کلتور وەک پاشکۆ، سەبارەت بە داخستنی پاشکۆ کلتورییەکان

02/11/2015    12:01

کلتور وەک پاشکۆ، سەبارەت بە داخستنی پاشکۆ کلتورییەکان  


Têkst

سولی ئۆن وێب
ئاراس عەبدوڵڵا


ئایا بۆچی کلتور لەناو سەرجەم میدیا و بڵاوکراوەکان لە هەرێمی کوردستان وەکو پاشکۆ تەماشا کراوە، لەکاتێکدا سەرجەمی ئەو میدیا زەبەڵاحانەی کە لە ڕابردوودا زۆر شەرمنانە پاشکۆ یان بەش یاخود سوچێکی بچکۆلەیان بۆ بواری کلتور کردووەتەوە خاوەنی پارە و پاڵپشتی گەورەی حیزبی و بگرە حکومیش بوون. ئایا ئەوەی کە وادەکات لەگەڵ دروستبوونی قەیرانی دارییدا یەکەم شوێن داخستن و کەمکردنەوەی ئەو سوچ و کەلێنە بچوچ بچوکانە بێت چییە؟ ئایا خودی ئەو کەسانەن کە لەو ناوەندانە سەرپەرشتیار و بریار بەدەست بوون و نەیانتوانیوە وا بکەن کە بەڵێ ئەوەی ئەوان لەم سوچە بچوکانەوە خۆیان پێوە سەرقاڵ کردووە و پارەی پێوەردەگرن کاریگەریی هەبووە، نەک ئەوەندەش بگرە داخستنی ئەو شوێنانە یان کەمکردنەوەی چالاکییەکانیان هیچ شۆکێکیش دروست ناکات و بەبێ دەنگی و بەبێ هیچ هەڵوێستێک تێدەپەڕێ و دەکوژێتەوە.
ئەو بابەتە لەسەر چەند ئاستێک دەکرێت لێکدانەوەی بۆ بکرێت، ئەو ناوەندانە ئەوەندەی خۆیان خەریکردووە بە ناوچەیەکی دیاریکراو، حیزب و گروپی دیاریکراوەوە ئەوەندە نەیانتوانیوە تەمسیلی کلتور بکەن لەسەر ئاستێکی بەرفراوانی کوردستان بۆیە لەگەڵ داخستنی ئەو شوێنانە یان کەمکردنەوەی چالاکییەکانی ئەو پاشکۆیانە شتێکی ئەوتۆ ڕوونادات لەبەر ئەوەی وەک وتم ئەوان خۆیان خەریککردووە بە گروپێک لە نووسەر، ڕۆشنبیر و هونەرمەندی دیاریکراوەوە، بگرە جاری واهەبووە بینیومانە لەسەر ئاستی ناوچەش ڕۆژنامە و گۆڤار هەبووە بچووک بووەتەوە بۆ سەر گروپێک کە لە کەسانێکی دیاریکراو یان بۆچونێکی دیاریکراوەوە نزیک بوون، بەدەگمەن یان زۆر کەم هەبووە کەسانی جیاواز لەدەرەوەی ئەو گروپانە ببینین کە بابەتیان لەو ڕۆژنامە و پاشکۆیانە بڵاوبوونەتەوە. لەلایەکی دیکەوە جێی خۆیەتی پرسیاری ئەوە بەجددی بکەین چەندین پاشکۆ لەماوەی ئەو قەیرانە دارییەی ئەم دواییەدا داخران یان پەڕەکانی کەمکرانەوە، ئایا هیچ کاریگەرییەکی دروستکرد؟ ئایا گروپێک لە خوێنەر هەبوو پێکەوە داوا لەو دەزگایانە بکەن و بڵێن با بەردەوام بێت؟ ئایا ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانە وایانکردبوو خوێنەر لەخۆیان کۆبکەنەوە؟ لەکاتێکدا ڕەنگە پاشکۆ هەبووبێت تەنیا ئەو کەسانە خوێندبێتیانەوە کە بابەتیان لەناو خودی پاشکۆکەدا بڵاوبووەتەوە. دەتوانرێت پرسیاری ئەوەش بکرێت کە بۆچی ئەو پاشکۆیانە خۆیان لە پاشکۆیەتی ڕۆژنامە سیاسییەکان ڕزگار نەکرد؟ بۆئەوەی چالاکییەکانیان بەرفراوانتر بکەن و ڕێگای جیاواز بگرنەبەر، ئایا بۆ ئەوە بوو کە بەبێ دەنگی و لە سوچی پاشکۆیەتیدا دەستکەوتە مادییەکەیان بە ماندووبوونێکی کەم دەست بکەوێت؟ یان ئەگەر نا بۆچی؟!
هەر ئەوەی کە لەماوەی ئەو چەندین ساڵەی بەردەوامیی ئەو پاشکۆیانەدا کە نەیانتوانی خۆیان لە پاشکۆیەتی میدیا، گۆڤار و ڕۆژنامەی سیاسی دەرباز بکەن بەسە بۆئەوەی کە بیر لەوە بکرێتەوە پێویستە سەرجەمی ئەو پاشکۆیانە نەمێنن و مامەڵەی جیاواز بگیرێتە بەر بۆ کردنەوەی میدیای بەهێزی کلتوریی وا کە تیایدا گروپ گروپێنە پێوەری بڵاوکردنەوەی بابەت نەبێت، سانسۆری بیروبۆچونێکی دیاریکراو لەئارادا نەبێت و تەنیا بۆ پارە پەیداکردن نەبن. بەڵکو ئەوەی پێوەرە دەبێت خزمەتی کلتور بێت بە گشتی و هەوڵی بەرەوپێشبردنی کلتور بێت.











هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw