سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
ساڵانە لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان فێستیڤاڵێکی نێونەتەوەیی تایبەت بە فۆتۆگرافی بەڕێوەدەچێت، چالاکییەکانی سێیەمین خولی ئەو فێستیڤاڵە بە ناونیشانی "سنور" لە ١٦ تا ١٩ی ١٠ی ٢٠١٥ بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا ٧٠ فۆتۆگرافەری وڵاتانی جیاوازی دونیا بەکارەکانیان بەشداری دەکەن، لەناویاندا ٣ فۆتۆگرافەری باشوری کوردستانیش بە فۆتۆکانیان بەشدارن، ئەوانیش بریتین لە هەریەک لە فۆتۆگرافەران بنار سەردار، عەلی ئەرکادی و ئارام کەریم.
بنار سەردار یەکێک لەو فۆتۆگرافەرانەی باشوری کوردستان کە بەشداری سێیەمین خولی ئەو فێستیڤاڵە دەکات، دەربارەی فێستیڤاڵەکە بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "فێستیڤاڵی ئەمساڵی ئامەد، سێیەمین خولیەتی و بەناونیشانی "سنور" بەڕێوەدەچێت، واتە ئیشەکانی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە تایبەت دەبێت بە سنور، من بە ئەمساڵەوە دووەمین جارەمە کە بەشداری لەو فێستیڤاڵەدا دەکەم."
وتیشی: "ساڵی پار بە ١٢ فۆتۆ بەشداریم لە فێستیڤاڵەکەدا کرد، ئەمساڵیش بە ٢٣ فۆتۆ بەشداری دەکەم، هەروەها کاتژمێرێکیشیان بۆ تەرخان کردووم تا دەربارەی کارەکانم بدوێم لە فێستیڤاڵەکەدا."