سولی ئۆن وێب لەدوای ۸ ساڵ بەسەر مردنی هاوسەرەکەی بێرند بێشە کە ساڵانێکی زۆر پێکەوە چەندێن پرۆژەی فۆتۆگرافیان بەرهەمهێناوە، هێلا بێشە لە ۱٠/۱٠/۲٠۱۵ لەتەمەنی ۸۱ ساڵیدا کۆچی دوایکرد. لەساڵانی شەستەکانەوە ئەم دوو هونەرمەندە هێلاو بێرند بێشە گەشتی فۆتۆگرافیان دەکرد بەناو شارە پیشسازیەکانی ئەڵمانیا(بەتایبەتی لە هەرێمی نوردڕاین ڤێستفالن)، فۆتۆی کارگەکانیان دەگرت، ئەو کارگانەی کە ژیانی کرێکاران دەگێڕێتەوە و کلتورەپێشەسازی ژیانی ناوشارەکان پێشاندەدات. یۆرگن روتگەرس سەرۆکی هەرێمی نوردڕاین ڤێستفالن دەڵێت: "ئەم دوو فۆتۆگرافە، دیدی ئێمەیان بۆ کلتوری پیشەسازی دروستکرد. هەرکەسێک بیەوێت لە مۆدێرنەو ژیانی پیشەسازی تێبگات، دەبێت ئەم فۆتۆیانە بناسێت." دەربارەی کارکردن لەسەر بابەتی کلتوری پیشەسازی، هێلا بێشە دەڵێت: "لەسەرەتادا بە بابەتێک دەستپێدەکەیت، بەڵام نازانیت هەموو ژیانت بەو بابەتەوە خەریکدەبیت و بەردەوامدەبیت لەسەری، بابەتەکە زۆر سەرنج راکێشبو، لەو کاتەدا کەم کەس کاریان لەسەرکردبو، بۆیە بۆ ئێمە زۆر خۆشبو کە قوڵبوینەوە تێدا." قوڵ بونەوەی ئەمان لەم بابەتەدا، بەو ئەندازەیەبو کەخۆیان وەک شوێنەوارناسی کلتوری پیشەسازی دەناسی. لەڕاستیشدا وابو یەکێک لەو فڕنی بەرزانەی کارگەکان کە لە ساڵانی ۱۸۹۷ دروستکرابو، ئەمان لە شەستەکاندا فۆتۆیان گرتبو لەساڵی ۱۹۸٦ خرایە لیستی شوێنەوارەکانی جیهان. بۆ ئەم کارە فۆتۆگرافیانەیان، بێرند وهێلا بێشە چەند جاریک خەڵات کراون. وەک خەڵاتی شێری ئاڵتونی بێناڵەی فینیسیا و گۆسلارەر کایزەررێن، هەروەها ساڵی پار هێلا بێشە بەرزترین خەڵاتی کلتوری لە هەرێمی راینهێسن وەرگرت.