نوێترین کتێبی شیعریی دلاوەر قەرەداغی

03/11/2015    22:53

نوێترین کتێبی شیعریی دلاوەر قەرەداغی 


Têkst

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا




"ڕۆژانێک من ئۆکۆردیۆنم دەژەند" نوێترین کتێبی شیعریی شاعیری ناودار دلاوەر قەرەداغییە و چەند تێکستێکی شیعریی لە خۆگرتووە کە لە دوای کۆشیعری ''جادەی مێخەک'' و لە سێ ساڵی ڕابردوودا نووسراون. ئەم کۆمەڵە شیعرەی شاعیر کاری چاپ و بڵاوکردنەوەی لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت.


دەربارەی ئەم کتێبە شیعرییەی خۆی، دلاوەر قەرەداغی بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: ''تێکستەکان بە گشتیی هەوڵێکی ترن بۆ دۆزینەوەی ڕووبەری نوێ و شێوازی تر بۆ گوتن، ئەزموونی خودیی بچووک بچووکی منن بۆ خۆگێڕانەوە. تێکەڵەیەکن لە زوبانی هایکۆ و لە خەیاڵی لیریک و لە نەفەسی حەکایەتبێژیی و لە سۆزی مۆسیقای بێدەنگی و مۆنۆلۆگ. بە گشتی هەوڵدانێکی ترن بۆ نووسینی شیعر. هەوڵدان بۆ نووسینی شیعرێک کە شاعیر دەنووسێتەوە."

وتیشی: "شیعر بۆ من ژیانێکی ترە بە فۆرمی تر و نەریتی تر و ڕیتواڵی تر و زوبانی تر و لە زەمەن و شوێنی تردا. کەواتە دەکرێ بڵێم من خاوەن دوو ژیانم، هەم لێرە و هەم لە شوێنی تر. دوو ژیان کە لە یەکتر جوودا نین، بەڵکو یەکتر تەواو دەکەن و پێکدا دەچن، ئەمیان گوڕی ژیان دەداتە ئەویان و ئەویشیان هێزی نووسین دەداتە ئەمیان."
 
 
نووسەر و وەرگێری ناسراوی کورد دلاوەر قەرەداغی لە دایکبووی شاری سلێمانییە و  ئەکادیمیای هونەرەجوانەکانی لە شاری بەغداد تەواو کردووە. قەرەداغی تا ئێستا خاوەنی ١٠ کۆمەڵە شیعر و کۆشیعرێک و نزیکەی ٥٠ کتێبی وەرگێڕدراوە لە بوارە جیاوازەکانی ئەدەبدا.              


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw