سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: لاژە تەها
بڕیارە ئەمڕۆ ۹/۱۱/ ۲٠۱٥ کاتژمێر ٥:٠٠ی پاش نیوەڕۆ لە هۆڵی میدیای شاری هەولێر، شانۆیی ڤانیا نماییش بکرێت، لە نوسینی ئەنتۆن چیخۆف و دەرهێنان و ئامادەکردنی کامەران ڕەئوف، لەلایەن تیپی شانۆیی شار. ئەم شانۆییە دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بەو پرسەی کە تا چەند گرنگە نماییشە شانۆییەکان لە ئاستێکی لۆکاڵیی شارێکدا نەمێننەوە و لە سەرجەم شارەکانی تری هەرێمی کوردستان نماییش بکرێت، دەرهێنەر کامەران ڕەئوف بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "گرنگییەکی زۆری هەیە، ئەمە ئاڵوگۆڕێکی ڕۆشنبیریی و کلتورییە لە نێوان شارەکان و هونەرمەندان، هەروەها بۆ دەرەوەی وڵاتیش سەلماندنی بونتە."
دەربارەی دەقی شانۆییەکە دەرهێنەر ئاماژەی بەوەدا کە سوودی لە هەردوو دەقی (خاڵ ڤانیا) و (باخی گێلاس) ی چیخۆف وەرگرتووە، و دەقێکی نوێی لێ دروستکردون.
جێگای ئاماژە پێکردنە شانۆیی ڤانیا لە ڕابردوودا بۆ ماوەی ۱٠ ڕۆژ لە شاری سلێمانی نماییش کراووە، و بەشداری فستیڤاڵی سەقزی کردووە لە ئێران.