لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال
گرنگترین فێستیڤاڵی فیلمی ئاسیا لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە شاری بوسانی کۆریای باشوور دەستی بە کارەکانی کرد و ئاهەنگی بیستەمینی خۆی گێڕا، ئەمەش لەکاتێکدایە ئاسیا بازاڕی فیلمەکانی لە فراوانبوونێکی گەورەدایە.
کانگ سوو-یون ی خانمە ئەکتەر و دەستەی بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە دەڵێت، "ژمارەیەکی زۆری دەرهێنەر لە تەواوی جیهانەوە گرنگی و تایبەتمەندی سینەمای ئاسیا و بازاڕی ئەم سینەمایە دەبینن." هەروەها دەڵێت، "فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی بوسان هەمیشە گرنگی بە سینەمای ئاسیا دەدات و هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدات بەهرەی نوێ لەم ناوچەیەدا پیشان بدات."
ئەمساڵ، فێستیڤاڵە ١٠ ڕۆژییەکە بە فیلمی هیندی زوبان (Zubaan) ی دەرهێنەر مۆزێز سینغ (Mozez Singh)دەستی بە کارەکانی کرد.
سینغی دەرهێنەر باسی ئەوە دەکات کە هەڵبژاردنی فیلمەکەی بۆ کردنەوەی فێستیڤاڵەکە زۆر دڵخۆشکەر دەبینێت. ئەو دەڵێت، "هەموو ئەوەی دەتەوێت ئەوەیە کە فیلمەکەت بگاتە زۆرترین خەڵک لە تەواوی جیهاندا. بوسان ئەم هەلە دەداتە فیلمی زوبان."
٢٠ەمین فێستیڤاڵی بوسان ٣٠٤ فیلم لە ٧٥ وڵاتی جیاوازەوە نمایش دەکات، لەنێویاندا ٩٤ فیلمیان نمایشی جیهانیان دەبێت.
بۆکس ئۆفیسی ئاسیا، کە چین، یابان، هیندستان، کۆریای باشوور، تایوان و ئیندۆنیسیا دەگرێتەوە، بە گەورەترین بازاڕی فیلم لە جیهاندا دادەنرێت. ساڵی پار ئەم بازاڕە توانی پێش بۆکس ئۆفیسی ئەمریکای باکوور بداتەوە و بڕی ١٠.٥ بلیۆن دۆلار بەدەست بهێنێت.
سەرچاوە: SCMP.com