لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال
دەرهێنەری خاوەن خەڵاتی جیهانی، کە فیلمەکانی باس لە ئازاری ژیانی هاوچەرخ و دەربڕینی سیاسی دەکات لە وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ماوەی شەش ساڵ حوکمی زیندانی بەسەردا سەپێندرا لەگەڵ لێدانی ٢٢٣ جەڵد بەهۆی ناوەڕۆکی فیلمەکانییەوە.
تۆمەتبارکردنی کەیوان کەریمی یەکەمین جۆری ئەم ڕەفتارە نییە کە حکومەتی ئێرانی ڕووبەڕووی هونەرمەند و ڕۆژنامەنووسان دەیگرێتە بەر بەڵکو چەندین هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس تا ئێستا لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە حوکمی زیندانیان بەسەردا دراوە لەگەڵ ئەوەی وڵاتی ئێران لەگەڵ ڕۆژئاوادا لە نزیکبوونەوەدایە لەبارەی پرسی پڕۆگرامە ئەتۆمیەکەیەوە. کەیسی کەیوان کەریمی ئەوە دەردەخات کە هێشتا حکومەتی ئێران سنووری بۆ ڕادەربڕین داناوە و ئەو هێزە توندوتیژەی لەو وڵاتەدا هەیە هێشتا بەهەمان سیاسەتی پێشوو کار دەکات.
کەریمی بە ئەسۆشیەتد پرێسی ڕاگەیاند، "نازانم چیم کردووە کە دەبێت بۆ ماوەی شەش ساڵ بەهۆیەوە بچمە زیندان. من دەربارەی حکومەت قسەدەکەم، دەربارەی کۆمەڵگا قسەدەکەم، دەربارەی نووسینی سەر دیوار قسەدەکەم، دەربارەی کرێکاران قسەدەکەم. با تەماشای فیلمەکانم بکەن پاشان حوکمم بدەن."
کەریمی و پارێزەرەکەشی (Amir Raeisian) دەڵێن کە دادگا لە ڕۆژی شەممەدا بڕیاری ئەوەی داوە کە دەرهێنەرەکە زیندانی بکەن بەهۆی "ڕێزنەگرتن لە پیرۆزیەکان"ی ئێران لەلایەن دەرهێنەرەوە. ئەو شتانەی دەرهێنەری پێ تاوانبارکراوە بریتییە لە ڤیدیۆ کلیپێک و فیلمێک بەناوی (نووسین لەسەر دیوار) کە باس لەو نووسینە سیاسیانە دەکات کە لەسەر دیوارەکان نووسراون لە شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی ١٩٧٩ ەوە تاوەکو هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩.
میدیای ئێران و دامەزراوە ڕەسمیەکان هێشتا هیچ شتێکیان لەبارەی کەیسی کەریمییەوە نەوتووە. کەریمی و ڕایسیان دەڵێن کە ئەوان داوای پێداچوونەوەی بڕیاری دادگاییکردنەکە دەکەن. کەریمی بە ئازادی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتە.
کەریمی بە فیلمە ڕەش و سپیە مینیماڵیەکەی ساڵی ٢٠١٣ی ناسراوە (The Adventure of the Married Couple). کورتە فیلمەکە لە چیرۆکێکی ئیتاڵۆ کاڵڤینۆی نووسەری ئیتاڵییەوە سەرچاوەی گرتووە. باس لە ژیانی دوو هاوسەر دەکات کاتێک لە دوو شیفتی جیاوازی ئیشێکدا کاردەکەن، کچەکە لە کارگەیەکی قتوو و کوڕەکەش لە دوکانێکی پەیکەری پۆشاکدا. هیچیان قسە ناکەن، تەنها دەنگێک دەنگی ورتە ورتی ئەو شارەیە کە تێیدا دەژین.
فیلمەکە لە زیاتر لە ٤٠ وڵات نمایشکراوەو چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە لەوانە لە ئیسپانیا و کۆڵۆمبیا.
ئەو کەیسەی کە دژی کەریمی کراوەتەوە لە چوارچێوەی ئەو پلانانەدایە کە حەسەن ڕوحانی دایناوە بۆ وەستاندنی بڵاوبوونەوەی کلتوری ڕۆژئاوا لە ئێراندا.
سەرچاوە: Washingtonpost.com