ڕۆجەر ئیبەرت لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال بەشی یەکەم (Cinematheque Francaise) ئەو جێگەسینەماییە کە هەڵبژێردراوە بۆ بەیەکگەیشتنی هەرسێ کارەکتەری سەرەکی فیلمی خەونبینەکان (The Dreamers)ی بێرناردۆ بێرتۆلوچی (Bernardo Bertolucci)، ئەم جێگەیە لە ساڵی ١٩٣٦ لەلایەن هێنری لانگۆیس دامەزراوە. یەکێک لە کارەکتەری فیلمەکە گەنجێکی ئەمریکییە و دوانەکەی تریش خوشک و برایەکی فەڕەنسین. لە بەهاری ساڵی ١٩٦٨ سێ هەسارەی سێکس و سیاسەت و سینەما، خۆیان دایە پاڵ یەکتری و کۆششیان کرد و شۆڕشیان لەسەر شەقامەکانەوە دەست پێکرد. لە پاریس و لەو ساڵەدا، هەوڵەکان لە خۆپیشاندانەوە بوونە شۆڕش و هەموو هەوڵەکانی خۆپیشاندانیش لە نزیک (Cinematheque) ڕوویان دەدا کە ئەمانەش بوونە مەترسیەکی گەورە بۆ حکومەت. لەسەر شەقامەکان سەنگەر هەبوو، ئاگر دەکرایەوە، پێکدادان لەگەڵ پۆلیس ڕووی دەدا. ژان لوک گۆدارد (Jean-Luc Godard) و فیلمەکانی سەنتەری ئەم گێژاوەیان پێکدەهێنا. دەرهێنەرانی تری شەپۆلی نوێی فەڕەنسا و سینەما بە گشتی وەکو پڕوپاگەندەی ئەو شۆڕشە کاریان دەکرد. دوو یادەوەریی ئەو سەردەمە هەن. لە بەهاری ١٩٦٨ لە گەشتێکدا بووم بۆ پاریس. خۆپیشاندەرەکان لە کۆتایی شەقامەکەدا سەنگەریان گرتبوو لەو شوێنەی کە ئوتێلەکەی منی لێبوو. پۆلیسیش لە کۆتایی تری شەقامەکەدا کۆببوونەوە. من لە ناوەڕاستدا بووم، لە دەرەوەی ئوتێلەکە وەستابووم. پۆلیسەکان پەلاماریان دام و منیش هاواری ئەوەم کرد "گەشتیارم!" کاتێک ئەم وشەیەم وت هەستم کرد پۆلیسەکە بە هەڵە تێگەیشتووە و لە فەڕەنسیدا مانای "سکچوون"ی دەدا. دووەمیان یادەوەریەکی خۆشترە. لە ئەپڕیلی ١٩٦٩ بە تەنیشت سینەمایەکدا ڕۆشتم لە شەقامی لینکۆڵن، خەڵکێکی زۆرم بینی لە ژێر چەترەکانیانەوە وەستابوون و چاوەڕێی بینینی فیلمە نوێکەی گۆدارد "Weekend" یان دەکرد. لە ئێستادا خەڵکێکی زۆر نابینیت بچێت بە دیار فیلمێکی گۆداردەوە دابنیشێت بەڵام لەو کاتەدا لە لوتکەی جەنگی ڤێتنامدا، فیلمەکانی گۆدارد زۆر نزیک بوون لە هەستی بینەرانەوە. هەروەها سێکسیش. هاوینی ساڵی ١٩٦٩ من لە هۆڵیوود بووم، سیناریۆم دەنووسی بۆ فیلمی "Beyond the Valley of the Dolls"ی دەرهێنەر Russ Meyer. ئەمەش ئەو کاتە بوو کە سێکس دەهاتە ناو بوارەکەوە و بەشێکیش بوو لە هەستی تەواوی کۆمەڵگا بۆ گۆڕانێکی خێرا کە خەریک بوو ڕووی دەدا. من لێرەدا ناتوانم زۆر بە تەواوی باس لە دەرهێنەر و بایۆگرافیای دەرهێنەر بێرتۆلوچی بکەم چونکە تەنها فیلمی (The Dreamers)م بینیووە، پڕیشم لە توندی و هەستی بەهێزی نۆستالژیا. لە ١٩٦٨ شانزە ساڵ بووم هەر لەبەرئەوەش زۆرینەی عاشقانی فیلم، (The Dreamers) وەک فیلمێکی مێژوویی دەبینن هەروەک فیلمی (Cold Mountain). بۆ من، ئەو ڕووداوە هەر دوێنێیە؛ پێش هەموو شت ئەمە ساتێک دەوروژێنێت کە فیلمەکان، فیلمە باشەکان، کلاسیک و فیلمی نوێش، لە سەنتەری کلتوری گەنجاندا بوون. "نەوەکانی فیلم"، گۆڤاری تایم ئەم ناوەی لێنابووین لە پەڕەی پێشەویدا لەو ساتەدا.