خانمە چیرۆکنووس باران دەیەوێت شتێک بگێڕێتەوە

23/10/2015    22:15

خانمە چیرۆکنووس باران دەیەوێت شتێک بگێڕێتەوە 


Têkst

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا


"دەبێت شتێک بگێڕمەوە" ناونیشانی نوێترین کۆمەڵە چیرۆکی خانمە چیرۆکنووسی کورد باران-ە کە بڕیارە لەداهاتوویەکی نزیکدا لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشەوە چاپ و بڵاوبکرێتەوە. ئەم کۆمەڵە چیرۆکە حەڤدە  چیرۆک لەخۆدەگرێت کە بە قەبارەی سەد و چل و شەش لاپەڕە چاپ دەکرێت.

دەربارەی ئەم کۆمەڵە چیرۆکەی خۆی خانمە چیرۆکنووس باران بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "ئەم کتێبەم وەک یەکەم کاری خۆم خۆشدەوێت، لەبەرئەوەی ئەزموونی نووسینی ئەوەڵ تا ئێستامی تێدا دەبینمەوە و لە ڕووی چاپەوە زیاتر بە دڵی خۆمە."

وتیشی: "تێما و زەمەنی چیرۆکەکان جیاوازن و تەکنیک و شێوازی گێڕانەوەیان جۆراوجۆرن."

سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی کە چیرۆکنووس دەبێت چی بگێڕێتەوە، ناوبراو وتی: "وەک چیرۆکنووس، هەمیشە شتێکم هەیە بیگێڕمەوە، زۆر ساتەوەخت و هەست هەیە پێویست دەکات لە پەروازی دەقدا بپارێزرێن، تا هەرگیز لەبیرنەچنەوە. خستنە بەر باس و وروژاندنی زۆر بابەت و دیاردە گرنگن تا زیاتر بیریان لێ بکەینەوە. گێڕانەوەی ئەدەبیی زیاترە لەوەی کە لە واقیعدا بەرچاوانە ڕوودەدات، بۆیە هەمیشە دەخوازرێت خوێنەر لە ڕێی هزر و خەیاڵی خۆیەوە، بە وێناکردنی پشت دێڕەکان، زیاتر لەوە تێبگات کە نووسراوە."


خانمە چیرۆکنووس باران، پێش کۆمەڵە چیرۆکی "دەبێت شتێک بگێڕمەوە"، دوو کتێبی کۆچیرۆکی لە ستۆکهۆڵم و لە سلێمانی چاپ کراوە. هەروەها کتێبێکی کۆسەرگوزشتەی لە سویدییەوە وەرگێڕاوە بۆ کوردی و بڵاوبووەتەوە، ئێستا لە زانکۆی ستۆکهۆڵم زانستی شانۆگەری و هونەری ڕەخنەی ئەدەبی دەخوێنێت.








هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw