(بۆننامە) ی شێرکۆ بێکەس لە فیستیڤاڵی سلێمانیدا

10/11/2015    22:28

(بۆننامە) ی شێرکۆ بێکەس لە فیستیڤاڵی سلێمانیدا 


Şano

سولی ئۆن وێب
 ئامادەکردنی: لاژە تەها

بڕیارە بەرواری ١٩ی ۱۱ی ۲٠۱٥ و ڕۆژانی دواتر، لە هۆڵی تەلاری هونەری شاری سلێمانی کاتژمێر ٤:.. ی پاش نیوەڕۆ، شانۆیی (بۆننامە) کە وەرگیراوە لە دەقێکی شیرکۆ بێکەس، لە دەرهێنانی عوسمان فارس نماییش بکرێت. کە تێیدا ڕوبار مارسیدس، نیاز لەتیف و سیروان صالح ڕۆل دەبینن، و حەمد بانەیی بە گۆرانی بەشداری دەکات، ئاواز و مۆسیقا بەختیار کەریم، ڕوناکی و دیکۆر فەرهاد عەبدوڵا، بەڕێوبەری شانۆ و دەرهێنان سیروان ساڵح، کاری دراماتۆرگیش لەلایەن ئازاد بەرزنجیەوە بەڕێوەدەبرێت.
سەبارەت بە کارەکە ڕوبار مارسیدس کە لەگەڵ نیاز لەتیف دا ڕۆڵی سەرەکی شانۆییەکە دەگێڕن، بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "شانۆییەکە پەیامێکی هەیە، لەگەڵ ئەمڕۆماندا گونجاوە، هەر بەتەنها واقیعیانە ئیشی تێدا نەکراوە، زۆربەی چەمك و ڕێبازەکان لەخۆ دەگرێت." هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ماوەی کارەکە ۳٠ خولەکە و تێیدا زمانی کوردی، عەرەبی و سویدی بەکاردێت، و ۳ بۆ ٤ ڕۆژ نماییشەکە بەردەوام دەبێت. وتیشی: "ئیشق و جوانی مامۆستا عوسمان فارس وایکرد من و دکتۆر نیاز بەشداربین لەم شانۆییە."
لە باسی کارەکەدا بۆ سولی ئۆن وێب نیاز لەتیف وتی: "گوتاری عوسمان فارس بە گشتی لە شانۆدا گوتارێکی ڕامیاریە، لە کارەکانیدا لۆژیکی سیاسی زاڵە بەسەر لۆژیکی هونەریدا، بۆ جۆرێک لە بە ئاگا بونەوەی وەرگر، و شۆڕ نەبونەوەی بۆ لایەنە هەستیارەکانی." هەروەها وتی: "شانۆییەکە زمانێکی شیعری هەیە، و ئێمە بە وێناکردن کارمان تێدا کردووە، بۆ ئەوەی کارێکی شانۆیی بە تامە شیعرییەکەی شێرکۆ بێنینە ئاراوە، کە زمانەکەی هەڵ ئەگرێت وێنای بۆ بکەی. هۆنراوە لای شێرکۆ یانی وێنا کردن، کە وشە بە دەستییەوە زەلیل بووە."
عوسمان فارس یەکێک بووە لەو هونەرمەند و مامۆستیانەی کە لە ساڵی هەشتاکانەوە کاری دەرهینانی شانۆیی دەکات، ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە بوژاندنەوە و بە ڕەوتکردنی هونەری شانۆ لە سلێمانیدا، پاش بەسەر بردنی ژیانێکی زۆر لە تاراوگە، دوای ۲٥ ساڵ گەڕاوەتەوە بۆ کارکردن لەسەر دوو شانۆیی لە یادی سلێمانیدا.







بە سوپاسەوە وێنەکان لە واڵی عوسمان فارسەوە وەرگیراوە.









هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw