سولی ئۆن وێب دروستکردنی دیواری بەرلین کە لە ١٣ی ئۆگەستی ١٩٦١ دەست بەدروستکردنی کرا و لە ٩ی نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٨٩شدا ڕووخێنرا، ئەم دیوارە ڕووخسارێکی ئەندازیاریی بۆ جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا دروستکردبوو ببووە مەیدانێکی باشیش بۆ دروستکردنی فیلم چونکە بەبەردەوامی چیرۆکی تراژیدیا لەم جێگایەدا ئامادەیی هەبوو. دەرهێنەرە مەزنەکانی هۆڵیوود وەکو بیڵی وایڵدەر و ئەلفرێد هیچکۆک یەکێک بوون لەو دەرهێنەرانەی کە یەکەمجار دەستیان کرد بە دروستکردنی فیلم لەو شارە جیاکراوەیەدا. بەڵام لە پاش هەشتاکانەوە، کاتێک ئایدۆلۆژیای یەکێتی سۆڤیەت لەو ناوچەیەدا ڕووی لە ڕووخان کرد، دەرهێنەرە ئەڵمانیەکان خۆیان دەستیانکرد بە دروستکردنی فیلم سەبارەت بە مێژووی شار و وڵاتەکەیان. فیلمەکان: ئەو سیخوڕەی لە سەرماکەوە هاتە ژوور یەکێکە لە بەناوبانگترین فیلمەکان کە دەربارەی دیواری بەرلین دروستکراوە لەساڵی ١٩٦٥، لەلایەن پاوڵ دێنەوە سیناریۆکەی نووسراوە و دەرهێنەری ئەمریکی مارتن ڕیت کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجامداوە. ئەم فیلمە لە کتێبێکەوە لەژێر هەمان ناونیشاندا وەرگیراوە و ڕووداوەکانی ناو فیلمەکە لە بەرلین دەست پێدەکەن و لە بەرلینیش کۆتایی دێن "لە ئینگلتەرا و ئیرلەندا وێنەگیراوە". مەراسیمی ناشتن لە بەرلین لەلایەن دەرهێنەر گەی هامیڵتۆن کاری دەرهێنانی بۆ کراوە لەساڵی ١٩٦٦، ئیڤان جۆنس سیناریۆکەی نووسیووە. لە بەرلین وێنەی گیراوە و لە کاتی دروستکردنی فیلمەکەشدا لە نزیک خاڵی پشکنینی چارلییەوە سەربازەکانی ڕووسیا لە دیوی ئەودیوی دیوارەکەوە هەوڵیان دەدا دیمەنەکان بشێوێنن ئەویش بە تێکدانی ڕووناکی دیمەنەکان. یەک، دوو، سێ بیڵی وایڵدەری دەرهێنەری ئەم فیلمە دەرهێنەرێکی نەمسایی جولەکەیە کە سیناریۆی فیلمی نوسیووە لە ئەڵمانیا تا ئەو کاتەی لەساڵی ١٩٣٣ کۆچ دەکات، دووجار گەڕاوەتەوە تاوەکو کاری کۆمیدیی سیاسیی دروست بکات. وایڵدەر لەو ڕۆژەی دیواری بەرلین دروستکرا خەریکی دروستکردنی فیلم بوو، دەبوایە کاستی فیلمەکەش بەرەو مونخ بڕۆن. کاتێک فیلمەکە نمایشکرا دەرهێنەر و نووسەری فیلمەکە وەک پێشەکی فیلمەکە کۆمەڵێ قسەی کورتی کرد کە تیایدا ڕەخنەی توند لە ئەمریکا دەگرێت چونکە هیچ ڕێگرییەکی نەکردووە لە دروستکردنی ئەو دیوارەی لەو شارەدا دروستکراوە. ڕەخنەگرەکانی ئەو سەردەمە ئەم فیلمەیان بە فیلمێکی خراپ ناوبردووە بەڵام لە ئێستادا یەکێکە لە فیلمە کۆمیدییە سیاسییە هەرە باشەکان کە دروستکرابێت. پەردەی دڕاو بۆ چەند دەیەیەک ئەلفرێد هیچکۆک یەکێک بوو لەو دەرهێنەرانەی کە کێشە سیاسیەکانی لە فیلمە پڕ لە ترسەکانیدا نیشان دەدا. فیلمی پەردەی دڕاو لە ساڵی ١٩٦٦ بڵاوکرایەوە و چیرۆکی فیلمەکەش دەربارەی دروستکردنی دیواری بەرلینە. فیلمەکە لە بەرلین و کۆپنهاگن وێنەگیراوە. باڵەکانی خواستن ویم وێندەرس لەساڵی ١٩٨٧ دوو ساڵ پێش ڕووخانی دیواری بەرلین فیلمی باڵەکانی خواستنی دروستکرد. لەو فیلەمەدا دوو فریشتە، دوو فریشتەی ڕاستیی بە باڵ و شێوەئاسای فریشتەوە گوێیان بۆ هەموو ئازارەکانی بەرلین ڕاگرت. ژیانی ئەوانی تر دۆنەرشمارک لەساڵی ٢٠٠٦دا فیلمی ژیانی ئەوانی تری دروستکرد. باس لە پێش ڕووخانی دیواری بەرلین دەکات کە تیایدا بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەو شارە لەلایەن هێزی پۆلیسەوە بە تەواوی کۆنترۆڵکراوە. لە ساڵی بڵاوکردنەوەی ئەم فیلمەدا لەلایەن زۆربەی ڕەخنەگرەکانی جیهانەوە بە باشترین فیلمی ساڵ دەستنیشانکرا. خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی ئۆسکاری بردەوە. ماڵئاوا لێنین وۆڵفگانگ بێکەر لەساڵی ٢٠٠٣ ماڵئاوا لێنینی دروستکرد بە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشەوە. کریستیان بڕوایەکێ بەهێزی هەیە بە کۆمۆنیستی. لە تەواوی ساڵانی ٧٠ و ٨٠کاندا هەوڵی ئەوە دەدات سوودەکانی کۆمۆنیست بۆ ڕۆژهەڵاتی بەرلین باس دەکات. پاشان بەهۆی نەخۆشییەوە دەچێتە کۆماوە و پاش ٨ مانگ ئاگایی بۆ دەگەڕێتەوە. دکتۆرەکان بە ئەلێکسی کوڕی دەڵێن کە لە هەر شۆکێکی تر دایکیان بپارێزێت. ساڵی ١٩٨٩ دێت و دیواری بەرلین دەڕووخێت لەگەڵ خۆشیدا کۆمۆنیستی لەو شارەدا لەناو دەبات. ئەلێکسی کوڕی هەوڵی ئەوە دەدات کە بەرلینی کۆن لە ژوورەکەیاندا بهێڵێتەوە و هەرگیز هەست بە گۆڕینی دنیا نەکات.