سولی ئۆن وێب ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا بەینالەی ساڵانی نێونەتەوەیی ئەستەنبوڵ کە ماوەی ٢٥ ساڵە چالاکییەکانی خۆی بەڕێوەدەبات، ئەمساڵیش لە مانگی یانزەدا دەستی بەکارەکانی کرد، لەم ئیڤێنتە کلتورییەدا گەلەری و ڕێکخراوە هونەری و ئەدەبییەکان ئامادەکاریی بۆ دەکەن تا باشترین کتێب و هونەرمەندی بە ئەزمون لە چالاکییەکەدا بەشداریی پێبکەن. لەو چوارچێوەیەدا و لە چالاکیی ئەمساڵی بەینالەی ئەستەنبوڵدا هونەرمەندی شێوەکاری کورد عوسمان ئەحمەد بەژمارەیەک لە کارە هونەرییەکانی بەشداری دەکات و کارەکانیشی دەبێتە جێی سەرنجی ئامادەبووانی ئەو پێشانگا نێونەتەوەییە کلتورییەی ئەستەنبوڵ. سەبارەت بە چۆنییەتی بەشداری کردنی خۆی لەو ئیڤێنتە کلتورییەی ئەستەنبوڵدا، هونەرمەند عوسمان ئەحمەد بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "من مانگی ٤ی ئەمساڵ پێشانگایەکم هەبوو لە دیاربکەر کە دەربارەی گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانم بوو لە ئەنفالی ١٩٨٨دا، هەموو تابلۆکانم باسیان لە بەردەوامیی جینۆسایید و کوردکوژی و بەردەوامیی ئەو دۆخەی دەکرد لە کوردستان بە یەزیدی و مەسیحی و نەتەوەکانی تریشەوە." وتیشی: "ئەم تاقیکردنەوەیە کەم وێنە بوو لە تورکیادا، بەوەی کە لە شارێکی وەک ئامەددا بتوانین باسی کوردکوژی و ئازارەکانی کورد بکەین، لێرەوە سوپاسی "بارش ستیڤان" دەکەم کە ڕێکخەری پێشانگاکە بوو و هاوکارییەکی زۆری کردم و بۆ ماوەی یەک مانگ پێشانگاکە بەردەوامیی هەبوو." ڕوونیشیکردەوە: لەو پێشانگایەدا سەرۆکی ڕێکخراوی هونەری بەئەزمون "Karsi Sanat Calismalari" زۆر سەرسامیی خۆی بۆ کارەکان دەربڕی و ئاگاداریان کردمەوە کە کارەکانم لە بەینالەی ٢٠١٥دا بەناونیشانی "شاهیدەکانی دوێنێ" بەشداری دەکات و منیش بەخۆشحاڵییەوە ڕازیبووم. ئێستا فرسەتێکی زۆر گەورەیە کە گەورەترین و باشترین شوێنی بەینالەکەیان بۆ داناوم، لەگەڵ ڕەچاوکردنی تەکنیکی هونەری." هونەرمەندی ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لەم پێشانگایەدا بە ٢٠ تابلۆی قەبارە گەورە و ٢٥ تابلۆی قەبارە بچوک بەشداریم کردووە، بابەتی تابلۆکانیش باس لە یادەوەریی جەنگ و ئەنفال دەکات لە ناوچەکەدا، کارەکانم لە کاتێکی هەستیاردا دروستکردووە، بەڵام هیچکات ترسم نەبووە و هەوڵداوە بەربەستی زیاتر بشکێنم لەبەرانبەر ڕێگرییەکان، چونکە باوەڕم وایە زۆر گرنگە بتوانین ئازاری نەتەوەکەمان وەک مرۆڤ بەرینە ناو چالاکییە جیهانییەکانەوە، بەتایبەتی بۆ ئەم پێشانگایە کە لەناو ڕژێمێکدایە کە تا سەرئێسقان ڕێگری لە ئازادییەکان دەکات." هونەرمەند عوسمان ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا ئەوە دەخاتەڕوو کە چاوەڕوانی ڕێگری و کێشەی زۆری کردووە کە بۆی دروستبکرێت لەم پێشانگایەدا بەڵام تا ئێستا هیچ کێشەیەک ڕووینەداوە و بینەرێکی زۆر ڕوو لە پێشانگاکەی دەکەن و وێنە دەگرن و تێبینی دەربارەی تابلۆکان لای خۆیان دەنووسن.