پشتیوان کەمال
فیلمی ئەنیمەیشنی "چاتۆڵ" لە نووسین و دەرهێنانی ئازا یوسف و کامێرا و دەرهێنانی سەباح ناسڕی بەرهەمهێنرا. ئەم کورتە فیلمە ئەنیمەیشنە ماوەکەی ٣ دەقیقەیە و بەرهەمی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە و لەشاری سنە کاری ئەنیماتۆری بۆ ئەنجامدراوە.
چاتۆڵ ئەو بوکەڵەیەیە کە لە زەوییە کشتوکاڵیەکاندا دادەنرێت تاوەکو کشتوکاڵەکە لە باڵندەکان بپارێزێت و نەهێڵێت باڵندەکان بەرهەمە کشتوکاڵیەکان بخۆن. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگاشدا هێشتا ئەم بوکەڵەیە هەر بەکاردێت و گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە. ئازا یوسفی دەرهێنەری کورد و نووسەری چیرۆکی منداڵان فیلمێکی ئەنیمەیشنی کورتی دەربارەی ئەم بوکەڵەیە دروستکردووە.
ئازا یوسف دەڵێت، "ئەم کارە سەرەتا چەند چیرۆکێک بوو بۆ منداڵان، هەوڵمدا بیکەمە زنجیرەیەک و بڵاوی بکەینەوە بەڵام نەمانتوانی." بیرۆکە و چیرۆکەکە لە نووسینی ئازا یوسفە و کارەکتەری ئارام هەر خۆی ڕۆڵی دەگێڕێت. سالار کازمی کاری ئەنیماتۆری فیلمەکەی ئەنجامداوە لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
دەنگ هەڵگری فیلمەکە حەمید سەبا کاری تێداکردووە. کاری مۆدێلینگیش زانیار ڕەحیمی و موحسین موراد ئەنجامیان داوە. بەڕێوەبەری هونەری کارەکە عەبدولوەهاب شوانیە و بەڕێوەبەری بەرهەمیش نیان ئەحمەدە. کورتە فیلمەکە ماوەکەی ٣ دەقیقەیە و بەرهەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری-بەڕێوەبەرایەتی زنجیرە کتێبی منداڵانە.
ئازا یوسف نووسەری بواری منداڵانە و ئەمە یەکەمین کاری دەرهێنانیەتی لە بواری ئەنیمەیشندا، بەڵام پێشتر دوو سیناریۆی بۆ کورتە فیلم نووسیووە و کراوەتە فیلم. تا ئێستا چەندین کتێبی منداڵانی بڵاوکرۆتەوە. لە ئێستاشدا سەرنووسەری گۆڤارێکی منداڵانە بەناوی "جۆلانێ".