فێستیڤاڵ- سولی ئۆن وێب
دەستەی بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە نۆهەمین خولی فێستیڤاڵەکە لە ئەمساڵدا سازدەکەن. بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە بڕیارە کۆمەڵێک فیلمی کوردی باش نمایش بکەن و لە نێویاندا فیلمەکانی شەوکەت ئەمین و هیشام زەمان لەو فێستیڤاڵە کوردییەدا لە لەندەنی پایتەختی بەڕیتانیا نمایش دەکرێن.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
وه‌ک ده‌زانن سینه‌ما مێژوویه‌كی درێژ و داینامیکیی هه‌یه. فێستیڤاڵی فیلمی کوردیش له 15 ساڵی ته‌مه‌نی پڕ له ئه‌زموونی خۆیدا، ناوێکی به‌رچاوی بۆخۆی درووستکردووه. ئێمه تا ئێستا توانیومانه 8 فێستیڤاڵی چڕ‌وپڕ له‌دوای خۆمان به‌جێبێڵین. ئه‌مساڵیش به‌خۆشحاڵییه‌وه نۆهه‌مین فێستیڤاڵ له شاری هونه‌ر و داهێنان (له‌نده‌نی پایته‌خت) له سینه‌مای ناوداری "هاکنی پیکچه‌رهاوس" سازده‌كه‌ین. جێگه‌ی خۆشحاڵی و شاگه‌شکه‌بوونه که دیسان به کۆمه‌ڵێک فیلمی کوردی زۆر باشه‌وه دڵی دۆستانی سینه‌ما خۆشده‌که‌ین.
فیلم ره‌گه‌زێکی به‌هێز و کاریگه‌ره بۆ ده‌ربرینی هونه‌ریی. سینه‌ما ئاوێنه‌ی بیروباوه‌ڕی خه‌ڵکه و هه‌ست و نه‌ستی هه‌نووکه‌یی میلله‌تێک به‌رجه‌سته ده‌کات. هه‌ربۆیه‌ش پلاتفۆرمێکی وه‌ها گرنگیه‌کی گه‌و‌ره‌ی به‌ده‌سهێناوه له کۆمه‌ڵگای کوردییدا. وه‌کو میلله‌تێک که ساڵانێکی دورودرێژ خه‌ڵکه‌که‌ی خه‌ونیان به وڵاتێکی سه‌قامگیره‌وه بینیوه، سینه‌ما رۆشنایی ده‌خاته سه‌ر خه‌ون و خه‌بات و که‌لتوور و سرووشت و بیره‌وه‌ری و بوونی تاکی کوردی.
ئه‌مساڵ بڕیارمان دا که ژماره‌ی فیلمه به‌شداربووه‌کان که‌مبکه‌ینه‌وه و له به‌یانیان و نیوه‌ڕواندا فیلم پیشان نه‌ده‌ین، تاکو بوار بۆ بینه‌ران بڕه‌خسێنین چێژ له زۆرترین ژماره‌ی فیلم ببینن له ئێواراندا. له پرۆگرامی ئه‌مساڵدا 9 فیلمی به‌هێزی درێژخایه‌نمان هه‌ڵبژاردووه، که 7 له‌وانه بۆ یه‌که‌مین جاره له به‌ریتانیا پیشانده‌درێن. هه‌روه‌ها 11 فیلمی دۆکیومێنته‌ری و 10 کورته‌فیلمیش که له پێنجه‌مین پێشبرکێی ناوازه‌ی خه‌ڵاتی یه‌ڵماز گۆنه‌ی دا به‌شدارده‌بن.
وه‌ک هه‌میشه فێستیڤاڵ به فیلمێکی سه‌رنجڕاکێش و بابه‌تێکی گرنگ و هه‌نووکه‌یی ده‌سپێده‌که‌ین. له ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵی ئه‌مساڵیشدا فیلمێك نمایشده‌كه‌ین كه به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووانه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و کێشه و بارگرانیه پیشانده‌دات که فیلمسازان له شوێنێکی وه‌کو کوردستاندا روو‌به‌ڕووی ده‌بنه‌وه. له‌م فیلمه‌دا به‌رده‌وام به‌ر ئه‌و راستیه ده‌که‌وین که فیلمساز له گه‌شته‌که‌یدا تووشی ده‌بێت. هه‌روه‌ها زبریی ژیان و ئه‌و کێشانه‌ی ده‌بنه ماتریاڵێکی باش بۆ فیلم.
فیلمی "بیره‌وه‌ریه‌کانی سه‌ر به‌رد"ی "شه‌وکه‌ت ئه‌مین كۆركی" گوڕێكی تایبه‌ت به نۆهه‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ده‌به‌خشێت. ئه‌م فیلمه وه‌ک نوێنه‌ری عێراق له هه‌شتاوهه‌شتهه‌مین فێستیڤاڵی ئۆسکاردا هه‌ڵبژێردراوه بۆ باشترین فیلم به زمانێكی بێگانه. هه‌روه‌ها جێی شانازیه که جارێكی تریش میوانداریی فیلمساز "هیشام زه‌مان" ده‌كه‌ین بۆ گفتوگۆی پاش نمایشكردنی فیلمه‌كه‌ی به‌ناونیشانی "نامه‌یه‌ک بۆ پاشا". ئه‌م فیلمه له فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی "گۆته‌بێرگ"دا خه‌ڵاتی باشترین فیلمی ئیسکه‌ندانافی پێبه‌خشراوه.
"کێنان کۆرماز" به فیلمی "رۆیشت: ئه‌وی تر و نه‌ناسراو" به‌ره‌و شوێنێکمان ده‌بات که پێشتر نه‌مانبینیوه. خۆمان له دونیای ئاشوریه‌کاندا ده‌بینینه‌وه که یه‌کێکه له شارستانیه کۆنه‌کانی میزۆپۆتامیا و ئێستاش نه‌وه‌كانیان ناچارکراون خاک و زێدی خۆیان به‌جێبێڵن.
"وه‌ره ده‌نگێ من" تازه‌ترین فیلمی درێژخایه‌ن (فیچه‌رفیلم)ی "حوسێن کارابه‌ی"ه که پێشتر به فیلمی "گیتمه‌ک"، "له‌بیرم مه‌كه ئه‌ی ئیستانبوڵ" و "ئێف تایپ" ناسیوومانه و ئه‌م ده‌رهێنه‌ره خاوه‌نی ده‌یه‌ها فیلمی تری کورت و دۆکیومێنته‌ریه. فیلمه‌که‌ی ئه‌مساڵی به‌شێك له ژیانی کوردانمان پیشانده‌دات له توركیا و ئه‌و نائومێدیه‌ی بۆته به‌شێك له ژیانی رۆژانه‌یان. به‌كارهێنانی ده‌نگبێژ زۆر به جوانی پێشمان ده‌که‌وێت و دنیای ناوه‌وه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانمان پیشانده‌دات. "کارابه‌ی" خۆی له‌كاتی پیشاندانی ئه‌م فیلمه‌یدا ئاماده ده‌بێت که ساڵی پار بۆ یه‌که‌مین جار له فێستیڤاڵی ناسراوی "به‌رلیناله" له به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا پیشاندراوه.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ی باسکرا، جێی شانازییه که له هه‌مان کاتدا چه‌ندین ده‌رهێنه‌ری تر له‌م فێستیڤاڵه‌دا هاوڕێیه‌تیمان ده‌که‌ن. له‌وانه: "ئێڕۆڵ مینتاش" به فیلمی "گۆرانیه‌که‌ی دایکم" که له فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی "سه‌راییڤۆ"دا خه‌ڵاتی باشترین فیلمی به‌ده‌سهێنا. "به‌تین قوبادی" له فیلمه‌که‌یدا به‌ناونیشانی "مه‌ردان" له‌گه‌ڵ خۆی ده‌مانبات و گه‌شتێک به‌ره‌و چیاکان ده‌که‌ین که له‌وێ چیرۆکی بیره‌وه‌ری تاڵ و شیرین ده‌گێڕێته‌وه. "فه‌ریبورز کامکاری" چێژێکی زۆرمان پێده‌به‌خشێت له رێگای پیشاندانی فیلمێکی ناوازه‌وه له جۆری کۆمیدیای ڕه‌ش به‌ناونیشانی "پیتزا ئاداتێری". هه‌روه‌ها "فه‌ریت کاره‌هان" روبه‌ڕووی پرسیاری زۆر قوڵمان ده‌کاته‌وه ده‌رباره‌ی کۆمه‌ڵگای ئێستا له فیلمی " که‌وتنه خواره‌وه له به‌هه‌شت"دا. دواجار "عومه‌ر له‌ڤینتۆگڵو" له فیلمی" ڤانی شین"دا ده‌مانباته نێو دنیای ترسناكی زیندانه‌وه.
ئه‌م ده‌رهێنه‌رانه خۆشیان له‌گه‌ڵمان ده‌بن بۆ پێشاندانی ئه‌م فیلمه ناوازه و سه‌رنجڕاکێشانه که بۆ یه‌که‌مین جار له به‌ریتانیا نمایشده‌کرێن.
سه‌ره‌ڕای فیچه‌رفیلمه‌کان، چانسی ئه‌وه‌تان ده‌بێت 11 فیلمی به‌هێزی دۆکیومێنته‌ری ببینن كه تیایاندا شایه‌تحاڵی ئه‌زموونه‌كانی ئه‌و کۆمه‌ڵگا جیاوازانه ده‌بین له کوردستاندا که له‌م ساڵانه‌ی دواییدا تیشکیان خرایه‌سه‌ر. له‌میانه‌ی فیلمی "N" دا مه‌سیحیه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست باسی چیرۆکی ئاواره‌بوونی خۆیانمان بۆ ده‌گێڕنه‌وه. له فیلمی "73" شدا شایه‌تحاڵی حه‌فتاوسێهه‌مین جار جینۆسایدكردنی ئێزیدییه‌کان ده‌بین. له فیلمی " بێڕۆژ" دا سه‌رمان له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی خه‌ڵکی "کۆبانی" ده‌سوڕمێت.
هه‌ردوو فیلمی "دایکه به‌فرۆ" و "هێڤی" نموونه‌ی به‌رخۆدان و ئازایه‌تی و به‌رگریكردنی ژنانی کوردن. له "دایکه به‌فرۆ"دا به ته‌واوی ویژدانمان ده‌جووڵێت کاتێک دایکێک 33 ساڵی به‌رده‌وام و لێبڕاوه به دوای کوڕه‌که‌یدا ده‌گه‌ڕێت. فیلمی "هێڤی" نه‌خشه‌ی سه‌فه‌ری "سه‌کینه جانسیز" و سێ ژنی تری كوردمان ده‌خاته پێشچاو كه ساڵی 2013 له پاریس شه‌هیدکران.
نۆهه‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی، به‌شانازییه‌وه پێشبڕکێی خه‌ڵاتی فیلمی یه‌ڵماز گۆننه‌ی دێنێته‌وه خزمه‌تتان. هه‌ربۆیه به تامه‌زرۆییه‌وه چاوه‌ڕێی بینینی 10 کورته فیلمی زۆر نوێ و ناوازه ده‌که‌ین که له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان به‌رهه‌م هاتوون و پێشبڕکێ ده‌که‌ن بۆ به‌ده‌سهێنانی خه‌ڵاتی ئه‌مساڵی یه‌ڵماز گۆننه‌ی.
ساڵی 2011 له حه‌وته‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی‌دا، نمایشی کورته‌فیلمی "باڕک/ سه‌گوه‌ڕ" مان کرد. له‌م فیلمه‌دا "حاجی لوقمان بیرلیك" رۆڵی سه‌ره‌كیی ده‌بینی که له دووی مانگی ئۆکتۆبه‌ری ئه‌مساڵدا زۆر دڕندانه له‌لایه‌ن پۆلیسی توركیه‌وه له "شیرناخ" شه‌هیدکرا. هه‌ربۆیه دیسان ئه‌مساڵ ئه‌م فیلمه نمایش ده‌که‌ینه‌وه تاوه‌کو یادی هونه‌رمه‌ند و هاوڕێمان "حاجی لوقمان" به‌رزڕابگرین و ژیانی ئیلهامبه‌خشی ئه‌م پیاوه له یاده‌وه‌ریماندا جێگای كۆتاییهاتنه تراژیدیه‌كه‌ی بگرێته‌وه.
له‌کۆتاییدا ده‌مانه‌وێت زۆر سوپاسی ده‌رهێنه‌ره كورده‌كانمان بكه‌ین که له بارودۆخێکی وه‌ها سه‌ختی وه‌ك ئێستای کوردستاندا فیلمه‌کانیان به‌رهه‌مهێناوه. هه‌روه‌ها سوپاسی ستافه خۆبه‌خشه‌كه‌مان ده‌كه‌ین که به‌خۆشحاڵییه‌وه کاتی زێڕینی خۆیان ته‌رخانکردووه بۆپشگیری و به‌ڕێوه‌بردنی فێستیڤاڵ و ئاماده‌کاریه‌کان. دیسان سوپاسی سپۆنسه‌ره‌كانمان ده‌كه‌ین که سازدانی ئه‌م فێستیڤاڵه گرنگ و ناوازه‌یه مه‌یسه‌ر ده‌که‌ن.
هیوادارین كاتێكی خۆش له‌گه‌ڵ فیلمه‌كان و فێستیڤاڵه‌که‌تاندا به‌سه‌ربه‌رن!