سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: لاژە تەها
پڕۆژەی گەمەی کورسیی هەردوو خانمی شێوەکار خۆشی شەوقی و چیمەن ئیسماعیل لە بەرواری ۲۱ ی ۱٠ی ۲٠۱٥ لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی بە ئامادە بوونی کۆمەڵێك هونەرمەند نمایشکرا. کە تێیدا بە بەکارهێنانی ۲٤ کورسیی ئاماژە بە ۲٤ ساڵی دەسەڵاتی کوردی دەکات کە کورسییەکان تێیدا نەگۆڕاوە .
دەربارەی بیرۆکەی پڕۆژەکە شێوەکار خۆشی شەوقی بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "کورسیی لە وڵاتی ئێمەدا ڕۆڵی زۆر ناشرینی بینیوە، بیرۆکەی ئەم کارە هی دوو ساڵ پێش ئێستایە بۆ حکومەت و هەموو حیزبەکان بەبێ جیاوازی، ۲٤ کورسیم بەکارهێناوە وەکو ئاماژەیەك بە ۲٤ ساڵ دەسەڵاتی کوردی و هەر کورسییەك کورسییەکی تری لە باوەشە کە هاونیشتیمانی بۆی نیە داوای بکات.''
هەروەها وتی: "لەسەر قوماشی خام کارم کردووە، چونکە خەڵکەکە بە خام و ناهۆشیار دەبینم، لەبەر ئەوەی ئێمە ناهۆشیارین ئەم جۆرە دەسەڵاتە دروست دەبێ. خامەکەم بە شێوەیەکی بازنەیی داناوە، مەبەستم لێی بەردەوامی دەسەڵاتە. سنورەکانی خوێناوی و ڕەشە وەک چۆن لە ناوەوە شەڕی کورسییە و لە دەرەوە شەڕی دوژمن."
سەبارەت بە کارەکەی خاتوو چیمەنیش وتی"کورسییەکی جوڵاوە و قاچەکانی مشارە کە مافی خەڵك دەبڕێتەوە" لە کۆتایدا خاتوو خۆشی ئاماژەی بەوەدا کە ئەم پڕۆژەیە جارێکی تر نماییش دەکرێتەوە، بە شێوەیەکی فراوانتر و بە بەشداری چەند هونەرمەندێکی شارەکانی تری کوردستان کە ئەم جارە بەهۆی ناهەمواری بارودۆخەوە نەیانتوانی بەشداربن.
وێنەکان لە واڵی خۆشی شەوقییەوە وەرگیراوە


