بە هونەری سەما توێژینەوەیەک لەگەڵ زیندانییان و ئاوارەکان ئەنجام دەدات

10/11/2015    13:50

بە هونەری سەما توێژینەوەیەک لەگەڵ زیندانییان و ئاوارەکان ئەنجام دەدات 


Şano

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا



دوای ئەوەی لە دوایین گەڕانەوەیدا بۆ کوردستان چەند کارێکی هونەریی ئەنجامدا هاوکات هونەرمەندی سەماکاری کورد کاروان عومەر چەند چالاکییەکی دیکەی تایبەت بە هونەری سەمای لەگەڵ ژمارەیەک لە زیندانیان و ژنانی ئاوارەدا ئەنجامدا، وەک هونەرمەندی ناوبراو ئاماژەی بۆ دەکات ئەو چالاکییانەی لەچوارچێوەی توێژینەوەیەکدا ئەنجام داوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەستی پێکردووە و یەکەمین هەنگاوی ئەو توێژینەوەیەش لە نەخۆشخانەی "سۆز" و "شەهید سەڵاح"ی دەرونی و هەروەها نەخۆشخانەی "هیوا" بۆ شێرپەنجە ئەنجامدراوە.

سەبارەت بەو چالاکییە و چۆنییەتی ئەنجامدانی، هونەرمەند کاروان عومەر بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "لە ڕێگای هاوڕێم ناسک قادر کە هەستا بە ڕێکخستنی کاتەکان لە ڕێکخراوی UNFPAی نێودەوڵەتی لە سلێمانی، توانیم بە سەما سەردانی زیندانیانی ژنان و پیاوانی سلێمانی و ئاوارەکانی هەولێر و ژنانی یەزیدیی ڕزگاربووی دەستی داعش بکەم."

وتیشی: "سەما بۆ ئەو ژنانەی مۆسیقا و سەما و ژیانی تایبەتیان هەبوو بەڵام و مۆسیقا و ژیانیان لاقە کرا، سەما ئەو ڕابردووەیان دەگەێنێت بە ئێستایان، هیوایەکە بۆ ژیانێکی ئازاد، ژیانێک کە خۆیان چیرۆکەکانیان و خەمەکانیان بگێڕنەوە و بەرەو ژیانێکی نوێ هەنگاو بنێن. لەلایەکی دیکەوە پرۆژەکە بریتیبوو لە سەما بۆ ئەو ژنانەی کە لەدەرەوەی کۆمەڵگا ژیان بەسەردەبەن، سەما بۆ ئەو ژنانەی لە دڵەڕاوکێ و ترسی بەردەوامدا دەژین، وەک چٶن لە کۆمەڵگادا ئازاد نەبوون. سەما بۆ ئەو کەسانەی کە چەندەها پرسیار و گومانیان لەسەر چەمکی ئازادیی هەیە بۆ ئەو زیندانیانەی کە توانیان لەڕێگەی سەماوە جەستەیان بۆ ماوەیەک ئازاد بکەن."

هونەرمەندی ناوبراو لەدرێژەی وتەکانیدا ئاماژە بە ژنان دەکات و دەڵێت: "بەبۆچوونی من ئەرکی هەموو کەسێکە لە هەر کایەیەکی ڕۆشنبیریدا بێت ژنان نەک لە زیندان بەڵکو لە هەر کوێ بن بەسەریان بکاتەوە، بەڵام سەما نزیکترن چالاکیی جەستەیە کە مرۆڤەکان ڕاستەوخۆ دەخاتە ئێستاوە و لە ونبوون دەیانپارێزێت."

ڕوونیشیکردەوە: "باشترین ڕێکا بۆ جێبەجێکردن و فراوانکردن و بەسەماکردنی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان لە کوردستان، بەسەماکردنی ژیانی ئەو مرۆڤانەیە کە لە رۆخی پەراوێزخستندا ژیانیان دەگوزەرێت، چونکە ئەو کەسانە سوپەر مرۆڤی ڕاستین و سەما و هونەر دەتوانێت ژیانیان سەرلەبەر چارەسەر بکات و ببێتە بەشێک لە ژیانیان."








هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw