هێڵی لەڤ لە بوسان دەبێت

10/10/2015    19:37

هێڵی لەڤ لە بوسان دەبێت 


Cînema

پشتیوان کەمال

هێڵی لەڤی گۆرانیبێژ و ئەکتەری کورد لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاند کە لە ئاهەنگی کۆتایی ئەمساڵی فێستیڤاڵی بوساندا لە کۆریای باشوور بەشدار دەبێت و گۆرانی کۆتایی ئەو فێستیڤاڵە دەڵێت.

فێستیڤاڵی بوسان لە ١ی ١٠ بۆ ١٠ ی ١٠ بەردەوام دەبێت و ئاهەنگی کۆتایی فێستیڤاڵەکەش لە ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە دەبێت کە لەو ئاهەنگەدا خەڵاتی براوە بەسەر فیلمەکاندا دابەش دەکرێت.

هێڵی لەڤ نوسیوویەتی، "جێگای شانازییە بۆ من ئەمساڵ لەلایەن فێستیڤاڵەوە تەنها من وەک گۆرانیبێژ هەڵبژێردراوم بۆ ئەو ئاهەنگە بە فەرمیش داوایان لێکردووم گۆرانی شۆڕش بڵێم."

لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا هێڵی لەڤ نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "شۆڕش" بڵاوکردەوە کە گۆرانیەکە هێمای ئاشتی و دژە جەنگی دەدا. ڤیدیۆی ئەم گۆرانیە لە نزیک شوێنی جەنگی کورد بەرامبەر داعش لە دهۆک وێنەگیراوە و تا ئێستا بینەرانی ئەو ڤیدیۆیە ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە.  

بەگوێرەی ماڵپەڕی ڕەسمی فێستیڤاڵەکەبێت هێڵی لەڤ هاوشانی بەهمەنی قوبادی لە فێستیڤاڵەکە دەبێت. ماڵپەڕەکە نوسوویەتی "دوو فیلم کە لەلایەن بەهمەن قوبادی  وەک پڕۆدوسەر و دەرهێنەر کاری تێداکردووە بانگهێشتی فێستیڤاڵەکە کراوە."

یەکێک لە فیلمەکان بەناوی "ژیان لەسەر سنوور" بەهمەن قوبادی پڕۆدوسەری ئەم کارەیە و فیلمەکە لەلایەن ٨ منداڵی شنگال و کۆبانێ وە دروستکراوە. یەکێکی تر لە فیلمەکان بەناوی "ئاڵایەک بەبێ وڵات" باس لە ژیانی هونەرمەندی گۆرانیبێژ هێڵی لەڤ دەکات لەگەڵ نەریمانی فڕۆکەوان.  

هەروەها هێڵی لەڤ نوسیوویەتی، "من وەک ئەکتەریش بەشداری فێستیڤاڵەکە دەبم لەبەرئەوەی ڕۆڵی سەرەکیم هەبووە لە فیلمێکدا کە بۆ یەکەمجارە نمایش دەکرێت."





هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw