ژیان جوان نییە و جێی مرۆڤی هیواداری تێدا نابێتەوە

07/11/2015    21:50

ژیان جوان نییە و جێی مرۆڤی هیواداری تێدا نابێتەوە 


Têkst


سولی ئۆن وێب
لاوک ئەبوبەکر


فەلسەفەی ئەبسێرد، وەک گرنگترین کایەیەکی فەلسەفەی سەدەی بیستەم، ئەوکات و ئێستایش ڕۆڵی هەبووە لە ئاڕاستەکاریی مرۆڤە بێهوودەکان. ئەلبێر کامۆ یەکێک بوو لە گرنگترین ئەو نووسەرانەی شیتەڵی ئەو کایەیەی کرد و بە نووسینەکانی پێی لەسەر گرنگییەتی پووچگەرایی لە چەرخی ئەمڕۆدا داگرت. تەواوی کارەکانی کامۆ لەو بازنەیەدا دەخولێنەوە کە ”دەکرێت مرۆڤی بێهوودە چیبکات؟“ جگە لەوەی لە مرۆڤی یاخی و ئەفسانەی سیزیف‌ـدا بە وردی کاری لەسەر وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە کردووە، لێ لە پێش بەدواداگەڕانی ئەو وەڵامە، کامۆ دێ و مرۆڤی بێهوودەمان پێدەناسێنێت. ئەو مرۆڤەی چەرخی ئەمڕۆ و مرۆیەکانی ناوی دەرچەیەکی ڕوونی ئاسۆیان بۆ نەهێشتووەتەوە، دەشێ چۆن بژێ؟


مێرسۆ؛ کاراکتەرە بێهوودەکەی کامۆـیە. جیا لە کارە فەلسەفییەکان، بۆ ناساندنی مرۆڤی بێهوودە، کامۆ پەنادەباتە بەر ئەدەبیات و لەڕێی ڕۆمانی نامۆـوە، ڕووداوگەلێکی سادە دروستدەکات و مێرسۆـی بێهوودە دەکاتە سەنتەری. کامۆ لەدەستپێکی ڕۆمانەکەوە، بە دێڕێک گوزارشت لەو بێهوودەیییە دەکات:
"ئەمڕۆ دایکم مرد. لەوانەشە دوێنێ مردبێت. نازانم."
ئەم دێڕەی ڕۆمانەکەی پێ دەکرێتەوە، ڕەنگە بەس بێت بۆ ئەوەی بزانرێت بە درێژایی ڕۆمانەکە، مێرسۆ چۆن کردار دەنوێنێت. بێباکییە لە ڕادەبەدەرەکەی بەرامبەر هەموو ئەوانەی لەنزیکییەوە دەگوزەرێن، نموونەی ئەو حەوسەڵەنەمانەی مرۆڤی مۆدێرنە کە ئاگایی لەو گوزەراندنە ناکۆتا خراپە خەریکە دەیانخنکێت. هەموو ئەو بەها و نۆرمانەی هۆکاری ئەو بێهوودەییەی مرۆن، مێرسۆ تێکیاندەشکێنێت. ئەو لە سەر تەرمی دایکی، دەخواتەوە و سیگار دەکێشێت. دەبێتە هاوڕێی دراوسێیەکەی بە بێ ئەوەی بۆی گرنگ بێت کەسێتیی چییە. دوابەدوای کوشتنی عەرەبێک لەبەر لاچوونی تیشکی خۆر لەسەر چاوی، لەبەردەمی دادگەر ‌ناپاڕێتەوە. ئەو شەوەی بۆ بەیانییەکەی لە سێدارە دەدرێت، ڕووبەڕووی قەشەی کڵێسا دەبێتەوە و پیرۆزییەکانی لە کەدار دەکات...

دەشێت هەموو ئەم ڕووداوانە و ئەوانەی دیکەیش، شرۆڤەی ئەو مرۆڤگەلە بن کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئامادەییان هەیە. ئامادەییان هەیە و ناشیانهەوێت جێیبهێڵن. بە ژیانەوە نووساون و بێهوودەیی و بێباکیان ڕۆژ دوای ڕۆژ تاودەسەنێ. کامۆ و فەلسەفەی ئەبسێردەکەی، لە دواییدا چارەی ئەمە دەکەن. بەوەی "ژیان جوان نییە و جێی مرۆڤی هیواداری تێدا نابێتەوە." کە مرۆڤی بە ئومێد لە ڕێی ژیاندا بەر ئەو ناشیرینییە دەکەوێت، وەک ژان باپتیست کلامەنس‌ـی کاراکتەری ڕۆمانی "کەوتن"، دەکەوێت. ئیتر ئەستەمە هەستانەوەی. بۆیە دەبێت مرۆڤ نائومێد بێت و لە پاڵیدا لای هەقیقەت بێت کە ژیان جوان نییە. ئیتر لە زۆرانێکی نابەرامبەری بەردەوامدا دەبێت و تا ناکۆتا دەجەنگێ.“ ‌مێرسۆ؛ نوێنەری گشت بێهوودەکانی سەر زەوییە. هەڵبەت بە ڕابەرایەتی کامۆ.

گرنگە تاکی پووچبین، دوای خۆناسینی لە ڕێی نامۆیی مێرسۆـوە، هەوڵی ناسینی سیزیف‌ـیش بدات. تا ئەو فۆرمە لە ژیانکردنەی سیزیف هەیەتی، وەربگرێت و لەگەڵ بێهوودەییەکەیدا ڕێکیبخات. دواجار مێژووی یاخیبوونی بێهوودەکانیش لەڕێی مرۆڤی یاخی‌ـیەوە بخوێنێتەوە. تا مرۆڤی بێهوودە؛ لێرەبەدوا و بەنائومێدییەوە، لە ڕێی شەڕکردن لەگەڵ ژیاندا، بەرهەمدار بێت.


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw