سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
لە سەرەتای مانگی ١٠ی ئەمساڵدا "ماڵی فیلم" لە شاری کەرکوک دەستی بەکارەکانی کرد، ماڵی فیلم لە ئێستادا وەک ناوەندێکی هونەری کار دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی سینەما لە شاری کەرکوک، لەو چوارچێوەیەدا هەموو ڕۆژانێکی شەممە کاتژمێر ٤:٠٠ی ئێوارە لە هۆڵی ئازادی یەکێک لە فیلمە جیهانییەکان نماییش دەکرێت و دواتر خوێندنەوەیەک لەسەر فیلمەکە پێشکەش دەکرێت و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
دەربارەی "ماڵی فیلم" تەها یاسین سەرپەرشتیاری ئەو ناوەندە بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "ئێمە دەمێک بوو نیازمان بوو "یانەی سینەما" لە شاری کەرکوک دابمەزرێنین، بەڵام وادیاربوو کارەکە کەمێک قورس بوو، لەبەر ئەوەی هیچ لایەنێک نەبوو هاوکاریمان بکات، دواجار لەگەڵ ناسر حەسەن قسەم کرد، بەڕاستی ئەو هاندەرمان بوو بۆ دانانی "ماڵی فیلم"، ئەو بووە هۆکاری سەرەکی بۆ دانانی ئەم ناوەندە."
وتیشی: "لە ئێستادا هەموو رۆژانێکی شەممە فیلمێک نماییش دەکرێت و دواتر گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، ئامانجیش لەم کارە بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی سینەمایە لەناو شاری کەرکوکدا."
ڕوونیشیکردەوە: "دوای ئەم هەوڵە گەر بتوانین خولی تایبەت بە هونەری سینەما دەکەینەوە، ئەگەریش پێشکەوتین دواتر هەوڵدەدەین بۆ دروستکردنی کورتە فیلم، ئەم کارانەش بەڕاستی بەتەنها ناکرێت و کاری سینەما پێویستی بە هاوکاریی ماددی هەیە، لە ئێستادا تەنیا حیزبی شیوعی بە پێدانی هۆڵێک هاوکارییان کردووین و سوپاسیان دەکەین."