کەیوان کەریمی بۆ سولی ئۆن: ئەم حوکمەی دادگا زۆر ناعادیلانەیە

16/10/2015    17:34

کەیوان کەریمی بۆ سولی ئۆن: ئەم حوکمەی دادگا زۆر ناعادیلانەیە 


Cînema

سولی ئۆن وێب
سازدانی: ئاراس عەبدوڵڵا


دوای ئەوەی فیلمسازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەیوان کەریمی لەسەر فیلمێکی "نووسین لەسەر شار" بەتۆمەتی سوکایەتی کردن بە پیرۆزییەکان و پەیوەندی ناشەرعی لەڕیگەی تەوقەکردنەوە سزای شەش ساڵ زیندانی کردن و لێدانی ٢٢٣ قامچی بەسەردا درا لەلایەن دادگای ئێرانەوە، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەنێو میدیا جیهانییەکان بەدوای خۆیدا هێناو هەر ئەمڕۆش "کۆمەڵەی نووسەرانی ئێران" داوای دەستبەجێی لابردنی ئەو حوکمە دەکەن لەسەر کەیوان و ژمارەیەک هونەرمەندی دیکە.

لە ئێستادا ئەو فیلمسازە کوردەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کەفالەت ئازادکراوە و چاوەروانی بڕیاری کۆتایی دادگا دەکات، لە پەیوەندییەکی تایبەتی سولی ئۆن وێب لەگەڵ ئەو دەرهێنەرە دەربارەی ئەو فیلمەی دەدوێت کە بەهۆیەوە دادگایی کراوە هەروەها باس لەوە دەکات کە ئەو بۆ چ مەبەستێک فیلمەکانی دروست دەکات. هەروەها باس لە هونەرمەندان و فیلمسازانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات کە تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکیان لەسەر ئەم بابەتە دەرنەبڕیوە.


دەربارەی فیلمی "نووسین لەسەر شار" کە بەهۆیەوە دادگایی کرا، کەیوان کەریمی بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "فیلمی "نووسین لەسەر شار" ئیجازەی رەسمیی دەوڵەتی هەیە و هیچ کێشەیەکمان لەو ڕووەوە نییە وەلی دوای بڵاوبوونەوەی فیلمەکە، کە تیایدا ئێمە چەند بابەتێکی دیکۆمێنتیمان لەناو "شۆڕشی سەوز"ی چەند ساڵی ڕابردوو بەکار هێنابوو، توشی کێشە بووین و چەندین جار لە دادگاوە بانگهێشت کراین و بەوە تۆمەتبارکراین کە ئێمە دژی دەوڵەت کارمان کردووە، لەکاتێکدا ئێمە تەنیا وەکو دیکۆمێنت کارمان لەسەر ئەو مەسەلانە کردووە."



سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەو فیلم بۆ چ شتێک دروستدەکات، کەریمی وتی: "من کاتێک فیلم دروست دەکەم، بیر لە لایانی ئیستاتیکی ناکەمەوە ئەوەندەی بیر لەوە دەکەمەوە کە من بۆمبێک دروستبکەم بۆناو کۆمەڵگا، من بۆخۆم بابەتی توێژەری کۆمەڵایەتیم خوێندووە و هەمیشە دەمەوێت فیلمەکانم تایبەتبێت بە بابەتە زیندووەکان، ئەو فیلمانەش کە لەم ماوەی ١٢ ساڵەی کارکردنمدا دروستم کردوون ئەوە پێشان دەدەن، هەربۆیە من هەمیشە چاوەڕیی ئەوەبووم کە لەلایەن دەوڵەتەوە بانگ بکرێم و لێپێچینەوەم لەگەڵ بکرێت، کە لە ڕابردووشدا لەسەر چەند دانە فیلمم ئەوە ڕوویداوە، بەڵام ئەوەی ئەمجارە حوکمێکی زۆر ناعادیلانەیە.

وتیشی: "هەوڵماندا سەرەتا بەبێ دەنگی لەگەڵ دەوڵەت ڕێکبکەوین و حوکمەکە کەم بکەینەوە، بەڵام ئەوان کە دیتیان بێدەنگین حوکمەکەیان زیاتر کرد، پاشان لەگەڵ دۆستان و میدیای دەرەوەدا پەیوەندیمان گرت و وەک دەبینین دەنگدانەوەیەکی جیهانی هەیە ئەم کەیسەی من لە ئێستادا، و هەروەها ئەمڕۆ "کۆمەڵەی نووسەرانی ئێران"یش هاتونە سەر خەت و داوای لابردنی ئەم حوکمە دەکەن لەلایەن دادگاوە."

ڕونیشیکردەوە:"ئەم داواکاریانە لە ئێستادا لە دووخاڵ بەدەر نییە: یان ئەوەتا دادگا بەسەر بڕیارەکەیدا دەچێتەوە و حوکمەکە کەم دەکاتەوە، یاخود بەو حوکمە مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن، ئێمە بۆیە هەوڵماندا میدیای جیهانی ئاگادار بکەینەوە، تا لەحاڵەتێکیشدا ئەگەر ئێمەیان خستە زیندان بەبرچاوی ئەوانەوەبێت و بیبینن."


دەربارەی پشتگیریکردنی هونەرمەندانی کورد لەم کەیسەدا کەریمی وتی: "لە ئێستادا بەداخەوە دەیڵێم تەنیا فیلمسازانی باکوری کوردستان بەدەنگ ئەم کەیسەوە هاتوون و بڕیارە سبەی خۆپێشاندانی ناڕەزایی لەبەردەم کۆنسۆلگەری ئێران لە تورکیا ڕێکبخرێت لەلایەن فیلمسازانی باکوری کوردستانەوە کە بەگەرمی لە پەیوەندیدان لەگەڵ مندا، بەڵام دیسانەوە بەداخەوەم کە هەتا ئێستا نە فیلمسازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نە باشوور هیچ هاو هەڵوێستییەکیان دەرنەبڕیوە لەم مەسەلەیەدا، بگرە فیلمسازانی هاوشاری و هاو وڵاتیی خۆیشم هیچ هەڵوێستێکی وایان دەرنەبڕیوە و تەنیا خەریکی قسە و قسەڵۆکن."
وتیشی: "ئەو فیلسازانەی کە ئێستا لەم کەیسەدا هاتوونەتە سەر خەت بەهیچ جۆرێک هیچ مەسڵەحەتێکیان لەگەڵمندا نییە وەلی زۆر بەگەرمی داکۆکی دەکەن، بەڵام هاوڵاتی و هاو زبانی خۆم بەو جۆرە نین، ئەوانەی کە پاڵپشتی ئەم بابەتە دەکەن لە هەستکردن بە بەرپرسیارییەتەوە ئەم کارە دەکەن."


کەیوان کەریمی لەساڵی ١٩٨٥ لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتووەتە دونیایە و تا ئێستا ژمارەیەک فیلمی بەرهەم هێناوە و خاوەنی چەند خەڵاتێکە کە خەڵاتی جیهانییشی تێدایە.










هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw