زینجیرەیەک کتێب دەربارەی شاکارە کلاسیکییەکان بە زمانی کوردی

08/10/2015    17:03

زینجیرەیەک کتێب دەربارەی شاکارە کلاسیکییەکان بە زمانی کوردی 


Têkst

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا


ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە لە نوێترین چالاکیی خۆیدا، زنجیرەیەک کتێب دەربارەی شاکارە کلاسیکییەکانی جیهان چاپ و بڵاو دەکاتەوە، ئەم زنجیرەیە پێکدێت لە یانزە کتێبە کە هەریەکەیان دەبارەی یەکێک لە شاکارە کلاسیکییەکانی دونیایە وسەرجەمیان لەلایەن وەرگێڕ حەمە کەریم عارفەوە کراون بە کوردی، ئەم بەشەی زنجیرەکە تەرخانکراوە بۆ ئەو شاکارە کلاسیکیانەی کە بە زمانی کوردی لە ڕابردوودا چاپ و بڵاوکراونەتەوە، بەڕێوەبەری ئەو ناوەندەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەم پرۆژەیە بۆ هاندانی تازە خوێنەرانە بۆ خوێندنەوەی شاکارە کلاسیکییەکان، هاوکات بۆ پێگەیاندنی کلتوری ڕەخنەش گرنگە.


سەبارەت بەم چالاکییەیان هەژار مەجید بەڕێوەبەری ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "ئەم زنجیرە کتێبە ١١ کتێبە، هەڵبەت زیاتریش بوو لەو ژمارەیە، بەس ئەوانیتر بەکوردی نەبوون، مەعقولیش نییە بە کوردی نەبێت و ئێمە دەربارەکەی بڵاو بکەینەوە. هەر لەبەر ئەوە ئەوانەمان هەڵبژارد کە کراون بە کوردی."

دەربارەی ناوەڕۆکی ئەم زینجیرە کتێبە بەڕێوەبەری ئەندێشە وتی: "ئەم کتێبانە، ناساندنێکی کورت و خێرای ئەو کتێبانەیە. لایەنی هەڵسەنگاندن و ڕەخنەیی کەمترە. ئەوە هەڵدەگرین بۆ زنجیرەیەکیتر کە ئەمجارە هەڵسەنگاندن و ڕەخنە بێت. دەتوانم بڵێم بۆ ئەو خوێنەرانەی کە کتێبەکان ناناسن و سەرەتا دەیانەوێ شارەزاییەکی گشتییان هەبێت لەسەرکتێبەکان، ئەوا ئەم کتێبانە زۆر بەسوود دەبێت بۆیان. لەبەر ئەوەش کە نرخەکانیان هەرزانە و دانەی بە ١٥٠٠ دینارە، دەکرێت وەک ڕێنیشاندەرێک بۆ خوێندنەوەی شاکارەکان چاوی لێبکرێت."

سەبارەت بە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم زنجیرەیە و کاری دیکەی هاوشێوە، ناوبراو وتی: "هەوڵ دەدەین هەر لەم مانگەدا ئەم زنجیرەیە بڵاوبکەینەوە. بەس ئەگەر کێشەی مانگرتن و داواکەوتنی ژمارەی سپاردنمان هەبێت، ئەوا ئەوانیش دوا دەکەون. وەک زنجیرەی تر، بەڵێ، چەندین زنجیرەی ترمان بەدەستەوە. کە سەبارەت بە ئەدەبیاتی جیهانییە، یەکێک لەو زنجیرانەش هەڵسەنگاندن و ڕەخنەیە لەسەر ئەدەبیاتی کلاسیک، بەکورتی سەرەتا ناساندن و دوای ئەوەش ڕەخنە."


وتیشی: "زنجیرەکەی ترمان هەیە بەناوی ئەزموونەکان کە لەداهاتوودا یەکەم کتێبی بەناوی ئەزموونەکانی کامۆ بڵاودەکەینەوە. زنجیرەیەکی ترمان هەیە بەناوی ٩٠ خولەک کە ئەویش زنجیرەیەکی زۆر گرنگە و کتێبی یەکەم و دووەمی ئامادەیە. دەتوانم بڵێم ئەم زنجیرانە هەموویان دەکەونە چوارچێوەی کتێبی نەوجەوانان و گەنجانەوە. بۆ هاندانی تازە خوێنەران و ناساندن و هەڵسەنگاندنی کتێبەکان زۆر گرنگن. ئێمە تا ئێستا بە چاوی داخراوەوە کتێبەکان دەخوێنینەوە. ئەم زنجیرە بۆ پێگەیاندنی کولتوری رەخنەش بەسود و تایبەتە."





















هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw