سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: لاژە تەها
ڕۆژانی ۲٥، ۲٦ و ۲۷ی ۱٠ی ۲٠۱٥ لە هۆڵی ڕۆشنبیریی شاری سلێمانی کاتژمێر ٥:٠٠ ی ئێوارە، شانۆیی (زیاتر ببینە ..بیر بکەرەوە) لە دەرهێنانی ڕەوەند هاوڕێ نماییش دەکرێت.
سەبارەت بەم شانۆییە دەرهێنەر ڕەوەند هاوڕێ بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "لەم نماییشەدا پێنج ئەکتەر ڕۆڵ دەگێڕن، ئەوانیش (ڕێبین سدیق، ئەژین نوری، هێمن نەوزاد، سەرکۆ عارف و ڕاستگۆ بەهادین) و بیرۆکەی ئەم ئیشەش لە هەموو ئەو قەیرانانەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە ئێستای کوردستاندا ئەگوزەرێت."
وتیشی: "ئەم شانۆییە لە ئێستادا لە سلێمانی نمایش دەکەین، دواتر بانگهێشت کراوین بۆ ڤیستیڤاڵی ساڵانەی ئامەد و لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرەو گەرمیان و دەربەندیخان دەڕۆین، بۆ نماییش کردن."
دەربارەی بەشداری نەکردنی سەرۆکی ستۆدیۆی ئەکتەر و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆی سلێمانی سەفین ئەنوەر لەم نماییشەی شاری سلێمانی دا، کە یەکێک لە ئەکتەرەکانی ئەم شانۆییە بوو و پێشتر لە نماییشەکانی ڕابردووی کارەکەدا وەک ئەکتەر بەشداریی کردبوو لە هەولێر، دهۆک و ئەڵمانیا، دەرهێنەری شانۆییەکە ڕایگەیاند: "سەفین ئەنوەر بەهۆی بارودۆخێکی تایبەتی خۆیەوە کە ڕەنگە لەم شارە نەمێنێت و سەفەر بکات، نەیتوانی لەگەڵمان بمێنێتەوە و بەردەوام بێت لە ئیشەکەیا."
جێگای ئاماژە پێکردنە ئەم کارە شانۆییە بەرهەمی گروپی ستۆدیۆی ئەکتەرە لە شاری سلێمانی کە لە رابردوودا لە وڵاتی ئەڵمانیا و هەولێر و دهۆک نماییش کراوە.