سولی ئۆن وێب
بوار نووره‌دین سابیر
بابه‌تێك به‌ناونیشانی (زواج النهيبة في المجتمع الكردي- بحث تحليلي مقارن في مجتمعي شثاثة والجبايش) له‌لایه‌ن (د.عیزه‌ت فه‌تاح حه‌مه‌ساڵح)ـه‌وه نوسراوه‌و له(مجلة القادسية للعلوم الأنسانية- علمية، فصلية، محكمة، كلية الآداب- جامعة القادسية، الديوانية- المجلد 16، العدد 1، 2013، ل333-350)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه. بابه‌ته‌كه له‌پێناوی به‌رزكردنه‌وه‌و به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی مامۆستایانی زانكۆ (ترقیة)دا، نوسراوه.
بابه‌تی ناوبراو چه‌ند ناته‌واوییه‌كی ئه‌كادیمی‌و دور له‌به‌رپرسیارێتیی یاسایی‌و نه‌ریتی توێژه‌ری تێدایه، كه هه‌ندێكیان ناچاریان كردین وه‌ك: داب‌و كتێبی ڕه‌دوكه‌وتن، ئه‌ركێكی مێژویی له‌پێناوی هه‌مو ئه‌و نوسه‌رانه‌ی له‌سه‌ر (ڕه‌دوكه‌وتن)یان نوسیوه، داكۆكیكردن له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی‌و به‌تایبه‌ت ناوچه‌ی پشده‌ر، ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی‌و چه‌ند لایه‌نێكی تریش، ئه‌م بابه‌ته ئاماده بكه‌ین.
سه‌ره‌تا، پرس‌و ڕاوێژ‌مان به‌چه‌ند شاره‌زایه‌كی بواری ماف‌و یاساكانی (چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه) كرد، ئه‌وانیش پێیان باش بو، (به‌شی كاروباری زانستیی زانكۆی سلێمانی) لێ ئاگادار بكه‌ینه‌وه. سه‌ردانی ناوه‌ندی ناوبراوم كرد‌و لێژنه‌یه‌ك پێكهێنرا، زۆر به‌داخه‌وه وه‌ڵامه‌كه‌یان جێی چاوه‌ڕوانی ئێمه نه‌بو!
له‌به‌ر ئه‌مه ناچار بوین ڕێكاری یاسایی بگرینه‌به‌ر، هه‌روه‌ها (لێكۆڵینه‌وه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه) له‌قه‌واره‌ی نامیلكه‌یه‌كدا بۆ چاپ ئاماده بكه‌ین، كورته‌یه‌كیشی به‌م شێوه‌یه بڵاوبكه‌ینه‌وه:
1. بابه‌تی (زواج النهيبة في المجتمع الكردي) په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به‌كتێبێكی منه‌وه هه‌یه (ڕه‌دوكه‌وتن له‌كه‌لتوری كوردیدا)، كه دو جار چاپ بوه (2005، 2007) ته‌نانه‌ت ناونیشانی بابه‌ته‌كه‌ی ئه‌و، زۆر نزیكه له‌ناوی كتێبه‌كه‌وه.
2. له‌دو شوێندا ئاماژه‌ی به‌كتێبی ڕه‌دوكه‌وتن كردووه (ل341، ل345)، كه هه‌ردوكیانی به‌زمانی كوردی نوسیوه، له‌كاتێكدا ناونیشانی ئه‌و چه‌ند كتێبه‌ی، كه به‌زمانی كوردی نوسراون‌و ئه‌و كه‌ڵكی لێ وه‌رگرتون، هه‌مویانی وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی‌و له‌ناو كه‌وانه‌دا بۆی نوسیون (ملاحظة: هذا المصدر باللغة الكردي)!
3. چه‌ند جارێك نووسیویه‌تی پێش ئه‌و، كه‌سی تر له‌سه‌ر (ڕه‌دوكه‌تن)ی نه‌نوسیوه‌و كه‌سیش دركی به‌م بابه‌ته نه‌كردوه (ل334، ل336، ل337)، له‌كاتێكدا جگه له‌كتێبی ڕه‌دوكه‌وتن، هه‌ر له‌به‌شی دوه‌می كتێبه‌كه‌دا (ڕه‌دوكه‌وتن له‌ئه‌رشیفی كتێبخانه‌ی كوردیدا)، 19 سه‌رچاوه‌ی نێوان ساڵانی (1927- 2004)ی تێدایه، كه هه‌مویان باسی (ڕه‌دوكه‌وتن)یان كردوه‌و بۆ كتێبه‌كه‌ش كه‌ڵكیان لێ وه‌رگیراوه، له‌كاتێكدا، ئه‌و كتێبانه‌ی باسی (ڕه‌دوكه‌وتن)یان كردوه، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی (زانستی، ئه‌كادیمی)یش نه‌نوسرابن، هیچ توێژه‌رێك ناتوانێ به‌م شێوه‌یه فه‌رامۆشیان بكات، به‌ڵكو پێویسته ئاماژه‌یان پێ بكات‌و بیسه‌لمێنێ كه بۆچی نازانستی‌و نائه‌كادیمین!
4. زۆربه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌كان، پێویستیان به(لایه‌نی مه‌یدانی) هه‌یه، (م.عیزه‌ت) له‌بابه‌ته‌كه‌یدا هیچ چاوپێكه‌وتنێكی نه‌كردوه، ته‌نیا 3-4 كتێبی نوسراویشی به‌زمانی كوردی به‌كارهێناوه. كه‌واته ئه‌و زانیارییانه‌ی بۆ (توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌نترۆپۆلۆژیی كۆمه‌ڵایه‌تی) له‌باره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌گشتی‌و به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر دابی ڕه‌دوكه‌وتن له‌ناوچه‌ی پشده‌ردا نوسیویه‌تی، له‌كوێ‌و چییه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتوه!
5. له‌چه‌ندین شوێندا زانیاری له‌كتێبه‌كه‌ی من وه‌رگرتوه‌و ئاماژه‌ی پێ نه‌كردوه، لێره‌دا چه‌ند نمونه‌یه‌كی ده‌خه‌ینه‌ڕو:
• له‌بابه‌ته‌كه‌ی ئه‌ودا، جگه له‌بابه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ به‌ناوی (زواج التبادل، ل341)، 12 جاری تریش باسی (ژن به‌ژن)ی كردوه، كه له‌چه‌ند شوێنێكی كتێبی ڕه‌دوكه‌وتندا باسكراوه‌و بابه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی له(ل222)دا بۆ ته‌رخان كراوه!
• له‌بابه‌ته‌كه‌ی ئه‌ودا (ل342)، باسی باری كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و (نێر و مێ)یانه كراوه، كه دابی ڕه‌دوكه‌وتن‌و هه‌ڵگرتن جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، كه ئایا: هاوسه‌رگیرییان كردوه، ماره‌كراون یان نه‌كراون، مێرد‌و ژنیان هه‌یه یان نییه...ئه‌مانه له‌چه‌ندین شوێنی كتێبی ڕه‌دوكه‌وتندا باسكراون، به‌تایبه‌ت له(به‌شی پێنجه‌م: شیكردنه‌وه‌ی ڕه‌دوكه‌وتن ل213-294)دا، باسی هه‌مو بارودۆخ‌و دابونه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كراوه‌و شیكراونه‌ته‌وه!
• له‌چه‌ند شوێنێكی بابه‌ته‌كه‌ی ئه‌ودا (ل342، 344) نوسراوه:(ئه‌م هاوسه‌رگیرییه، له‌نێوانی دو خۆشه‌ویستدا ڕوده‌دات...) له‌چه‌ندین شوێنی كتێبی ڕه‌دوكه‌وتندا باسی (خۆشه‌ویستی) كراوه، له‌دو شوێنیش‌دا (ل50-56 و258-259)، به‌سه‌ربه‌خۆیی باسكراوه، كه یه‌كێكیان وه‌ك هۆكارێكی ڕه‌دوكه‌وتن، قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه.
• له‌بابه‌تی (تتميز زواج النهيبة بالسمات الآتية، ل342)دا چه‌ند زانیارییه‌كی نووسیوه، كه هه‌ندێكیان له‌كتێبی ڕه‌دووكه‌وتندا (جۆره‌كانی ڕه‌دوكه‌وتن، ل282) وه‌ك چوار جۆری گشتی باسكراون!
• ئه‌و نوسیویه‌تی:(ويعد هذا الزواج زواجا قديما جدا، يمكن أن يرجع جذوره الى مرحلة ظهور أصل العائلة والزواج والملكية، أي مرحلة إنتقال السلطة من سلطة أموية الى سلطة أبوية، ل342) له‌كاتێكدا ئه‌م بۆچونه له‌دو شوێنی كتێبی ڕه‌دوكه‌وتندا ئاماژه‌ی پێ كراوه: ل50-58.
• له‌بابه‌ته‌كه‌ی ئه‌ودا (ل344) نوسراوه: (له‌سه‌ر كاره‌كته‌ری نێر‌و مێی دابه‌كه پێویسته، له‌ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ی خۆیاندا، شوێنی سه‌لامه‌ت‌و گونجاو دابین بكه‌ن) دابینكردنی (پشت‌و په‌نا) له‌چه‌ند شوێنێكی كتێبه‌كه‌دا باسكراوه، وه‌ك پێویستییه‌كی ڕه‌دوكه‌وتنیش له(ل261-262)ی كتێبه‌كه‌دا، باسێكی سه‌ربه‌خۆی له‌سه‌ر نوسراوه!
• له21 شوێنی بابه‌ته‌كه‌ی ئه‌ودا باسی مه‌سڵه‌ت كراوه... كه ئه‌میش له‌ده‌یان شوێنی كتێبی ڕه‌دوكه‌وتندا باسكراوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له(ل274-275)دا، وه‌ك بابه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ شیكراوه‌ته‌وه.
• له‌بابه‌ته‌كه‌ی ئه‌ودا (ل346) نوسیویه‌تی: (له‌هه‌ردو كۆمه‌ڵگه‌كه‌دا، دوای هه‌ڵاتنی هه‌ردوكیان "نێر‌و مێ" په‌نا بۆ سه‌رۆك خێڵ‌و پیاوی ئایینی ده‌به‌ن‌و داوای پاراستن‌و پشتگیری‌یان لێ ده‌كه‌ن) له‌ده‌یان شوێنی كتێبه‌كه‌دا باسی ئه‌مه كراوه، بۆ نمونه بابه‌تی (پشت‌و په‌نا، ل261).
• له‌بابه‌ته‌كه‌ی ئه‌ودا (ل346) باسی چاره‌نوسی ژنی مێردداری ڕه‌دوكه‌وتو ده‌كات كه له‌ده‌یان شوێنی كتێبه‌كه‌دا باسی ئه‌مه كراوه، ته‌نانه‌ت له‌چاوپێكه‌وتنی (ل162-164)دا، باسی ئه‌وه‌ش كراوه، كه هه‌ندێ له‌پیاوانی ئایینی، ڕێگه‌ی ته‌كفیریان له‌باتڵكردنه‌وه‌ی نیكاحدا به‌كارهێناوه!
نوسه‌ری ناوبراو بابه‌تێكی تری له‌سه‌ر (زواج بالبذر في المجتمع الكردي، مجلة واسط للعلوم الأنسانية، العدد 22، ساڵ نادیاره؟) بڵاوكردوه‌ته‌وه، له‌مه‌شیاندا چه‌ند جارێك نوسیویه‌تی، كه پێش ئه‌و كه‌سی تر له‌سه‌ر (هاوسه‌رگیریی بنه‌تۆو)ی نه‌نووسیوه‌و كه‌سیش دركی پێ نه‌كردوه، له‌كاتێكدا (هاوسه‌رگیریی بنه‌تۆو) له‌چه‌ند شوێنێكی كتێبی ڕه‌دوكه‌وتندا باسكراوه‌و له(ل224)یشدا، بابه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی له‌سه‌ر نوسراوه!
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج‌و سه‌رسوڕمانی زۆره، سه‌ره‌تاو كۆتایی ئه‌و دو بابه‌ته‌ی ده‌ستمان كه‌وتون، وه‌ك یه‌كن‌و ته‌نها له‌بری (زواج بالبذر) كراوه به(زواج النهیبه)، واته ناونیشانی سه‌رباس‌و نوسین‌و به‌كارهێنانی سه‌رچاوه‌و ...تاد، هیچ جیاوازییه‌كیان نییه! هه‌روه‌ها كۆتاییه‌كانیان هه‌مان ناونیشان‌و سه‌رباس‌و نوسینن، ته‌نانه‌ت بۆ بابه‌تی (زواج بالبذر) 34 سه‌رچاوه‌و بۆ بابه‌تی (زواج النهیبه) 35 سه‌رچاوه‌ی به‌كارهێناوه، كه تا سه‌رچاوه‌ی ژماره 32 هیچ جیاوازییه‌كیان نییه‌و نووسینه وه‌رگیراوه‌كانیش وه‌ك یه‌كن، واته بابه‌تی (هاوسه‌رگیریی بنه‌تۆو) ته‌نیا سێ لاپه‌ڕه‌ی له‌گه‌ڵ بابه‌تی (زواج النهیبه)دا جیاوازه! ئه‌مه‌شی له‌خوێنه‌رو ده‌سته‌ی هه‌ر دو گۆڤاره‌كه شاردوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها لیژنه‌كانی (زانكۆی سلێمانی)یشان بڕیوه!
مامۆستای ناوبراو، بابه‌تێكی تریشی به‌ناونیشانی (العنف ضد المرأة في الحضارة الكردية، لارك، العدد6، 2011) بڵاو كردوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌شیان هه‌ندێ زانیاری تێدایه، كه جێی هه‌ڵوێست‌و لێكۆڵینه‌وه‌ن!
ئه‌مانه‌و ده‌یان زانیاری‌و بابه‌تی تر، كه (د.عیزه‌ت) له‌نوسینی هه‌ردو بابه‌تی (زواج بالبذر و زواج النهیبه)دا، به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ، زانیاری له‌كتێبی ڕه‌دوكه‌وتن وه‌رگرتوه، له‌یه‌كێكیاندا ئاماژه‌ی پێ نه‌كردوه، له‌ئه‌وی تریشیاندا، وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی نادیار‌و ناكارا ناوی بردوه.
بابه‌ته‌كانی نوسه‌ری ناوبراو، قسه‌و باسی زۆرتر هه‌ڵده‌گرن‌و ده‌شێ سه‌رنج‌و تێبینی تریان له‌سه‌ر بنوسرێت. خوێنه‌ران ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی ئه‌م لینكانه‌وه، بابه‌ته‌كان بخوێننه‌وه:
•http://www.iasj.net/iasj?func=issueTOC&isId=4749&uiLanguage=ar زواج النهیبه- مجله‌القادسیه:
•http://www.iasj.net/iasj?func=fulltext&aId=85547 زواج بالبذر:
•http://www.iasj.net/iasj?func=fulltext&aId=73997 العنف ضد المرأه: