دامەزرێنەری سینەمای تورکیا کۆچی دوایی کرد

17/10/2015    16:18

دامەزرێنەری سینەمای تورکیا کۆچی دوایی کرد 


Cînema

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

مەمدوح ئون، یەکێک لە هەرە بەهرەدارترین دەرهێنەرەکانی سینەمای تورکیا بەیانی ڕۆژی هەینی لە شارۆچکەی بۆدروم، لەو جێگەیەی کە خۆی و خانمە ئەکتەری هاوسەری فاتمە گیریک لە ساڵی ٢٠١١ەوە تیایدا دەژین، لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئون لە نەخۆشخانەی بۆدروم کۆچی دوایی کرد کە تیایدا بۆ ماوەی ٢٨٥ ڕۆژ دەبوو لەژێر چاودێری وردی تەندروستیدا بوو، دکتۆرەکانی لە ڕۆژی هەینیدا ئەم زانیاریانەیان ڕاگەیاند. ئون لە ١١ی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردووەوە لە نەخۆشخانە کەوتووە.

ئەم دەرهێنەرە لە ساڵی ١٩٢٠ لە ئەستەنبوڵ لەدایکبووە، ئون بۆ ماوەیەک وەرزشەوان بووە و پاشان هاتۆتە نێو کایەی سینەماوەو سەرەتاش وەک ئەکتەر کاری کردووە لەساڵی ١٩٤٧.لەساڵی ١٩٥١ کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی دامەزراند بەناوی یاقوت فیلم لەگەڵ ئەرشاڤیر ئەلیاناک. چەند ساڵێک پاشتر کۆمپانیای تایبەتی خۆی دامەزراند بەناوی ئوگور فیلم.

جونەیت ئاڕکینی ئەکتەر دەڵێت، "ئون یەکێکە لەو کەسانەی کە سینەمای تورکیایان کرد بەو سینەمایەی کە ئێستا هەیە." لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ڕۆژنامەی زەمانی تورکی، ئارکین دەڵێت: "سینەما هەموو شتێک بوو بۆ ئەو، دایکی، باوکی، خۆشەویستەکەی، ژنەکەی، مناڵەکانی، هاوڕێکانی..."

هەروەها سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەر و مۆنتێریش بووە، کاری دەرهێنانی بۆ زیاتر لە ٧٠ فیلم ئەنجامداوەو لە زیاتر لە ٥٠ فیلیمیشدا نواندنی کردووە. لەو کارە باشانەی ئەنجامی داوە بریتین لە "نیگاری خوێناوی، دوێ شەو".

فیلمەکەی ساڵی ١٩٦١ی "گۆزەی شکاو" پاڵێوراوبووە بۆ بردنەوەی خەڵاتی ورچی زێڕین لە فێستیڤاڵی بەرلیندا.

تورکان شۆرایی خانمە ئەکتەر دەڵێت، "ئون یەکێکە لە کەسە گرنگەکانی بناغەی سینەمای تورکی،" ئەمەش لەکاتێکدا هولیا کۆچییت دەڵێت، "ئون باوکی دامەزرێنەری سینەمای تورکیایە و زمانێکی تایبەتی بۆ ئەم سینەمایە دروستکرد."

بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ڕێوڕەسمێک بۆ ئون ڕێکبخرێت لە زانکۆی هونەرە جوانەکانی میمار سینان لە ئەستەنبوڵ تاوەکو هونەرمەندان و هەوادارانی ئەم دەرهێنەرە ڕێز و ستایشی خۆیان بۆ ئەم دەرهێنەرە دەرببڕن و ماڵئاوایی لێبکەن.

ئاژانسی هەواڵی دۆغان بڵاویکردەوە کە بڕیارە ئون لە ڕۆژی سێشەممەدا بهێنرێتەوە بۆدروم و لەوێ بەخاک بسپێردرێت لە گۆڕستانی تۆربا.

سەرچاوە: TodaysZaman




هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw