نووسینی: ڕۆجەر ئیبەرت
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال
هیچ نهێنیەک لەوەدا نییە کە جۆرج ئۆروێڵ لە ڕۆمانی ١٩٨٤دا ئەو ڕاستیە دەردەخات کە ڕۆمانەکەی دەربارەی داهاتوو نییە بەڵکو دەربارەی ئەو زەمەنەیە کە ئۆروێڵ ڕۆمانەکەی تیادا نوسیووە، ئەو ساڵە پڕ لە بێهیوایانەی پاش جەنگی جیهانی دووەم کە بەڕیتانیا لە برسێتیدا دەژیا. لەو ڕۆمانەدا سۆز و خۆشەویستی وەک تاوان باس دەکرێت و تەماشا دەکرێت، ئەو سۆز و خۆشەویستیەی دەردەبڕدرێت تەنها بۆ سێکس نییە، بەڵکو بۆ کوپێک قاوە و مرەبا و چکلێتیشە. ئەوەی ئۆروێڵ لێی ترساوە لە ناوەڕۆکی ١٩٨٤دا ئەوەیە کە هیتلەریزم، ستالینیزم، حوکمی ناوەند ئەمانە هەموویان پێکەوە یەکبگرن و زەوی بکەنە کەمپێکی زیندانی گەورەی تۆتالیتاری.
فیلمە نایابەکەی مایکڵ ڕادفۆڕد کارێکی باشی کردووە لە دۆزینەوەی ئەو هێڵە لەنێوان جیهانی ئایندەی پاش ١٩٨٤ و سەردەمی پاش جەنگی جیهانی دووەم کە ئۆروێڵ ڕۆمانەکەی تیادا نوسیووە. پاڵەوانەکەی ئۆروێڵ، وینستۆن سمیس، لە جیهانێکی دڕ و پێکدادانی مرۆڤایەتی، کارگە وێرانبووەکان و نائومێدی هاوڵاتیاندا دەژی بۆ ساکارترین ئەو داواکاریانەی کە ئەو هاوڵاتیانە هەیانە.
فیلمەکە بە دیمەنی نوسینەوەی مێژوو لەلایەن سمیسەوە دەست پێدەکات: کاری ئەوەیە دۆکومێنتی حکومەتە کۆنەکە بگۆڕێت تاوەکو لە سەردەمی ئێستادا ڕەنگ بداتەوە. پاشان کچێک دێتە ژیانی سمیسەوە، جولیا، کە لە نووسینێکی کورتدا بۆی دەنووسێت، "خۆشم دەوێیت." سمیس و جولیا دەبنە شۆڕشگێڕ ئەویش بەوەی خۆشەویستی لەگەڵ یەک بکەن، بە جادەکاندا پیاسە بکەن، پێکیشەوە مرەبا بخۆن.
هەموومان دەزانین چیرۆکی ڕۆمانی ١٩٨٤ هێندە ناسراوە کە زۆرینەی خەڵکی دەزانن باسی چیدەکات، بەڵام ئەوەی گرنگە دەربارەی فیلمەکە ئەوەیە کە بەشێوەیەکی زۆرباش توانیویەتی ئەو هەستەی کتێبەکە دەتداتێ، فیلمەکەش هەمان هەست و تامی کتێبەکەی ئۆروێڵت بداتێ. شێوازی کارکردنی ڕادفۆرد لە فیلمەکەدا ئەزموونێکی سەرنجڕاکێشە، هەوڵیداوە وەک چاپلن لە فیلمی "Modern Times" کۆمەڵێک دیالۆگ بەکاربهێنێت کە بۆ ئەوە بەکار نەهاتوون تا بینەر لێیان تێبگات، دێڕەکان بێمانان کاتێک لە تەلەفزیۆنی برا گەورەوە ئەم دێڕانە دەوترێن. چەند فیلمێک لەسەر ئەم ڕۆمانە دروستکراوە و ئەوەی گرنگە دەربارەی ئەم فیلمە ئەوەیە کە زیاتر هەوڵیداوە بچێتە ناو ئەو ڕۆحە تاریکەی کە لەم ڕۆمانەدا هەستی پێدەکەین و لەلایەن ئۆروێڵەوە نووسراوە.
نووسینی: ڕۆجەر ئیبەرت
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال
سەرچاوە: Rogerebert.com