لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال
مێریڵ ستریپ (Meryl Streep) براوەی سێ خەڵاتی ئۆسکار و ئەستێرەی فیلمی (Suffragette) ی مێژوویی، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە لەلایەن ڕۆژنامەنووسێکەوە لێیکرا دەربارەی پرسی فێمینیزم ئەو بە شێوەیەکی جیاواز وەڵامی پرسیارەکەی دایەوە.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ Time Out وەک هاندانێک بۆ فیلمەکەی سارا گاڤرۆن (Sarah Gavron) دەربارەی مافی ژن بۆ دەنگدان لە بڕیتانیادا، ستریپ پرسیاری ئەوەی لێکرا: "تۆ فێمینیستی؟" لە وەڵامدا وتی: "من مرۆڤدۆستم."
پرسی فێمینیزم لە تەواوی جیهاندا و لەنێو ژناندا و بە تایبەتیش خانمە ئەکتەرانی هۆڵیوددا پەرەی سەندووە. زۆرێک لەوان بە ئاشکرا ئەوە دەردەبڕن کە ئەوان فێمینیستن، چەند خانمە ئەکتەرێکیش بە تەواوی لە دژی ئەم پرسە دەوەستنەوە و پێیان وایە ئەمە جیاوازی زیاتر لەنێوان پیاو و ژندا دروست دەکات.
زۆرێک لە خانمە ئەکتەرەکان بۆ وەستانەوە لە دژی هەر کارێکی خراپ بەرامبەر بە خانمە ئەکتەرەکانی نێو پیشەسازی فیلم دەڵێن کە پێویستە ژنان زیاتر بهێنرێنە پێشەوە بۆ ناو ئەم پیشەسازییە تاوەکو ئەم دیاردەیە کۆتایی پێ بهێنرێت.
مولیگانی خانمە ئەکتەر، کە بە ئاشکرا فێمینیستی خۆی ڕادەگەیەنێت، دەڵێت، "ئێمە پێویستمان بە ژنی زیاترە وەک دەرهێنەر." ئەو دەڵێت دەبێت ژنان زیاتر بهێنرێنە پێشەوە و فەندی تایبەتیان بۆ سەرف بکرێت بۆ کارکردن تاوەکو لەم ڕێگایەوە توانایەکی زیاتر پەیدا بکەن.
لەلایەکی تریشەوە کۆتیاردی خانمە ئەکتەری فەڕەنسی دەڵێت: ژنان دەبێت بەپێی توانایان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. ئەو دەڵێت: "سینەما جێی فێمینیزمی تیادا نابێتەوە."
سەرچاوە: The Guardian