سولی ئۆن وێب
سازدانی: ئاراس عەبدوڵڵا
دوای ئەوەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە لە شاری سلێمانی وەک ناوەندێکی سەربەخۆ و ئەهلی، دوو فێستیڤاڵی ساڵانەی خۆی بەڕێوەبرد، لە ئێستادا ئەو ناوەندە ئامادەکاری دەکات بۆ بەڕێوەچونی سێیەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی خۆی. فێستیڤاڵی ئەمساڵی ئەندێشە لە ڕۆژانی ١٤ تا ١٦ی ١١ی ٢٠١٥ ڕۆژانە لە کاتژمێر ٢:٠٠ی پاشنیوەرۆ بەڕێوەدەچێت و بەگوتەی بەڕێوەبەری ناوەندەکەش فێستیڤاڵی ئەمساڵیان جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ دوو ساڵێ ڕابردوودا و فراوانتریشە. لەم گفتوگۆ کورتەدا هەژار مەجید بەڕێوەبەری ناوەندی ئەندێشە تەواوی زانیارییەکانی سێیەمین فێستیڤاڵی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە بۆ خوێنەرانی سولی ئۆن وێب دەخاتەڕوو:
فێستیڤاڵی ئەندێشە چییە؟
هەژار مەجید: فێستیڤاڵی ئەندێشە، فێستیڤاڵێکی ڕۆشنبیریی و هونەرییە، کە دەزگایەکی ئەهلی و سەربەخۆ ساڵانە ئەنجامی دەدات. بۆنەی فێستیڤاڵەکە ساڵیادی دامەزراندنی ئەندێشەیە وەک ڕووداوێکی گرنگ لە مێژووی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەم وڵاتەدا. ئەمەش تەنها بۆچونی ئێمە نییە و گەلێک لە ئەهلی ڕۆشنبیریی بەم جۆرە بیر دەکەنەوە.
جیاوازیی سێیەمین فێستیڤاڵی ئەندێشە
هەژار مەجید: ئێمە لە فێستیڤاڵی ئەکەم و دووەمدا ئەزموونمان کەم بوو و ناو بانگ و کاریگەرییەکانی ئەندێشەش کەمتر بوون. بەڵام ئەمساڵ زۆر جیاوازە. هەم ناو و ناوبانگ و کارەکانی ئەندێشە برەوی زیاتری پەیدا کردوە و هەم ئەزموونی کارکردنمان زیاتر بووە. ئەوەی لەم فێستڤاڵەی ئەمساڵدا جیاوازە و ئێمە پێی کەیف خۆشین، کوردستانی بوونی فێستیڤاڵەکەیە. ئەمساڵ لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە دەرەوەی وڵاتیش میوانی تایبەتمان هەیە. لە باکوور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و لە ئەڵمانیا و هۆڵەنداشەوە میوانمان هەیە. جگە لەوەش ئەمساڵ بڵاوکراوەیەکی تایبەتمان دەبێت تایبەت بە فێستیڤاڵەکە.
کەرنەڤاڵێک بۆ منداڵان و ٥٠ کتێب
هەژار مەجید: ڕۆژێک پێشەکی فێستیڤاڵمان دەبێت کە رۆژی جومعە ١٣/ ١١یە و تایبەت کراوە بە کەرنەڤاڵێک بۆ مناڵان و چەندین چالاکی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت و لەهەمان کاتدا نۆبەرەی منداڵی ئەندێشە کە ٥ کتێبی چیرۆکە بڵاودەکرێتەوە. کەواتە بەم ڕۆژەوە فێستیڤاڵەکە دەبێتە چوار ڕۆژ. یەکێکیتر لە جیاوازییەکان بڵاوکردنەوەی ٥٠ کتێبە کە لە مێژووی ڕۆشنبیریی کوردیدا ڕووداوێکی دەگمەنە و ئێمە لە یادمان نییە پێکەوە ٥٠ کتێب بڵاوکرابنەوە. نووسەر و وەرگێڕی کتێبەکان هەر سێ ڕۆژەکە ئامادە دەبن.
چالاکییەکانی ڕۆژی یەکەمی فێستیڤاڵ
هەژار مەجید: ڕۆژی یەکەمی فێستیڤاڵ کۆمەڵێک بەرنامەی جۆراوجۆری لە وتار، شیعر، ڕاپۆرتی ئەندێشە و موزیک تێدا دەبێت. هەروەها قسەکردنی چەند نووسەرێک کە بۆ یەکەمجار کتێبێان بڵاودەبێتەوە سەبارەت بە کتێبەکانیان. کۆتایی فێستیڤالەکەمان بە ئیمزای نووسەرەکان کتێبەکانیان بڵاودەبێتەوە. ئەوەی لە ڕۆژی یەکەمدا تایبەت دەبێت، ئەندێشە سێهەم بەرهەمی هونەریی خۆی بڵاودەکاتەوە کە نوێترین ئەلبوومی هونەرمەند بەهجەت یەحیایە، ئەم ئەلبومە ناوی (گەڵایەکم با هێناومی)یە و پێک دێت لە ٩ تراکت و ئەو ڕۆژە هونەرمەند ئامادە دەبێت و واژۆ لەسەر ئەلبوومەکەی دەکات. هەروەها کتێبێکی تایبەتیش سەبارەت بە ژیان و بەرهەم و نۆتە و شیعرەکانی بەهجەت یەحیا بڵاودەبێتەوە. یەکەمجارە ئەلبووم و کتێبێکی تایبەت بۆ هونەرمەندێک بڵاوبکرێتەوە و لە مەراسمێکی وا قەرەباڵغ و شایستەدا بڵاوبکرێتەوە. هەڵبەت کۆمەڵێک بەرنامەی تر هەیە، بەڵام ئەوەی باسمان کرد بەشێکی گرنگی ڕێوڕەسمی ڕۆژی یەکەمەوە.
ڕۆژی دووەمی فێستیڤاڵ بۆ بەختیار عەلی و حەلیم یوسفە
هەژار مەجید: ڕۆژی دووەمی فێستیڤاڵ تەرخان کراوە بۆ نووسەری ناودار بەختیار عەلی. هەڵبەت لەگەڵ نووسەرێکیتری ڕۆژئاوی کوردستان بە ناوی حەلیم یوسف. حەلیمیش ڕۆماننووسێکی ناودارە و یەکەمجارە ڕۆمانێکی ئەکرێت بە سۆرانی. کاتێک ماسییەکانی تینوو دەبن، دەبێتە یەکێکە لە شاکارەکانی ئەدەبی کوردی. ئێمە زۆر مەبەستمانە گرنگی بەم نووسەر گەنجە بدەین. هەر ئەو ڕۆژە هەم کاک بەختیار و کاک حەلیمیش لەسەر کتێبەکانیان قسە دەکەن. و دواتریش مەراسیمی واژۆکردنی بەرهەمەکانیان دەست پێدەکات. هەڵبەت ئەمانە بەشە گرنگەکانی فێستیڤاڵەکەیە. هەر هەر سێ ڕۆژدا چەندین بەرنامەی تر وەک پێشکەشکردنی فیلم و موزیک و شیعر مان هەیە.
ڕۆژی سێیەم، خەڵاتەکانی ئەندێشە و ئامادەبوونی بەختیار عەلی، بەهجەت یەحیا و عەدنان کەریم
هەژار مەجید: ڕۆژی سێهەمی فێستیڤاڵ جارێکیتر کاک بەهجەت و کاک بەختیار ئامادە دەبن و بە ئەگەری زۆر کاک عەدنان کەریمیش ئامادە دەبێت و هەر سێکیان ئیمزا لەسەر دواین کارەکانی خۆیان دەکەن. جگە لەمانەش وتاری کۆتایی ئەندێشە و مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکان بە رێوەدەچێت کە ١١ بواری جۆراوجۆرە وەک ڕۆمان، چیرۆک، شیعر، شێوەکاری، ژنی چالاک، ڕاگەیاندنکار، شانۆ، لێکۆڵینەوە، هزر، موزیک.
