فیلمێک دەربارەی جەنگی کۆسۆڤۆ خەڵاتکرا

23/10/2015    12:19

فیلمێک دەربارەی جەنگی کۆسۆڤۆ خەڵاتکرا 


Cînema

سولی ئۆن وێب

فیلمی درامی ساڵی ٢٠١٤ (سێ پەنجەرە و پەتێکی سێدارە) لە دەرهێنانی دەرهێنەری ئەلبانی عیسا قۆجا (Isa Qosja) وەک باشترین فیلمی فێستیڤاڵی تاوان و سزا لە ئەستەنبوڵ دیاریکرا.

فیلمەکە، هەڵبژێردراوی وڵاتی کۆسۆڤۆیە بۆ ٨٧ەمین خولی ئۆسکاری ئەمساڵ، کە باس لە مامۆستایەکی ئافرەت دەکات کە لەلایەن سەربازەکانی سڕبیاوە دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر لە کاتی جەنگی کۆسۆڤۆدا.

یەکێک لە ئەکتەرانی فیلمەکە (Donat Qosja) لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەدا لە ئاهەنگی کۆتایی خەڵاتی باشترین فیلمی بۆ (سێ پەنجەرە و پەتێکی سێدارە) وەرگرت.

لیژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵەکە لەبارەی فیلمەکەوە دەڵێن، "فیلمەکە تەواو شایستەی ئەو خەڵاتەبوو بەهۆی ئەو چیرۆکە ڕەسەنەی لە فیلمەکەدا بوونی هەیە کە دەیەوێت چیرۆکێکی قوربانیی سێکسیمان بۆ بگێڕێتەوە لەکاتی جەنگدا...ئەو نایەکسانیەش کە پاش ڕووداوی دەستدرێژی سێکسی ڕووبەڕووی ئافرەتان دەبێتەوە و سەرزەنشت دەکرێن."

فێستیڤاڵی تاوان و سزا ئەمساڵ لە ئەستەنبول پێنجەمین خولی خۆی ڕێکخست کە تیایدا فیلمی دۆکومێنتەری، کورتە فیلم و فیلمی درێژ نمایشکران و زۆرینەی فیلمەکان لەبارەی یەکسانی و دادپەروەرییەوە بوون. 

فێستیڤاڵەکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١١ لە زانکۆی ئەستەنبوڵ ڕێکخرا لەلایەن فاکەڵتی یاساوە، لەمساڵدا فێستیڤاڵەکە لەسەر بابەتی جیاکاری کاری کردبوو لە نێوان چینەکاندا. فێستیڤاڵەکە لە ١٥ی ئەم مانگەدا دەستیپێکرد و 'Alias Maria' یەکەمین فیلم بوو کە نمایشکرا، کە ئەمیش فیلمێکی کۆڵۆمبیە و باس لە پێکدادانی سەربازی دەکات لە وڵاتانی ئەمریکای باشوور.


سەرچاوە: TodaysZaman






هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw