کتێبێکی دیکەی هاشم ساڵح بە کوردی بڵاودەکرێتەوە

28/10/2015    15:28

کتێبێکی دیکەی هاشم ساڵح بە کوردی بڵاودەکرێتەوە 


Têkst

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا



شوان ئەحمەد کتێبێکی دیکەی د.هاشم ساڵح بۆ زمانی کوردی وەردەگێڕێت و بڕیارە بەم نزیکانە لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشەوە بڵاوبکرێتەوە، ناونیشانی کتێبەکە بریتییە لە "مارتن لوتەر، ڕابەری بوزتنەوەی ڕیفۆڕمی ئایینی لە ئەوروپا" کە تیایدا نووسەر تیشکی خستووەتە سەر هەوڵەکانی ئەو قەشە بەناوبانگەی ئەڵمانیا کە بە باوکی ڕۆحیی بزوتنەوەی ڕیفۆڕمی ئایینی پرۆتستانی لە ئەوروپادا دادەنرێت. هەر وەک وەرگێڕی کتێبەکە ئاماژەی بۆ دەکات؛ لوتەر لە مێژووی خۆرئاوادا بەیەکێک لە کارەکتەرە گرنگەکان ئەژماردەکرێت و لەوانەیە کەتوانیویەتی، بەوشەکانی مێژوو دروست بکات و کاریگەری نەک تەنها لەسەر زمانی ئەڵمانی، بەڵکو لەسەر ڕەوتی ئایین و کلتور و جیهانی مۆدێرنیش جێ بێڵێت.


دەربارەی ڕیفۆڕمی ئایینی و زانیاری ئەو ڕەوتە مێژووییە لەناو ڕۆشنبیریی کوردیدا شوان ئەحمەد وەرگێڕی ئەم کتێبە بۆ خوێنەرانی سولی ئۆن وێب وتی: "ئەڵبەت لەخۆرئاوا و لە كلتورە زیندووەكانی دنیادا بەدرێژایی ئەم پێنج سەدەیە، لەسەر بزوتنەوەی ڕیفۆرمی ئایینی ‌و ناوە دیارەكانی ئەو بوارە، وەك (مارتن لوتەر و جۆن كاڵڤن‌ و ئیراسموس)، كتێب گەلێكی زۆر و باس‌ و خواسێكی بێ‌ شومار نوسراوە و تۆماری مێژووی ئەو بزوتنەوە و كارە گرنگەكانی بەسەركراونەتەوە، بەڵام بۆ ناو ڕۆشنبیریی كوردی تەنها زانیاری سەرپێی ‌و ڕاوبۆچونێكی كورتكراوە و حازربەدەست لەسەر ئەو ڕوداوە گەورەیە (ڕیفۆرمی ئایینی لە ئەوروپا)و ئەو قۆناغە چارەنوسسازە (بازدان لەسەدەكانی ناوەڕاستەوە بۆ دنیای مۆدێرن)، یاخود گواستنەوە لەسستمێكی بیركردنەوەوە بۆ سستمێكی بیركردنەوەی دیكە، لەبەردەستدایە."


دەربارەی کتێبەکەش وتی: "ئەم كتێبە هەوڵێكە بۆ بەسەركردنەوەی ئەو مێژووە و ئەو هەلومەرجە تایبەتی ‌و گشتییەی، مارتن لوتەر گوزەراندویەتی. نووسەری كتێبەكە بەدرێژایی چەندین بەشی جیاجیا، دەیەوێت زۆرێك لەوردەكاریەكانی ئەو قۆناغە و خورپە و دڵەڕاوكێكانی ئەو مرۆڤەمان نیشان بدات، كە دەبێتە باعیسی وەرچەرخانێكی گەورە و گۆڕانكاریەكی چۆنایەتی لە مێژووی مەسیحیەتی ئەوروپیدا دروست دەكات."

ڕوونیشیکردەوە: "كتێبە بەگشتی سەربوردەی تێكشكان ‌و هەستانەوە، ترس‌ و بوێریی، پەناگرتن ‌و پڕكێشیی كردنی مرۆڤێك دەگێڕێتەوە كە توانی لەخۆیەوە دەست پێبكات ‌و بەگۆڕینی خۆشی، مێژویەكی نوێی مەسیحیەتی ئەوروپی بنوسێتەوە."





هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw