سولی ئۆن وێب فۆتۆی سێلفی لە ئێستادا یەکێکە لە دیاردە باوەکانی ئەم سەردەمە. بەڵام ئەم دیاردەیە لەناو هونەری شێوەکاریدا مێژویەکی کۆنتری هەیە، چونکە زۆر لەهونەرمەندە شێوەکاریەکان پۆرترێتی کەسایەتی خۆیان کێشاوە. ئێستا لە مۆزەخانەی ماوریتس هاوس لە هوڵندا، پێشەنگەیەک بۆ پۆرترێتی کەسایەتی هونەرمەندەکانی سەدەی ۱۷ دەکرێتەوە. ئەم شێوازە لە دروستکردنی پۆرترێتی کەسایەتی هونەرمەندەکان، تەنها بۆ نمایشکردنی کەسایەتی هونەرمەندەکە نەبوە، بەڵکو پەیامێکی تری هەبوە، کە دەرخستنی تواناو شێوازی کارکردنی هونەرمەندەکەیە. ئاریان ڤان سوشتلین رێکخەری پێشەنگەکە دەڵیت: "زۆر لەهونەرمەندەکانی سەدەی ١٧ پۆرترێتی خۆیان نەکێشاوە بۆ ئەوەی نمایشی روخساری خۆیان بکەن، بەڵکو لە رێی ئەم پۆرترێتانەوە ستایڵی هونەری خۆیان دەرخستوە. هونەرمەند رێمبراند بەوە بەناوبانگ بوە بە شێوازە تایبەتیە هونەریەکەی، هەرکەسێک پۆرترێتێکی کەسایەتی خودی هونەرمەندەکەی کڕیبێت، تەنها لەبەر ئەوە نەبوە کە وێنەی هونەرمەندێکی بەناوبانگی هەیە، بەڵکو ئەو تابلۆیە نمونەی تواناو لێهاتویی هونەرمەندەکەیە." بە پێچەوانە فۆتۆی سێلفی ئێستاوە، دروستکردنی پۆرترێتی کەسایەتی هونەرمەندەکان کاتی زۆری ویستوە، دەبوایە بۆماوەیەکی زۆر هونەرمەند بەرامبەر ئاوێنە دانیشێت. ئێمیلی خۆردنکێر بەرێوەبەری مۆزەخانەکە دەڵێت: " لەو نمونانە، پۆرترێتێکی کەسایەتی هونەرمەند ڤاسکولی دەبینین، کە زۆر بەناوبانگ نیە، چونکە بەرهەمی هونەری کەمە. لەم تابلۆیەدا دەبینین، زۆر بەوردی سەرنجی خۆی لەئاوێنەدا داوە. ئەتوانین لە تابلۆکەدا بیبینین کە چۆن تەرکیزی چرکردۆتەوە، هەوڵیداوە هەموو وردەکاریەکانی ریش یان درومانی کراسەکەی دروستبکات." ئەم پێشەنگەیە تا مانگی ۳/۱/۲٠۱٦ کراوەیە، بینەران گەر بیانەوێت سیلفی لەگەڵ ئەم تابلۆیانەدا بگرن، قەدەغە نیە. سەرچاوە: euronews