سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
کچە فۆتۆگرافەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان چنوور ئەکبەرپوور بە دە پۆرترەتی منداڵانی ئێزیدی بەشداری لە کێبڕکێی نێونەتەوەیی لێنزکاڵچەر دەکات، وەک ئەو فۆتۆگرافەرە ئاماژەی بۆ دەکات؛ ئەم کێبەرکێیە هەموو ساڵێک بە بەشداریی دەیان فۆتۆگرافەر لەسەر ئاستی جیهان پێکدەهێنرێت و بۆماوەی دووساڵە بەردەوامە.
دەربارەی کێبڕکێکە فۆتۆگرافەر چنوور ئەگبەرپوور بۆ سولی ئۆن وێب وتی: "بەرپرسانی کێبەرکێیەکە بەدوای ئەو وێنانەوەن کە لە شێوازی وێنەگریی بەڵگەکاری، گێڕانەوەی تاکەکەسی، وێنەگریی ژورنالیستی، گێڕانەوەی خەیاڵی و شێوازەکانی تردا باشترین بەسەرهات بگێڕنەوە. ئەم جۆرە وێنانە بە لێکدانەوەی بەرپرسانی کێبەرکێیەکە، زۆرترین جەماوەر لە دەوری خۆیاندا کۆدەکەنەوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بە چ زمانێک دەدوێن، خاوەنی چ فەرهەنگێکن، تەمەنیان چەندە و چ ڕوانگەیەکی سیاسییان هەیە."
ئەو فۆتۆگرافەرە بۆ ئەم کێبڕکێیە بە دە وێنەی پۆرترەیتی منداڵانی ئێزیدی بەشداری کردووە، دەربارەی ئەو وێنانە ئەگبەرپوور بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "هەر یەک لەم وێنانەی کە بەشدارن لە کێبڕکێکەدا خاوەنی بەسەرهاتێکی دڵتەزێنن، هەر وێنەیەکی شەڕ دەتوانێ ڕۆلی دژەشەڕی هەبێت، بۆیە من هەوڵی خۆم دەدەم کە لە رێ وێنەکانم بە هەموو دوونیا بلێم کە شەڕی نەخوازراو چی بەسەر منداڵانی کورد و کوردستان هێناوە.
چنوور ئەگبەرپوور لەدایکبووی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و خوێندنی فۆتۆگرافیی لە فێرگەی "وێنەگریی داهێنەرانەی نەرویژ" تەواوکردووە و چنوور بۆخۆی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو لە وێنەگرتندا تیشک دەخاتە سەر ئەو دروشمەی کە دەڵێت: "وێنەیەک زیاتر لە هەزار وشە، شتی بۆ گێرانەوە پێیە."
لێرە کلیک بکە بۆ بینینی ئەو دە پۆررەیتەی چنوور ئەگبەرپوور کە بەشدارە لە لێنزکالچەر
