لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال
لە بەشی سێیەم و کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا ڤلادیمێر نابۆکۆڤ باسی ئەو شتانە دەکات کە لە خوێندکارەکانییەوە فێری بووە، هەروەها باسی هاوکاری خێزانەکەی دەکات کە بۆ نابۆکۆڤی کردووە لە هەنگاوەکانی ژیانیدا. کتێبێک هەیە خەونی پێوە دەبینێت بینوسێت و دەیەوێت بەو کتێبە یادی بکرێتەوە.
هێربەرت: هیچ لە خوێندکارەکانتەوە فێربوویت لە کۆرنێل؟ ئەزموونەکە تەنها بۆ پارە بوو؟ ئایا وانەوتنەوە هیچ شتێکی باشی فێرکردیت؟
نابۆکۆڤ: میتۆدی وانەوتنەوە ڕێگری دەکات لە هەبوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ خوێندکارەکانم. لە باشترین حاڵەتدا، توانیویانە شتم بیر بخەنەوە. هەر وانەیەک کە وتوومەتەوە نووسراوەتەوە، وە هەمیشەش بە دەنگی بەرز وانەم وتۆتەوە، هەندێ کات وەستاوم تاوەکو ڕستەیەک بنووسمەوە، یان پەرەگرافێک دووبارە بکەمەوە. نازانم ئەگەر بڵێم توانیومە شتێک فێربووم لە وانەوتنەوەوە یاخود نا، بەڵام دەزانم کۆمەڵێک شتی زۆر فێربووم لە ئەنجامی شیکردنەوەی کۆمەڵێکی زۆر ڕۆمان بۆ خوێندکارەکانم.
هێربەرت: هیچ شتێک هەیە کە بتەوێت بیڵێیت دەربارەی ئەو هاوکارییەی هاوسەرەکەت دەیکات بۆت؟
نابۆکۆڤ: لە یەکەمین ڕۆمانمدا ئەو ڕێنوێن و بڕیاردەر بوو بەسەر کارەکەمەوە لە سەرەتای بیستەکاندا. هەموو چیرۆک و ڕۆمانەکانم بە لایەنی کەمەوە دووجار خوێندۆتەوە، لە کاتی تایپ و پیاچوونەوەی وەرگێڕانەکانیش دیسان خوێندونیەتیەوە.
هێربەرت: چ پەیوەندییەکت هەیە بە وەرگێڕانی کتێبەکانتەوە؟
نابۆکۆڤ: زمانەکان دەیزانێ. بۆ نموونە من و خێزانەکەم دەتوانین ئینگلیزی و ڕووسی و فەڕەنسی تێبگەین، وە هەروەها کەمێکیش ئەڵمانی و ئیتاڵی، بێگوومان ووشە بە ووشە سەیردەکەین. لە وەرگێڕانە تورکی و یابانییەکەدا نامەوێت ئەو کارەساتە بهێنمە بەرچاوم کە لە هەر پەڕەیەکدا دەیبینم.
هێربەرت: پلانت چییە بۆ کارەکانی داهاتووت؟
نابۆکۆڤ: ڕۆمانێکی نوێ دەنووسم، بەڵام ناتوانم هیچی لەبارەوە بڵێم. پڕۆژەیەکی ترم بڵاوکردنەوەی سیناریۆی لۆلیتایە کە بۆ کوبریکم نووسیوە. لەگەڵ ئەوەی بڕێکی کەمی لە ڕۆمانەکەی منی وەرگرتووە بۆ فیلمەکەی. فیلمەکەی کوبریک وێنەیەکی شێوێنراوی ڕۆمانەکەی منە کە دیمەن بە دیمەن لە ڤیلایەکی لۆس ئەنجلس نووسیومەتەوە بە ماوەی شەش مانگ. نامەوێ بڵێم فیلمەکەی ئەو خراپە، فیلمێکی زۆر نایابە، بەڵام فیلمەکە ئەوە نییە کە من نووسیومە. هەمیشە لە ڕۆمانەوە بۆ سینەما شتێک لە ڕەسەنایەتی ڕۆمانەکە لەناو دەچێت. پێم خۆشە خەڵک سیناریۆکەی من بخوێننەوە تاوەکو جیاوازی فیلمەکەی کوبریک و ڕۆمانەکەی من ببینن. ئەو سیناریۆیەی من نووسیومە ڕەسەنترین فۆڕمی لۆلیتایە.
هێربەرت: ئەگەر هەڵبژاردنێکت لەبەردەم بێت تاوەکو بە کتێبێک یاد بکرێیتەوە، ئەو کتێبە کامە دەبێت؟
نابۆکۆڤ: ئەو کتێبەی دەینووسم یان خەونی پێوە دەبینم بینووسم. لە ڕاستیدا، من بە لۆلیتا و کتێبەکەم سەبارەت بە یوجین ئۆنیجین یاد دەکرێمەوە.
هێربەرت: هەست دەکەیت هیچ درزێکی ئاشکرا یان نهێنیت هەیە وەک نووسەرێک؟
نابۆکۆڤ: نەبوونی ووشەی سروشتی. شتێکی سەیرە دان بنێی بەمەدا بەڵام ئەمە ڕاستیەکەیە. لە دوو ئامێری تایبەت بە خۆم، زمانی دایک، کە ناتوانم چیتر بە کاری بهێنم ئەمە لەبەر ئەوە نییە کە من خوێنەری ڕووسیم نییە بەڵکو لەبەرئەوەیە کاتێک زمانی خۆمم لە ڕووسییەوە کردە ئینگلیزی ئیتر بەرە بەرە ئەو سەرکەشییەی ناو زمانی ڕووسیش لە مندا کەم بوەوە. زمانی ئینگلیزی، ئەو ئامێرەی کە هەمیشە هەمبووە، لەگەڵ ئەوەی شتێکی زۆر بەنرخە، ڕەنگە زمانێکی زۆر باش بێت بۆ باسکردنی خۆرئاوابوون و مێروو، بەڵام کەس ناتوانێت هەژاری ئەو زمانە بشارێتەوە کاتێک بتەوێت کورترین ڕێگا بەکاربهێنیت بۆ باسکردنی شتێک.
هێربەرت: چۆن بیر لە ڕیزبەندی نوێی نووسەرە هاوچەرخەکان دەکەیتەوە؟
نابۆکۆڤ: بەڵێ، درکم بەوە کردووە کە لێکۆڵەرە پرۆفیشناڵەکانی ئێمە هەر کتێب لە چاپ دەدەن. کێ لە ژوورە، کێ لە دەرە، هەر شتێک باسی دەکەن پێیان وایە سەرنجڕاکێشە. من کەمێ داوای لێبووردن دەکەم کە لە دەرەوە جێدەهێڵرێم. کەس ناتوانێ بڕیار بدات کە من نووسەرێکی ئەمریکی تەمەن ناوەندم یان نووسەرێکی ڕووسی پیر یاخود نووسەرێکی جیهانیی بێ ناسنامە.
هێربەرت: پەژارەی گەورەت بۆ کارەکەت چییە؟
نابۆکۆڤ: کە زووتر نەهاتم بۆ ئەمریکا. پێم خۆشبوو ئەگەر لە سییەکاندا لە نیویۆرک بژیامایە. ڕۆمانە ڕووسیەکانم وەرگێڕدرابان، ڕەنگبوو وانەیەکی بدابا بە کەسە پەرۆشەکانی یەکێتی سۆڤییەت.
هێربەرت: هیچ زیانێکی گرنگ بۆ ناوبانگی ئێستات بوونی هەیە؟
نابۆکۆڤ: لۆلیتا بەناوبانگە، من نا. من بیردەچمەوە، تەواو بیر دەچمەوە، ڕۆماننوسێک کە ناوەکەی ناخوێندرێتەوە.
سەرچاوە: زە پاریس ڕیڤیوو