کۆمەڵەیەکی کلتوری و زانستی لەناو زانکۆی سلێمانی خۆیان ڕاگەیاند

07/10/2015    13:35

کۆمەڵەیەکی کلتوری و زانستی لەناو زانکۆی سلێمانی خۆیان ڕاگەیاند 


Têkst

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا


لەناو زانکۆی سلێمانی لە شاری سلێمانی گروپێکی کلتوری و زانستی بە دروشمی "لەپێناو ئاشتکردنەوەی مەعریفە و زانکۆ" لەلایەن کۆمەڵێک لە خوێندکارانی بەشە جیاوازەکانی زانکۆی ناوبراوەوە دروست دەکرێت و بڕیارە ئەمساڵ چالاکییەکانی خۆیان لەناو بەشە جیاوازەکانی زانکۆی سلێمانی ئەنجام بدەن. ئەم گروپە خوێندکارە بەناوی "کۆمەڵەی ٦٨"ـەوە چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن، وەک ڕێکخەری کۆمەڵەکە ئاماژەی بۆ دەکات هەڵگرتنی ئەم ناوە بۆ کۆمەڵەکە دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەریی بزوتنەوەی خوێندکارانی ١٩٦٨ی فەڕەنسا لەسەریان.


دەربارەی هۆکاری دروستبوونی ئەم کۆمەڵەیە لاوک ئەبوبەکر ڕێکخەری "کۆمەڵەی ٦٨" بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "”لەوەرزی ٢٠١٤-٢٠١٥ـی خوێندنی زانکۆی سلێمانی‌و پێش دروستبوونی ئەم کۆمەڵەیە، وەک چەند خوێندکارێکی خەمخۆری ئەو زانکۆیەو درککار بەوەی کێشەیەکی قووڵ لەم دەزگا ئەکادیمییە بوونی هەیە، بڕیارماندا چەند چالاکییەکی کەلتووری‌و زانستی بۆ خوێندکاران سەرپێبخەین."


وتیشی: "ئێمە وەک ئەو کۆمەڵە خوێندکارە؛ کاریگەربووین بەبزووتنەوەی خوێندکارانی ئایاری ١٩٦٨ لەفەرەنسا. کە لەڕێی ئەم بزووتنەوەیەوە، شۆڕشێکی کەلتووری‌و سیاسی لەو وڵاتەدا هەڵگیرساو بووە هۆی ئەوەی دوای ساڵانێک لەو شۆڕشە، وڵاتی فەرەنسا ببێتە یەکێک لەوڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانی دونیا. هەڵبەت وەک دیارە، سەنتەری ئەو شۆڕشە خوێندکاران بوون‌و تەواوی خوێندکارانی زانکۆکانی فەرەنسا تێیدا بەشداربوون. هەر لەم سۆنگەیەوە؛ یەکەمین هەوڵێک کە ئێمە لەزانکۆدا بەئەنجاممان گەیاند، دابەشکاری کتێبێک بوو لەو کتێبانەی خوێندکارانی زانکۆکانی فەرەنسا لەساڵی ١٩٦٨ پێی کاریگەر بوون‌و یەکێک بووە لەهەرە گرنگترین ئامڕازی شۆڕشەکەیان. ئەویش کتێبی «گوێبگرە، پیاوی بچووک!»ـی دەروونشیکاری نەمسایی «ویلهێلم رایش» بوو. کە نزیکەی ٢٥٠ تیراژی لێ دابەشکراو هاوڕێ لەگەڵ زنجیرە سیمینارێک لەبارەی پەیامی زانکۆ و ئەرکی خوێندکار."


ڕوونیشیکردەوە: "هەر بۆیە بۆ وەرزی ٢٠١٥-٢٠١٦ـی خوێندنی زانکۆی سلێمانی؛ کاتێک بڕیارماندا زۆرینەی ئەو وزەو توانایانەی لەناو ئەو دەزگا ئەکادیمییەدا بوونی هەیە، لەژێر چەترێکدا کۆببینەو ئەو هەوڵ‌و چالاکییانە سەرڕێگەبخەین کە لەخزمەت چالاکبوونی زانکۆو بوونی بەناوەندێکی بەرهەمداردایە، پێمان باش بوو لەژێر ناونیشانی کۆمەڵەیەکدا کاربکەین، کە نزیک بێت لەئامانجی ئێمەوە. هەڵبژاردەکەمان «کۆمەڵەی ٦٨» بوو، بەکاریگەریی ئەو بزووتنەوەیەی خوێندکارانی زانکۆکانی فەرەنساو یەکەمین هەوڵمان کە ئامڕازێک بوو لەئامڕازەکانی بزووتنەوەکە. چونکە نزیکییەک هەیە لەو دیدگایەی کە ئێمە کاری بۆ دەکەین لەگەڵ ئەو ئامانجانەی ئەو بزووتنەوەیە هەیانبوو. لەوەی کە تاک خۆبەڕێوبەرو سەنتەری کۆمەڵگە بێت‌، زانکۆ دەزگایەک بێت بۆ ئاڕاستەکاریی کۆمەڵگەو هەردوو تاکی خوێندکارو دەزگای زانکۆییش پێکەوە بەرهەمداریی لەپێناو پێشخستن‌و بەشارستانیبوونی کەلتووری کۆمەڵگەو وڵات بکەن."

هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw