لە گەرمەی خۆپیشانداندا فیلمەکەی نمایشکرد

09/10/2015    16:40

لە گەرمەی خۆپیشانداندا فیلمەکەی نمایشکرد 


Cînema

پشتیوان کەمال

ئێوارەی دوێنێ ٨ ی ١٠ی ٢٠١٥ لە هۆڵی ئینستیتوتی کەلەپوری کورد لە شاری سلێمانی "شوان عەتووف" نوێترین کورتە فیلمی خۆی بە ناوی "باخەکەی باوکم" نمایشکرد. لەپاش کۆتایی هاتنی نمایشی فیلمەکەش هونەرمەندی سینەماکار "حەسەن عەلی" خوێندنەوەیەکی بۆ کورتە فیلمەکە کرد و دواتریش ڕۆشنبیر و بینەران قسەیان لەبارەی فیلمەکەوە کرد. 

چیرۆکی فیلمەکە: 
کەسایەتیەک بە ناوی "ئیبن عومەر کوردی" کار لەگەڵ گروپێکی تیرۆریستی دەکات. ئەم گروپە وا لەو کەسایەتیە دەکەن کە کەسێک سەرببڕێت بەڵام ئیبن عومەر لەو ساتەدا پەشیمان دەبێتەوە، پاشان ئەم کەسایەتیە ئامادە دەکرێت تاوەکو خۆی بە کەسە هەڵگەڕاوەکان لە دین بتەقێنێتەوە. کەسایەتی ئیبن عومەر هەمیشە لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ڕابردووی خۆی، ڕابردوویەک کە تیایدا ئەم کەسایەتیە بە ڕێبازی سۆفیگەری پەروەردەکراوە. 

حەسەن عەلی دەربارەی فیلمەکە وتی، "سینەما ئیشی ئەوەیە فۆکس بخاتە سەر بابەتی گرنگ. دەرهێنەریش لەم کارەدا هاتووە دوو دیوی دینێکمان پیشان دەدات ئەویش سۆفیگەری و سەلەفییە کە بەهۆی سەلەفییەوە گروپە تیرۆریستیەکان دروست دەبن و سۆفیگەریش مرۆڤێکی بەخشندە بەرامبەر سروشت و مرۆڤ دروست دەکات."

هەروەها دەڵێت، "سۆفیگەری خۆشەویستی بۆ مرۆڤ، بۆ سروشت، بۆ خودا زیاد دەکات، بەڵام سەلەفی لەڕێگەی گروپە تیرۆریستیەکانەوە کاریان ئەوەیە خۆشەویستی بۆ کوشتن زیاد بکەن هەمووشی لەپێناو خودادا."

حەسەن عەلی دەڵێت، "ململانێی کارەکتەری سەرەکی لەم کورتە فیلمەدا لەگەڵ خودی خۆیەتی نەوەک گروپە تیرۆریستیەکان. ئەو لەگەڵ خۆی قسە دەکات. خۆی، ڕابردووی خۆی پەشیمانی دەکاتەوە."

دەربارەی فۆڕمی فیلمەکە حەسەن عەلی فیلمەکە بە فیلمێکی ئەزموونی "Experimental" ناوبرد. هەروەها حەسەن عەلی لە میانەی خوێندنەوەی بۆ فیلمەکە لەسەر دیمەنی یەکەمی فیلمەکە وەستا و وتی، "دیمەنی یەکەم هەم لە ڕووی وێنە و هەم لە ڕووی ماناوە دیمەنێکی و گرنگ و جوانە و سەرنجمان ڕادەکێشێت. کەسایەتیەک دەبینین لە تەمەنی منداڵی، گەنجی و ئێستای کە ئەمەش دیمەنێکی گرنگە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بینەران بۆ تەماشاکردنی دیمەنەکانی دواتر و تێگەیشتن لە تەواوی فیلمەکە." 

لەپاش کۆتایی هاتنی خوێندنەوەکەی "حەسەن عەلی"، "ئازاد حەمە" نووسەر و توێژەری بواری فەلسەفە وتی، "بەکاربردنی ئاین بۆ بابەتە ڕۆحیەکان کاری سینەما نییە و کاک شوانیش لەم فیلمەدا هەوڵیداوە پشتگیری ئەو لایەنە ڕۆحیە بکات کە لە ئیسلامدا هەیە." 

لە وەڵامدا حەسەن عەلی وتی کە دەرهێنەر نەهاتووە حوکم بدات، بەڵکو تەنها بەراوردێک دەکات لەنێوان ئەم دوو لایەنە جیاوازەی ئیسلام کە هەن. 

"شوان عەتووف"ی دەرهێنەریش وتی، "من تەنها ویستوومە ئەوە بزانم بۆچی لە ئیسلامدا سەلەفییەت شوێنکەوتووی زۆرە و سۆفیگەری بەو جۆرە نییە."هەروەها وتی، "من پێم سەیرە کورد خاوەنی ئەم هەموو تراجیدیایە بێت و ببێتە جیهادی."




هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw