ڕۆجەر ئیبەرت
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال
بەشی دووەم
بێرتۆلوچی دوو ساڵ لە من گەورەترە. دەرهێنەرێکی ئیتاڵیە کە یەکەم گرنگترین فیلمی (Before the Revolution) ی لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا دروستکرد. لە ساڵی ١٩٧٢ فیلمی (Last Tango in Paris) لە نواندنی مارلۆن براندۆ و ماریا شنایدەری نەناسراو ،لە تراژیدیایەکدا دەربارەی دۆڕاندن، پەژارە و سێکسی لەناکاو لەنێوان دوو کەسی نامۆدا، دروستکرد. پاولین کایل دەڵێت، "بێرتۆلوچی و براندۆ فۆڕمی ڕوخساری هونەرییان گۆڕی." باشە، لەو ڕۆژانەدا قسەکردن دەربارەی فیلم بەوجۆرە بوو.
گرنگە ئەو باکگراوندە لە مێشکتدا هەبێت کاتێک دەچیت بۆ بینینی (The Dreamers) چونکە بێرتۆلوچی بەدڵنیاییەوە ئەو کارەی کردووە کە پاولین دەیڵێت. فیلمەکەی هەروەک (Last Tango) بەشێوەیەکی گشتی لە ئەپاڕتمانێکی گەورەی پاریسدا ڕوودەدات. فیلمەکە دەربارەی سێکسێکی لەڕادەبەدەرە. لە دەرەوەی پەنجەرەکانەوە، لەسەر شەقامەکانەوە ئاژاوە هەیە، لە ڕاستیشدا لە چرکەیەکی سیمبۆلی ئاشکرادا، بەردێک لە پەنجەرەکەوە فڕێ دەدرێتە ژوورەوە و بەڵام ژیانی کارەکتەرەکان سەلامەت دەبێت.
سێ کارەکتەرەکە بریتین لە ماتیۆ (Michael Pitt)، گەنجێکی ئەمریکی لە سان دیاگۆوە کە لە پاریس دەژی و دەخوێنێت بۆ ماوەی ساڵێک بەڵام زۆرینەی کاتەکانی لە (Cinematheque) بەسەردەبات، دوو خوشک و برا دوانەکەش بریتین لە ئیزابێل (Eva Green) و تیۆ (Louis Garrel)، دوو منداڵی باوکێکی فەڕەنسی شاعیری بەناوبانگ و دایکێکی بەڕیتانی. ئەو دووانەش زۆرینەی کاتەکانیان لە تەماشاکردنی فیلم بەسەردەبەن. بە تەواوی یەکەم شت کە ئیزابێل بە ماتیۆی دەڵێت ئەوەیە، "تۆ یەکەمین کەسی پاکیت کە بەو شێوە زۆرە سەردانی سینەما بکەیت."
ئەو لە زۆر ڕووەوە کەسێکی پاکە؛ ئەو ئەمریکیەکی ساویلکەی نموونەییە، فیلمەکانیش کۆمەڵێک کەسی نامۆی ئەوروپی پێ دەناسێنێت.
ئەوان نەوەی سینەمان. ئیزابێل بە ماتیۆ دەڵێت، "من هاتمە ئەم جیهانەوە لە (Champs Elysees) ساڵی ١٩٥٩، یەکەمین وشەش کە وتم بریتیبوو لە، "New York Herald Tribune!" بێرتولۆچی دەچێتە دیمەنی یەکەمی فیلمی (Breathless)ی گۆدارد کە لە ساڵی ١٩٥٩دا دروستی کرد، یەکێک لە چرکە دروستکەرەکانی شەپۆلی نوێی سینەما، کاتێک ژان سێبێرگ هاوار دەکات و ئەم وشانە دەڵێت لەسەر شەقامە گەورەکە. بە شێوەیەکی تر، ئەوە شەپۆلی نوێی سینەمایە کە ئیزابێل دەخاتە دنیاوە نەک دایک و باوکی. کۆمەڵێک دیمەنی زۆری تێدایە کە کارەکتەرەکان یەکتری تێدا تاقی دەکەنەوە دەربارەی فیلمەکان، یاخود دیمەنی دروستکردنەوەی دیمەنی ناو فیلمەکان کە بە بیر خۆیانی دەهێننەوە؛ دیمەنێکی جوان هەیە کە تیایدا ئیزابێل بە ژوورەکەدا دەڕوات، دەست لە شتەکانی دەدات، لەوێدا لاسایی گاربۆ دەکاتەوە لە فیلمی (Queen Christina). گفتوگۆیەکی جوانیش ڕوودەدات لەنێوان ماتیۆ و تیۆ دەربارەی ئەوەی کامیان گەورەترن، کیتۆن یاخود چاپلن؟ ماتیۆی ئەمریکی بەدڵنیاییەوە وەڵامەکەی کیتۆن دەبێت. ئەوە تەنها فەڕەنسییە کە بیر لەوە دەکاتەوە چاپلن کەسە گەورەکەبێت.
بەڵام "The Dreamers" ڕێگای بێتۆلوچی نییە بەرەو شتی لاوەکی و ناپێویست. لە ئەپاڕتمێنەکەدا، سێکس دەبێتە سەلماندنی زەمینی و جەنگی زەمینی بۆ بیرۆکە شۆڕشگێڕیەکان لە شەقامەکاندا. ماتیۆ چاوی بەم دووانە دەکەوێت لە (Cinematheque) لە خۆپیشاندانێکدا لەبەردەم ئەو جێگایەدا. پاشان بانگی دەکەنەوە بۆ ئەپاڕتمێنەکەی خۆیان. دایک و باوکی ئەم دووانە بۆ ماوەی مانگێک ئەپاڕتمێنەکە جێدەهێڵن، دووانەکەش ماتیۆ بانگ دەکەن تاوەکو لەگەڵیاندا بمێنێتەوە.
سەرچاوە: RogerEbert.com

