا تەوەری چوونی گەنجان بۆ ئەوروپا پانتایەکی گرنگی داگیرکردووە و لە رێگەی کارەکتەرەکانەوە تاوتوێی لەبارەوە دەکرێت، هەربۆیە بۆ ڕزگاربوونی تەلاریش هەوڵی ئەم ڕێگایە دەدات. هەر لەبەر ئەم بابەتە گرنگ و هەستیارانە ئێمە وەکو دەرهێنەر بڕیاری ئیشکردنمان لەم دەقەدادا."
سەبارەت بە شێوازی ئیشکردن لەم دەقەدە، ئەو دەرهێنەرە پێی وایە شیوازی هەر دەقێک دەرهێنەر ناچار دەکات پەیوەست بێ بە شیواز و ستایلی دەقەکە، بۆیە وەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات لەسەر قوتابخانەی ریالیزمی سایکۆلۆجی کاریان لەم دەقەدا کردووە.


سەبارەت بەو کێشە و گیروگرفتانەی ڕووبەڕووی ئەوان و شانۆکارانی قەڵادزێ دەبنەوە لەکاتی کارکردندا، سۆران خدر وتی: "بێگومان هەموو کارێکی شانۆیی کۆمەڵێک کێشە و ئاستەنگی هەیە بەتایبەت لە بارودۆخی ئێستادا و لە دەڤەرەکەی ئێمە، لە لایەنی یەکەمەوە خۆتان دەزانن کە سەرفنەکردنی پارە بۆ بەرهەمە هونەریەکان یەکێکە لە گەورەترین کێشەکان چونکە بە دەستی بەتاڵەوە شانۆ ناکرێ."
وتیشی: "کێشەی دووەممان نەبوونی هۆڵێکی شیاوە لە قەڵادزێ، ئەمە گەورەترین کێشەی ئێمەی شانۆکاری ناوچەکەیە، دەتوانم بڵێم توانای زۆر باشی تێدایە، هەوڵی زۆر باش دەدرێت، بینەر لە ئاستێکی زۆر باشدایە، بەڵام نەبوونی شوێنی شیاو گەورەتین گرفتمانە، بەو هیوایەی بتوانین لە ئیشەکانی داهاتووماندا لە هۆڵیکدا نمایش بکەین کە توانای ڕاستەقینەی خۆمان دەربخات."


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw