سولی ئۆن وێب
فیلمی دیکۆمێنتاریی چیرۆکی "ژیان لەسەر سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی "بەھمەن قوبادی" بینەرانی بیستەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" لە وڵاتی کۆریای باشوور خستە گریان.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و بە ڕێنوێنی "بەھمەن قوبادی" و لە بەرھەمھێنانی کۆمپانیای سینەمایی "مژ فیلم"، لە یەکەمین نمایشی جیھانی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازدا کاتژمێر ٨ی شەوی دوێنێ ھەینی ٣ی تشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ بە ئامادەبوونی بەهمەنی قوبادی و چەندین دەرھێنەری کۆریای باشوور لە بەشی "نمایشی کورتە فیلمەکان" لە میانەی بیستەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" Busan لە وڵاتی کۆریای باشوور پێشکەشکرا و تەواوی کورسییەکانی ناو ھۆڵەکانی نمایشی ئەم فیلمە پڕ بوو لە بینەر و تەواوی بینەرانیش بە چاوێکی پڕ لە گریانەوە ئەم فیلمە کوردییەیان بینی و کاریگەرییەکی گەورەی بەسەریانەوە جێهێشت.
پێشوازیی بینەران لە "ژیان لەسەر سنوور" بە شێوەیەک بوو کە بەرپرسانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" ناچاربوون کە سانسی نمایشی زیاتر بۆ ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە چیرۆکییه تەرخان بکەن و بڕیاروایە بێجگە لە نمایشەکانی ئەم فیلمە، واتە: کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی ٥ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەر و ھەروەھا کاتژمێر ١ی نیوەڕۆی ڕۆژی ٨ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە چەندین سانسی دیکەشدا ئەم فیلمە کوردییە بۆ بینەران نمایش بکرێت.
"بەھمەن قوبادی" وەکوو بەرھەمھێنەری فیلمی "ژیان لەسەر سنوور" لەم خولەی فێستیڤاڵی فیلمی "پووسان"دا ئامادەبوو و ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال کە دەرھێنانی ئەم فیلمەیان لە ئەستۆدا بوو بەھۆی نەبوونی پاسپۆڕتەوە نەیانتوانی کە لە فیستیڤاڵەکەدا بهشداریی بکهن.
قوبادی دوای نمایشی ئەم فیلمە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان"دا وتی: "ئەگەر ئەم منداڵانە ئیمکانی باشتریان لە بەردەستدا بێت بێگومان لەوە باشتر فیلم سازدەکەن."
هەروەها وتی: "ئەمڕۆ کوردەکان زمانێکی ھاوبەشیان دەوێت کە ئێستاکە نیانە و دەبێت لە ڕێگای زمان و ھەروەھا لە ڕێگای فەرھەنگەوە کوردەکان لە یەکتریی نزیک ببنەوە."
ئەم سینەماکارە کوردە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی کردەوە: "ئەگەر کوردستانێک لە عێراق دروست بکرێت چیدی کوردەکان پێویست ناکات سەردانی دەرەوەی وڵات و ئەورووپا بکەن."
"بەھمەن قوبادی" لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند: کورد دەبێت ئەمڕۆکە وڵاتی خۆی ھەبێت، ئەگەر کۆمەڵگای جیھانی یارمەتی ئەم داواکارییەی کوردەکان نەدەن دیسانەوە کارەساتێکی دڵتەزێنتر لە چاوەڕوانی کوردەکاندایە و ئەوان دەبێت وەڵامدەرەوەی ئەم ڕووداوەبن."
فیلمی دیکۆمێنتاری "ژیان لەسەر سنوور" لە دوایین نمایشی خۆیدا ڕۆژی یەکشەمە ٢٦ی تەمموز / یۆڵیۆی ٢٠١٥ لە لایەن ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و لە ھەفتەی مافی مرۆڤدا لە ھۆڵی سەرەکی کۆشکی سپی لە شاری واشنگتۆن بۆ "باڕاک ئۆباما" سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، دیپڵۆماتکاران، سیاسەتمەداران و بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.