سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
گروپی گەنجانی خۆبەخش بەهاوکاری یەکێتی نووسەرانی کورد لقی سلێمانی، کۆڕێکی شیعر خوێندنەوە بۆ شاعیری لاو ڕاهۆز کامەران ڕێکدەخات. بڕیارە ئەم کۆڕە ڕۆژی سێ شەممە ٦ی ١٠ی ٢٠١٥ کاتژمێر ٤:٣٠ خولەکی ئێوارە لە هۆڵی چالاکیی قوتابخانەکانی شاری سلێمانی ئەنجام بدرێت.
دەربارەی ئەم کۆڕەی شاعیری لاو ڕاهۆز کامەران بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "ئەو تێکستانەی لەو ئێوارە کۆڕەدا دەخوێنرێنەوە، ئەو تێکستانەن بەگشتی لەم ساڵانەدا نوسراون و هەندێکیان نوێن و لەو ئێوارە کۆڕەدا بۆ یەکەمین جار دەخوێنرێنەوە، هەندێکیان لە ڕۆژنامەکان بڵاو کراونەتەوەو بینراون و لەم ئێوارە کۆڕەشدا بۆ ئامادەبوانی دەخوێنمەوە دووبارە."
سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆڕ ئەو شاعیرە وتی: "من سەبارەت بەکۆڕ کردن دڵخۆشنیم، ئەوەی بە تەنیا لەبەر مایکدا بوەستیت و کەسانێک لەبەردەمتدا بە هەموو ئامادەییانەوە گوێت لێبگرن، ئەو هەستەت لا دروست دەکات کە دەبێت تۆ شتێک بڵێیت بەدەردی هەموان بخوات، لە کاتێکدا تەنیا شتانێکت بێیە کە بۆ دەردی خۆت نوسراون.
وتیشی: "بێگومان بۆمن خۆشە کەسانێکی لێبن کە هەرگیز نەمدیون، کە هەرگیز نەم ناسیون و هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژانیش هیچ ڕێکەوتێک نامان گەیەنێتەوە بەیەک. سوپاس بۆ گروپی گەنجانی خۆبەخش کە لەنێو ئەو هەموو قەرەباڵخیی و ژاوە ژاوو دەنگە پوچ و قەیرانەدا جوانی و چالاکی و شێعریان لەبیرەو ئەم کۆڕەیان سازدا."