چانتاڵ ئاکیرمانی دەرهێنەر خۆی کوشت

07/10/2015    18:58

چانتاڵ ئاکیرمانی دەرهێنەر خۆی کوشت 


Cînema

پشتیوان کەمال

دەرهێنەری بەلجیکی چانتال ئاکیرمان (Chantal Akerman) کە بە فیلمە ئەزموونکاریەکانی ناسراوە دەربارەی ژیانی ژن، لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا خۆی کوشت.

دایک و باوکی ئاکیرمان ڕزگاربووی کارەساتی هۆڵۆکۆستن و لەو چل فیلمەی بەرهەمی هێناوە هەمیشە دەنگێکت گوێ لێ دەبێت کە باس لە کاریگەریەکانی هۆڵۆکۆست دەکات. 

 دواهەمین فیلمی ئەم دەرهێنەرەش فیلمی ماڵەوە نا "No Home Movie" لە گفتوگۆیەکی دەرهێنەر و دایکیەوە سەرچاوەی گرتووە. فیلمەکە لە فێستیڤاڵی لۆکارنۆ نمایشکرا و لە فێستیڤاڵی نیویۆرکیش نمایش دەکرێت.

ئاکیرمان لە بروسێل لەدایکبووە و کاتێک لە تەمەنی هەرزەکاریدا فیلمی "Pierrot le Fou"ی گۆدارد دەبینێت خولیای دروستکردنی فیلم دەکەوێتە مێشکی. کاتێک تەمەنی ٢٥ ساڵان دەبێت باشترین فیلمی خۆی لە ساڵی ١٩٧٥ دروست دەکات: فیلمی سێ کاتژمێریی "Jeanne Dielman, 23 Quai du Commerce, 1080 Bruxelles" کە ئەم فیلمە بە باشترین و یەکەمین فیلمی فێمینیستی هەژمار دەکرێت لە مێژووی سینەمادا.

کارەکانی ئاکیرمان کاریگەریان هەبووە بەسەر فیلمەکانی تۆد هاینس، گوس ڤان سانت، سالی پۆتەر و میشێل هانکە. پاشان لەساڵی ١٩٩٦ هەنگاوێکی بازرگانی نا لە ژیانی هونەریدا بەوەی فیلمی "A Couch in New York"ی دروستکرد لە نواندنی جولێت بینۆچی و ویلیام هاڕت.

ڤان سانت دەڵێت، "بینینی فیلمی "Jeanne Dielman" یەکێکە لەو ئەزموونانەی بیرکردنەوەت دەگۆڕێت، بینینت دەگۆڕێت."

فێستیڤاڵی تۆرێنتۆ باس لە کاریگەریەکانی ئاکیرمان دەکات و دەڵێت، "ئاکیرمان شۆڕشی لە مێژووی سینەمادا کرد نەک تەنها بە فیلمە شاکارەکەی "Jeanne Dielman" بەڵکو بە بلیمەتی ئەو کەسایەتیە لەڕووی تیۆریەکانیشیەوە. لەو کاریگەریانەی کە گۆدارد و مایکڵ سنۆو لەسەریان دایناوە، ئاکیرمان زمانی ڕەسمی نوێی داناوە و هەوڵیداوە باس لەو بابەتە هەستیارانە بکات کە تابون بۆ کۆمەڵگا."

لەنێو فیلمەکانیدا کۆمەڵێک کار دەبینین کە لە کۆمەڵێک کتێبی بەناوبانگەوە وەریگرتووە لەوانە: "Almayer‌s Folly" لە نووسینی جۆزێف کۆنراد، "The Captive" لە نووسینی مارسێل پڕۆست.

چانتاڵ ئاکیرمان، بە یەکێک لە فێمینیستە دیارەکانی مێژووی سینەما هەژمار دەکرێت و دوێنێ لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا لە شوقەکەی خۆی لە پاریس خۆی کوشت.

سەرچاوە: Variety



هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw