(ڕۆژی درۆ) لە کۆیە نماییش دەکرێت

04/10/2015    20:21

(ڕۆژی درۆ) لە کۆیە نماییش دەکرێت 


Şano

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا


تیپی شانۆی حێدە بەهاوکاری سەنتەری گەنجانی کۆیە بڕیارە لە ڕۆژانی ٦ و ٧ی ١٠ی ٢٠١٥ کاتژمێر ٣:٣٠ خولەکی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی سەنتەری گەنجانی کۆیە شانۆیی "ڕۆژی درۆ" نماییش بکات. شانۆنامەی ئەم نماییشە لەلایەن نووسەری ناوداری ئێران محەمەد یەعقوبییەوە نووسراوە و مەریوان هەڵەبجەیی بۆ زمانی کوردی وەریگێڕاوە، کاری دەرهێنانی ئەم شانۆییەش لەلایەن ئومێد ڕەزاوە ئەنجام دراوە.

دەرهێنەری ئەم شانۆییە دەربارەی ئەم نماییشەیان بۆ سولی ئۆن وێب وتی: "شانۆ گەیاندنی پەیامەکانە لەم دەقەدا پەیامێکی جوانی تێدایە کە من پێی کاریگەر بووم، ئەویش گیروگرفتەکانی نێوان پیاو و ژنە کاتێک لێک تێنەگەیشتن لەنێوانیاندا ڕوودەدات. هەروەها لەم دەقەدا باسی ڕۆژی نیسان دەکرێت کەلای ئێمە زۆر بەهەڵە کاری لەسەر دەکەن و چەندین جار کێشەی لێکەوتووەتەوە، دەمەوێ لەم کارەدا ئەوە نیشان بدەم.من وەک لایانی دەرێنان و نواندن سوودم لە ڕێبازی ستانیسلاڤسکی بینیوە لەم کارەدا."

وتیشی: "گرنگە دەرهێنەر بزانێ لەکوێ و بۆ کێ نماییش دەکات، منیش ویستومە بۆ بینەرێک کار بکەم کە تامەزرۆی ئەو کارە کۆمەڵایەتییانەیە، پێویستە لە کارەکاندا حسابێکی ورد بۆ بینەر بکرێت، چونکە کارەکەی تۆ بۆ بینەرە."

دەربارەی شانۆنامەی ئەم نماییشە مەریوان هەڵەبجەیی وەرگێڕی شانۆنامەی نماییشەکە، دەربارەی چیرۆکی شانۆنامەکە و تەکنیکی ئەم دەقە بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "ئەم دەقە کورتە شانۆنامەیەکی محەمەدی یەعقوبییە لەناو ئەو دەقانەدا کە نووسیویەتی بە "دەقی مینیماڵ" ناودەبرێت. ئەم شێوازە ئەزمونێکی سەرکەوتوویی یەعقوبییە و ئەوی پێ ناسراوە لە ئێراندا، زیاتر لە دە دەقی هاوشێوەی هەیە."

وتیشی: "چیرۆکی ئەم دەقە باس له‌ ژیانی ژن و مێردێک ده‌کات له‌ پشوی نه‌ورۆزدان له‌ ئوتێلێکی باکوری ئێران، ململانێ و کێشه‌مه‌ کێشی خێزانی ده‌که‌وێته‌ نێوانیان، ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی له‌ یه‌ک جیاببنه‌وه‌، به‌مانایه‌کی تر، ئیشکردنه‌ له‌سه‌ر هه‌ستکردن به‌ ته‌نیایی و ترسی له‌ یه‌ک دوورکه‌ وتنه‌وه‌و ته‌نیابون، هەروەها نەمانی متمانە و دوودڵی و جیاوازی.




هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw